کۆیە، وۆرکشۆپێك بە ناونیشانی تاكێكی دەرووندروست و كۆمەڵگەیەكی ئاسوودە پێشکەشکرا
لە هۆڵی سەرۆکایەتی زانکۆی کۆیە وۆرکشۆپێك بە ناونیشانی تاكێكی دەرووندروست و كۆمەڵگەیەكی ئاسوودە پێشکەشکرا، کە باس لە جەنجاڵییەکانی ژیان و کاریگەرییەکانی لەسەر تاک دەکرد و ڕێگاکانی دەربازبوون لە ناتەندروستبوونی دەروونی خرایەڕوو.
کۆیە
لە هۆڵی سەرۆكایەتی زانكۆ بەشی پەروەردە و دەروونزانی زانكۆی كۆیە، وۆرکشۆپێكی بە ناونیشانی "تاکێکی دەرووندروست و کومەڵگەیەکی ئاسووده" ڕێكخست، كە ژمارەیەك لە مامۆستایانی زانكۆ بە وتاری تایبەتمەند و بەسوود بەشدارییان تیادا كرد.
جوان بەهائەدین عەلی پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بارەی وۆرکشۆپەکەوە بۆ نوژنها وتی: وەک مامۆستایانی بەشی پەروەردەو دەروونزانی زانکۆی کۆیە، وۆرکشۆپێکمان ڕێکخستووە کە تیایدا دەمانەوێت باسی دەرووندروستی بکەین، هەروەها مەبەستمانە بیبەستینەوە بە جەنجاڵییەکانی سەردەم، چونکە مرۆڤی ئێستا هێندە ماندووە و پێویستی بەوەیە دەست بخەینە سەر هەندێ لە برینەکانیان و پێیان بڵێین تۆی مرۆڤ خەریکە دەرووندروستیت بەهۆی ئەو هەموو جەنجاڵییەی کە هەیە لەدەست دەدەیت، هەڵبەت جەنجاڵییەکانی ژیانیش زۆرن، وەک زۆربوونی کەلوپەلی پێویست و ئۆتۆمبێل مۆدیلەکانی سەردەم و...هتد، ئەوانەش وایانکردووە شێوازی ژیان بگۆڕێت و جەنجاڵی دروست بکات.
مامۆستا باخان بەختیار بۆ نوژنها وتی: ئەم جۆرە وۆرکشۆپانە گرنگن بۆ هەموو تاکێک لەناو کۆمەڵگەدا، بە تایبەت پەیوەندی گرنگی هەیە بە ژنانەوە، چونکە بەپێی توێژینەوەکان لە جیهان و لە کوردستانیش ژنان زیاتر تووشی کێشەو گرفتەکانی دەرووندروستی دەبن، بۆیە ئەو وۆرکشۆپە گرنگە بۆ ئەوەی کاتێک تاک تووشی گرفت دەبێت، بزانێت چۆن مامەڵەی دروست بکات و چۆنیش چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە.
جێگەی ئاماژەیە هەریەك لە پ. ی. د. خالید ئیسماعیل مستەفا، بە وتارێك بەناونیشانی ئاسوودەیی دوور نییه، پ. ی. د. جوان بەهائەدین عەلی بە وتارێك بەناونیشانی دەرووندروستی لە سەردەمی جەنجاڵیدا، د. هاژه تەها محەمەد بە وتارێك لەژێر ناونیشانی تەكنیكەكانی خاوبوونەوه له گرژییەکانی ژیان و مامۆستا باخان بەختیار بە وتارێك لەژێر ناونیشانی چەند هەنگاوێکی ساده بۆ دەرووندروستی، لەم وۆركشۆپەدا بەشدار بوون.