"دەنگ هەڵات" تایبەت بە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییە

کورتە فیلمێک بەناوی "دەنگ‌ هەڵات" لەسەر شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"ی بەرهەم دەهێنرێت و بڕیارە لە ساڵیادی سەرهەڵدانەکانى ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا بڵاو بکرێتەوە.

 

ناوەندی هەواڵ- ئەیلولی ساڵی ڕابردوو ژینا ئەمینی خەڵکی سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبیانووی باش نەپۆشینی حیجاب لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتییەوە لێیدراو گیانی لەدەستدا، دواتر ڕاپەرین بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستیپێکردو سەرەڕای هەوڵەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەرکوتکردن تا ئێستاش ڕاپەرین بەردەوامە.

بە نزیکبوونەوە لەو ساڵیادە، کورتە فیلمێک بەناوی "دەنگ‌ هەڵات" بەرهەم دەهێنرێت و بڕیارە لە ساڵیادی ڕاپەرینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا بڵاو بکرێتەوە، کورتە فیلمەکە لەلایەن هەردوو دەرهێنەر فریا یونس و هەوار فارسەوە کاری دەرهێنانی بۆ کراوە.

 فیلمەکە باس لە چیرۆکی دوو قوربانى ناو شۆڕشی ژینا ئەمینی دەکات، کە لە کاتی شۆڕشەکەدا دەیانەوێت سروودێک بۆ شۆڕشگێڕان بنووسن، بەڵام دەستگیر دەکرێن و لە زیندان، ئەشکەنجە دەدرێن و دەستدرێژی دەکرێتە سەریان.

ژمارەیەک ئەکتەری بەتواناش تێیدا بەشدارن لەوانەش نیکوان قادری و دڵنیا وەیسی  و دڵنیا لوتفی، بڕیاریشە بەم نزیکانە، پڕۆمۆی فیلمەکە بڵاو بکرێتەوە.