کۆمیسیۆنی پەنابەران و کۆچبەرانی دەم پارتی چەند داواکارییەکی خستەڕوو
دەم پارتی ڕایگەیاند کە کۆچبەران لە تورکیا لە زۆر ڕووەوە ڕووبەڕووی ستەم و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دەبنەوە و داوایکرد کۆتایی بە ستەم و سیاسەتی جیاکاری بهێنرێت.
ناوەندی هەواڵ
دەم پارتی لەراگەیەندراوێکدا تایبەت بە ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی کۆچبەران، ئاماژەی بەوەکردووە، بە دوای ئەوەی "پەیمانی نێونەتەوەیی بۆ پاراستنی مافی خێزان و کرێکارانی کۆچبەران" لە ساڵی ١٩٩٠ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەندکراوە، ١٨ـی کانوونی یەکەم وەک ڕۆژی جیهانیی کۆچبەران ڕاگەیاندراوە. هەروەها تیشکخراوەتە سەر ستەم و نەژادپەرستی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەرانبەر بە کۆچبەران لە تورکیا.
ئەوەشیخستەڕوو، ملیۆنان کۆچبەر لە تورکیا بەهۆی سیاسەتی کۆچبەری دەسەڵاتی سیاسییەوە کە پشت دەبەستێت بە تێگەیشتنی ئەمنی و جیاکاریی و لایەنگریی سەرمایە، لەنێو سیستەمێکی چەوسانەوەدا گیریان خواردووە. کۆجبەران وەک هێزێکی هەرزانی کارکردن بەکاردەهێنرێن و ڕووبەڕووی دوژمنایەتی و نەژادپەرستی دەبنەوە.
کۆمیسیۆنی پەنابەران و کۆچبەرانی دەم پارتی ئەم داخوازییانەی خستەڕوو:
- دەبێت کۆچبەران هەموو مافێکی سەلامەتی و یاساییان هەبێت.
- کەمپی کۆچبەران و ناوەندەکانی دیپۆرتکردنەوە دابخرێن.
- ستەمکردن لە ڕەنجی کۆچبەران کۆتایی بێت، مافە سەندیکاییەکان و بیمە پارێزراوبێت.
- پێویستە میکانیزمی تایبەت بۆ پاراستنی ژنە کۆچبەرەکان دابنرێت، دوور لە هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوە.
- خزمەتگوزاریی تەندروستی بەبێ بەرامبەر پێشکەش بکرێت.