ژنانی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزەکەی مەغریب چاوەڕێی یارمەتین

لەگەڵ نزیکبوونەوەی زستان، ئەو ژنانەی لە ناوچەی ئەلحوز لە بوومەلەرزەکەی مەغریب ڕزگاریان بووە، مەترسی لەسەر چارەنووسیان هەیە و ڕێگاکانی گوندەکان زۆر خراپن بۆ گەیشتنی یارمەتییەکان.

ڕەجا خەیرات

 

مەغریب- ژنان لە هەرێمی ئەلحوز سەرەڕای ئەو بارودۆخە سەختەی دوای بوومەلەرزەکەی ٨ی ئەیلوول ڕوویدا، هەوڵدەدەن لە ژێر چادرێکی دوور لە ماڵە وێرانەکانیان بژین و چاوەڕێی ئەوە دەکەن بیناکانیان نۆژەن بکرێنەوە و بگەڕێندرێنەوە ماڵەکانیان.

 

لە گوندی تەدشەرەت لە هەرێمی ئەمزمز کە یەکێکە لەو ناوچانەی کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی بوومەلەرزەکەوەو بووە هۆی گیان لەدەستدانی دوو هەزارو ٩٤٦ کەس و برینداربوونی ٥ هەزارو ٦٧٤ کەس، ژنان لەگەڵ منداڵەکانیاندا وەستاون چاوەڕێی بارهەڵگرەکانی تۆڕی ئاردین دەکەن، بەهۆی سەختی ڕێگاکەوە، یارمەتییەکی زۆر کەم وەردەگرن، ئەمەش بەربەست و ئازاری ئەو ژنانە زیاد دەکات.

 

"لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا دەژین"

فەتیحە بوهداج، کە لە بوومەلەرزەکە ڕزگاری بوو، ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان لەگەڵ منداڵەکانیان لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا دەژین، کەشوهەوای ڕۆژ زۆر گەرمە، ناتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر لەوێ بمێننەوە وتیشێ: منداڵان لە خوێندن دابڕاون و لەژێر تیشکی خۆری ڕۆژدا سووتاون، نازانین ئەم بارودۆخە تا چەند بەردەوام دەبێت، لەماڵەکانی خۆماندا لەگەرمای هاوین و سەرمای زستان پارێزراو بووین، نەماندەزانی کە ئەم بارودۆخە چاوەڕێی ئێمە دەکات، زۆربەی یارمەتییەکان ناگەنە گوندەکە بەهۆی سەختی ڕێگا شاخاوییەکان، بۆیە ژنان دەبێت نانی خۆیان بە سەختی بدۆزنەوە.

 

"پێویستە ڕێگاوبانەکان بۆ گەیشتنی هاوکاری بە خێرایی دروست بکرێن"

ئایشە ئەیت تاڵیب ئاماژەی بەوەکرد، زۆربەی خەڵکی گوند و گوندەکانی دەوروبەری ناتوانن بە شێوەیەکی ئاسایی بن لە ترسی بوومەلەرزەکە، ئەوان بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە لەماڵەکانیان نەماون، بەڵام هەستیان کرد کە چەند مانگێکە لە چۆڵەوانیدا بوون و وتی: جلوبەرگ و کەلوپەلەکانمان لە ماڵە وێرانبووەکانماندا جێهێشت، دەترسین بچینە ناو ماڵەکانمان تەنها هەندێک نان و جلوبەرگ بەسە بۆ ئێمە، نازانین ئەم دۆخە تا چەند بەردەوام دەبێت، داوا دەکەم ڕێگاکانی گوندەکان چاک بکرێنەوە بۆ ئەوەی یارمەتییەکان بگاتە گوندەکە، بەتایبەتی کاتێک وەرزی زستان نزیک دەبێتەوە، بەفر دەبارێت و ڕێگاکانی گوندەکە دەبڕدرێن، لە ئەنجامدا ئازاری ژنان و منداڵان زیاد دەکات، پیاوان لە گوندەکە هەندێک جار دەچنە دەرەوەی گوندەکە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان، بەڵام ژنان تەنها دەتوانن بڕۆن بۆ چارەسەر، چونکە ژیانی ژنان قورستر بووە.

 

"هەوڵ دەدەین ژیانێکی نوێ دروست بکەین، بەڵام ناتوانین"

فاتیمە ئەیت بەلا، کە قوربانی بوومەلەرزەکەیە، ئاماژەی بەوەکرد، ژیانی ئەو و هەموو ژنانی گوندەکە ئاسایی نین و وتی: ئێمە درێژایی ڕۆژەکەمان لە ماڵەکانمان و لە چادردا بەڕێدەکەین، بەهۆی گەرمایەکی زۆرەوە، ناتوانین لەژێر چادردا بمێنینەوە، بەڵام ناچارین لەوێ بژین، ژیان لێرە زۆر قورس بووە، هەتا ئەتوانین، هەوڵ دەدەین بەشداری ژیانێکی نوێ بکەین، بەڵام ناتوانین،  کاریگەرییەکانی ترس هێشتا ماون، هەندێک جار بە ئارەقی سارد لەخەو هەڵدەستم لە ترسی ئەوەی ڕەنگە منداڵەکانم لەدەستدابێت، ناتوانم ئەوە لەبیر بکەم کە ڕوویدا، شەوێکی زۆر سەخت بوو بۆ هەموومان، ئێمە لە خەونێکدا دەژین، هیوادارین زوو بەخەبەر بێین.

 

"دۆخی ئێستا زۆر قورسە"

زەهرا ئەیت موبارەک، ژنێکی بەتەمەن کە لە بارودۆخی ئێستادا ڕووبەڕووی چەندین زەحمەتی بووەتەوە، وتی: من لە خەوی بیابان ماندووم، چیتر ناتوانم بەرگەی ئەم بارودۆخە بگرم، ژنێکی بەتەمەنم کە لێرە زیاتر ماندووم، هەوڵ دەدەین بەشداری ژیانێکی نوێ بکەین، بەڵام ئەوە سەختە، کاتێک شەوی بوومەلەرزەکەم بیر دێتەوە، هەست دەکەم دڵم دەوەستێت.