دەم پارتی: ئەنفال لە ویژدانی هەموو مرۆڤایەتییدا برینێکی قوڵی درووستکردووە
دەم پارتی لە ٣٧هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئەنفالی گەلی کورد لە باشووری کوردستان ڕایگەیاند، ئەم کۆمەڵکوژییە نەک تەنها لە ویژدانی گەلێکدا، لە ویژدانی هەموو مرۆڤایەتییدا برینێکی قوڵی درووستکردەوە.

ناوەندی هەواڵ
کۆمسیۆنی گەل و باوەڕییەکانی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان "دەم پارتی"، لە ٣٧هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئەنفال ڕاگەیەندراوێكی بە ناونیشانی “کۆمەڵکوژییەکانی ئەنفالمان لە بیرنەکردووە، لە بیریشی ناکەین”، بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکرد، ١٤ـی نیسانی ١٩٨٨ لە یادگەی گەلی کوردا بە ڕۆژێکی ڕەش تۆمار کرا، بە فەرمانی ڕژێمی سەدام حسێن، بە هاوکاری هێزە باڵادەستەکان و پێشەنگایەتی دەوڵەت پیلانی لە ناوبردن و کۆمەڵکوژی بە ناوی ئەنفالەوە جێبەجێکرا.
ڕاشیگەیاند، هەزاران کورد بە چەکی کیمیایی بە شێوەی زۆر دڕندانە شەهید کران، گوندەکان کاولکران و کوردان لە گۆڕی بە کۆمەڵدا زیندە بەچاڵ کران، ئەم کۆمەڵکوژییە نەک تەنها لە ویژدانی گەلێکدا، لە ویژدانی هەموو مرۆڤایەتییدا برینێکی قوڵی درووستکردەوە.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەی دەم پارتی ئەوەش هاتووە، ئەنفال تەنها ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نەبوو، ئەنفال کارێکی قڕکردنبوو کە زمان، کەلتوور، مێژوو و داهاتووی گەلی کوردی بە ئامانج گرت، ئامانجی ئەنفال لە سڕینەوەی گەل بوو لەسەر نەخشە، ٣٧ ساڵ تێپەڕیوە، ئازار و توڕەییمان زیندووە، دەبێت بەرپرسانی کۆمەڵكوژییەکان نەک تەنها لە بەردەم مێژوو، بەڵكو لە بەردەم مرۆڤایەتی و یاسادا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، دەبێت ئەم تاوانە بەبێ سزا نەمێنێتەوە، دادپەروەری بە دی بێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: وەک دەم پارتی؛ کە باوەڕمان بە پیرۆزی مافی ژیان، یەکسانی گەلان و ئیرادەی ژیانی شکۆدارانەیە، هەموو قوربانییەکان کە لە کۆمەڵکوژییەکانی ئەنفالدا شەهید بوون بەڕێزدارییەوە بە بیردێنینەوە، لە لێگەڕینی یاسایی و دادپەروەرییدا لە تێکۆشانمان بەردەوام دەبین، لە بیرمان نەکردووە، لە بکەرانی خۆشنەبووین، لە بیریشی ناکەین.