"ژنانی ئەفغانستان پلانێکی نوێی چالاکییەکانیان دژی تاڵیبان دەستپێکرد"

زیاتر لە ١٣٠ ژنی ئەفغانستان کە لە ئارناڤوتلوک کۆبوونەوە، کۆبوونەوەکەیان وەک مەیدانێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوە دژی تاڵیبان هەڵسەنگاند و پلانی چالاکیەکانیان ڕاگەیاند.

ناوەندی هەواڵ

 

زیاتر لە ١٣٠ ژنی ئەفغانستان کە پەنابەرن لە ئێران، کەنەدا، ئینگلتەرا و ئەمریکا لە دژی هێرشەکانی تاڵیبان بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ لە ئارناڤوتلوک کۆبوونەوە.

 

فەوزییە کوفی، یەکێک لە ڕێکخەرانی کۆبوونەوەکە، چالاکوان و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئەفغانستان ئاماژەی بەوەدا کە ژنان بۆ بەهێزبوون و دیاریکردنی ستراتیژییەکان کۆبوونەوە و وتی: لەم سێ ڕۆژەدا ژنان لە هەموو سێکتەرەکانی ئەفغانستان بۆتاوتوێی ئەو سیناریۆیانە کە گۆڕانکاری لەگەڵ خۆی بهێنێت، هێزتان بکەنە یەک و پێکەوە کۆببنەوە. دەمێکە کە دەڵێن لە ئەفغانستان ژنان بە تەواوی لە کایەی گشتی دوور خراونەتەوە، ئامانجمان گەیشتنە بە بۆچوونێکی یەکگرتوو و بنیادنانی ستراتیژێک لەسەر پرسەکانی "چۆن تاڵیبان بەرپرسیار دەبێت لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ" و "چۆن دەتوانرێت باری ئابووری ژنان لە وڵاتدا باشتر بکرێت".

 

"ئێمە بێدەنگ نابین"

حەمیدە کارزای، یەکێک لە وەزیرەکانی پێشووی ئەفغانستان کە ئێستا لە بواری یارمەتییە مرۆییەکان کار دەکات، کۆبوونەوەی ژنانی وەک شوێنێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوە بەرز نرخاندووە.

 

سەما غەنی کە لە ئەفغانستان دەژی، وتی: بێدەنگ نابین، ژنان و کچانی ئەفغانستان ژیانێکی ڕۆژانەی ترس و دڵەڕاوکێ دەژین، دەرکەوتن لە ماڵ بە تەنیا ترسناکە، جیهان تێدەپەڕێت بەڵام هەموومان لێرەین پێکەوە، بە دڵنیاییەوە کە لەبیر نەکراوین، هەموومان لێرە نین بۆ ئەوەی یەک بۆچوونمان هەبێت، بەڵکو بۆ قسەکردن و گفتوگۆکردن و هیوادارین بە دەنگێکی یەکگرتوو کۆتایی پێبهێنین.

 

لە کۆتایدا پلانی دەرکردنی پێشنیارێک یان زنجیرەیەک داواکاری لەسەر تەوەری "چۆن ژنان دەیانەوێت وەڵامی هێرشەکانی تاڵیبان بدەنەوە بۆ سەر ماف و ئازادی خۆیان" کرا.