ژنانی بەلوچستان داوای ئازادی و دادپەروەری بۆ وریشە مورادی دەکەن

بزووتنەوەی ژنانی بەلوچستان، ڕفاندنی وریشە مورادی، ئەندامی کژار لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕژێمی ئێرانەوە سەرکۆنە دەکەن و داوای ئازادی و دادپەروەری بۆ ئەم چالاکە سیاسییە و هەموو چالاکە سیاسییە ژنەکان دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

بزووتنەوەی ژنانی بەلوچستان ڕاگەیەندراوێکیان لە بارەی وریشە مورادی، چالاکوانی سیاسی و ئەندامی کژار بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، وەک بەشێک لە بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی بەلوچ ئەرکی ئەوان تێکۆشان و بەرەنگاربوونەوەی ستەم و چەوساندنەوەیە و لە هەمان کاتدا هاوسۆز و پشتیوانی خوشکە کوردەکانیان، چالاکوانانی مافەکانی ژنان و سەرجەم ئەو کەسانەن، لەپێناو دادپەروەریی، ئازادیی و یەکسانیدا تێدەکۆشن، بۆیە داوای ئازادی و دادپەروەری بۆ وریشە مورادی دەکەن.

 

بزووتنەوەی ژنانی بەلوچستان ڕایانگەیاند، دەستبەسەرکردنی نایاسایی و ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی وریشە مورادی، بەرگریکاری مافەکانی ژنان لە کوردستان و ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە شەرمەزار دەکەن، ئەو زانیارییانەی لەبارەی ئەشکەنجەی قورس و هەڵسوکەوتی خراپ بەرامبەر وریشە مورادی لە کاتی دەستبەسەریدا بە دەستیان گەیشتووە، یەکجار مایەی نیگەرانییە، بۆیە داوای دەستبەجێ ئازادکردنی ئەو چالاکوانە کوردەی دەکەن.

 

وێڕای دووبارە شەرمەزارکردنی ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی وریشە مورادی، ژنانی بەلوچستان داوایان لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کردووە، کە دەستبەجێ دەستوەردان لەو بابەتەدا بکات و هەوڵەکانی بۆ ئازادکردنی ئەو ئەندامەی کژار بخاتە گەڕ.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی پێشووی کژار ڕۆژی ١ـی ئابی ٢٠٢٣، ئەندامێکیان بە ناوی وریشە مورادی بە ناسناوی "جوانا سنە"، کە سەرقاڵی بەڕێوەبردنی کۆمەڵێک کاروباری سیاسیی و ڕێکخستنی پێوەندیدار بە ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، لە نزیک شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێران ڕفێندراوەو بۆ شوێنێکی نادیار ڕفاندووە، زیاتر لە دوو مانگە هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووسی وریشە مورادییەوە نییە و کەسوکار و پارێزەرانی لە هەوڵی چڕدان بۆ ئاشکرا کردنی دۆخی تەندروستی و سەلامەتیی وریشە مورادییەوە.