زانیاری نوێ لەسەر تەرمی ئەو ژنەی "بەسووتێنراوی خرابووە ژێرگڵ" بڵاودەکرێتەوە

ژنێکی تەمەن ٤٧ ساڵ دوای نزیکی ١٠ ڕۆژ لە دیارنەمانی لەلایەن جوتیارێکەوە و لە کاتی زەوی کێڵان لە نزیک شارۆچکەی دوکان دۆزراوەتەوە و کچێکیشی لە ڕێگەی ملوانکەکەیەوە ناسیویەتییەوە کە دایکیەتی.

سلێمانی

 

هەفتەی ڕابردوو هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی ڕاپەرین ئاگادارکرانەوە کە تەرمێک هەیە لە نزیک بەنداوی دوکان لە خوارووی ڕانیە، بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس تەرمەکە ژنە و بە سوتێندراوی خرابووە ژێرگڵ.

 

لە نوێترین زانیارییدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەرین بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە کە ئاسەواری ئەشکەنجە بە گیانییەوە هەبووە و دوای سوتاندنی لە ناوچەیەکی دوورەدەست نێژراوە و دوای دۆزینەوەی تەرمەکە، کچەکەی لە ڕێگەی ملوانکەکەی ملیەوە ناسیویەتییەوە کە دایکیەتی.

 

ژنەکە، ناوی ناسکە قادر پیرۆتە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٦ە، خاوەنی پێنج منداڵ بووە و دانیشتووی شارۆچکەی چوارقوڕنە بووە، هەر بەپێی وتەکانی پۆلیس، ڕووداوەکە تاوانکاری بووە، بەڵام هۆکارەکەی ڕوون نەبووەتەوە و لە ئێستادا چاوەڕوانی ڕاپۆرتی پزیشکی دادی سلێمانی دەکەن بۆ زانیاری زیاتر لەسەر شێوازی گیانلەدەستدانەکەی.

 

بەرپرسێکی ئاسایش ڕایگەیاندووە کە تەرمی ژنەکە ۲۳/۱۱/۲۰٢۲ دۆزراوەتەوە و پێشتر بنەماڵەکەی نزیکەی ٩-١٠ ڕۆژ لەسەر دیارنەمانی هەواڵیان دابوو بە پۆلیس و ئاسایش، بەرپرسەکە خۆی یەکێک بووە لەو کەسانەی تەرمەکەی بینیوە و وتویەتی: "ئەوە نەک بە تەنها تاوانێکی کوشتنی ئاسایی بووە، بەڵکو کوشتنەکە زۆر جیاواز بووە بەشێوەی ڕق و تۆڵە لێکردنەوە کوژراوە و دەستێکی شکاوە، بەشێوەیەکی وەحشییگەرانە ئەم تاوانەی بەرامبەر کراوە، جگە لەوە سوتێنراوە و خراوەتە ژێرگڵ بەمەبەستی شاردنەوەی تاوانەکە، کە بەمە دووجار توندکردنی سزای مادەی (٤٠٦)ی بەسەردا دەچەسپێت.

 

ئاماژە بەوەشکراوە کە لەسەر دۆسیەی کوشتنی ناسکە قادر، دادوەر چەند کەسێکی نزیکی ئەو خانەوادەیەی دەسبەسەرکردووە بۆ پرسیار و لێکۆڵینەوە، چونکە هیچ گومانێکی تر نییە لە هیچ کەسێک، تەنانەت کەسوکارەکەشی وتوویانە "ئێمە کێشەمان نییە و نەبووە لەگەڵ کەس."

 

ئەندامێکی خانەوادەکەی ناسکە وتویەتی: "پێنج کەسی نزیکی ژنەکە، دوو برای، هاوژینەکەی، برای هاوژینەکەی، کوڕەکەی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراون. نازانین بۆچی ئەوانییان دەستگیرکردووە، هەموو ڕۆژ دەچین بۆ ئاسایش زانیاریمان بدەنێ بەڵام ئەوە چەندەیە ئەو ڕووداوە ڕوویداوە تا ئێستا نەیانتوانیووە سەرەداوێک دەسبخەن".

 

وەک ئەو زانیارییانەی دەنگی ئەمریکا بڵاوی کردووەتەوە، ناسکە قادر بە خێزانەکەی وتووە دەچێت بۆ بازاڕ شتومەک دەکڕێت، دواتر تەلەفۆنیشیان بۆ کردووە وتویەتی وادەگەڕێمەوە، بەڵام ئێوارە داهاتووە نەگەڕاوەتەوە و تەلەفۆنەکەشی داخراوە.

 

لە ماددەی ٤٠٦ی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ی هەموارکراو هاتووە، سزای تاوانەکانی کوشتن و کوشتنی بە ئەنقەست، زیندانی هەتاهەتایی بۆ بکەر یان لەناوبردن (سێدارە) دەبێت لە بارە جیاوازەکانی تاوانی کوشتندا.