تەڤگەری سیاسی فێمینیستی سووریا بۆ پێشکەوتنی ژنانە
ڕەویا شامەر، پارێزەر و ئەندامی سکرتاریەتی گشتی تەڤگەری سیاسی فێمینیسی سووریا، ڕایگەیاند، تەڤگەرەکەیان لە دژی کەمکردنەوەی ڕۆڵی ژنان و دوورخستنەوەیان لە کایەکانی ژیاندا بنیات نراوە و لەسەر بنەمای گەشەپێدانی ژنان خۆی بەهێزتر دەکات.

لەمیس ناسر
دیمەشق (شام)- تەڤگەری فێمینیستی لە سووریا زۆر کۆنە، بەڵام ڕژێمی بەعس کاریگەری لەسەر تەڤگەرەکە هەبووە و بە دەسەڵاتی خۆیەوە بەستەویەتیەوە، هەروەها لەگەڵ شۆڕشی سووریا و گروپە جیهادییەکان کە دەستیان بەسەر چەند ناوچەیەکدا گرت، ڕۆڵی ژنان پشتگوێ خرا و کەمکرایەوە، هەرچەندە دەنگ و ڕۆڵی ژنان سەرکوت کرا، بەڵام ژنان خەباتی خۆیان ڕانەگرت و هەوڵیاندا بەشێک بن لە چارەسەری کێشەی سووریا، یەکێک لەو ڕێکخراو و تەڤگەرانە، تەڤگەری سیاسی فێمینیستی سووریا بوو.
'تەڤگەری سیاسی فێمینیستی سووریا لە دژی کەمکردنەوەی ڕۆڵی ژنان دامەزرا'
ڕەویا شامەر لە سەرەتای وتەکانیدا سەرنجی بۆ ئامانجی دامەزراندنی تەڤگەری سیاسی فێمێنیستی سووریا ڕاکێشا و وتی: نەڤگەرەکە لە دژی کەمکردنەوەی ڕۆڵی ژنان و دوورخستنەوەیان لە ناوەندی سیاسەت دامەزراوە، تەڤگەرەکە لە ساڵی ٢٠١٦-٢٠١٧ سەریهەڵداوە، بەڵام کۆنگرەی دامەزراندنی ئەم تەڤگەرە له تشرینی یەکەمی ساڵی ۲۰۱۷ بە بەژداری ۲٨ ژنی فێمینیست ئەنجامدرا و لە کۆنگرەکەدا تەڤگەری سیاسی فیمینیستی سووریا دامەزرا، لە ئێستادا تەڤگەرەکە ڕۆڵێکی سەرەکی لە پڕۆسەی سیاسی لە سووریادا دەگێڕێت و کاری سیاسی لەنێو ژناندا بەهێزتر دەکات.
'بۆچوونی ژنان کاری تەڤگەرەکە بەهێزتر دەکات'
ڕەویا شامەر ڕایگەیاند، تەڤگەریی سیاسی فێمینیستی سووریا هەوڵدەدات ڕۆڵی ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەهێزتر بکات، ژنان بخاتە ناو پۆستی بڕیاردان و جێبەجێکردنی سیستەمی پشکەکان کە لەسەدا ٣٠ ژنان لەخۆ بگرێت، هەروەها کار بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان و بەدەستهێنانی یەکسانی دەکات و وتیشی: پێویستە ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگەدا کارا بێت، ژنان خاوەنی سەرچاوە و زانیارین بۆ ئەوەی بە ئاسانی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا جێگەی خۆیان بگرن، بۆیە پێویستە هەموو ژنان لە کۆمیتەکانەوە بەشداری کۆنگرەی گشتی بکەن، ئێمە بەرنامەی زۆرمان هەیە، لەوانە ڕاوێژی نیشتمانی، کە تەڤگەرەکە خۆیی لەسەر بنیات دەنێت، ئەندامانی ئەم تەڤگەرە لە ناوچەکانی خۆیاندا لەگەڵ ژنان گفتوگۆ دەکەن، ئەم ناوچانەش وەک سوەیدە، تارتووس و قامیشلۆ، ئەوان بەهۆی تێڕوانینی ژنانەوە تەڤگەرەکە بەهێز دەکەن.
'پێویستە هەمووان بەشداری لە بنیاتنانی سووریادا بکەن'
ڕەویا شامەر پەیامی خۆی ئاراستەی هەموو ئەو ژنانەی سووریا کرد کە لە کاری سیاسی دەکشێنەوە و ڕایگەیاند: ژنان و پیاوان بەهۆی هەژموونی دەوڵەت و سەرکوتکردنی هێزە ئەمنییەکان لە کەمبوونەوەی چالاکییە سیاسییەکان ڕزگار نەکراون، بەڵام دەبێت سوود لەم قۆناغە وەربگرین، هیوادارین کە کردنەوەی گفتوگۆ هەبێت و هەموو بۆچوونەکان بە بێ ترس قبووڵ بکرێن، بەو پێیەی خاکی سووریا بەپیت و هەمەجۆرە، هەموو لایەک مافی بەشداری لە بنیاتنانی داهاتووی سووریادا هەیە.