چەتەکانی دەوڵەتی تورک هێرش دەکەنە سەر بەهاکانی گەل

ژنانی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەڵوێستی خۆیان لە دژی کردەوەکانی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک لە مەنبجی داگیرکراو دەربڕی و ڕایانگەیاند: بە لەناوبردنی گۆڕی شەهیدان، دەیانەوێت تۆڵەی داعش بکەنەوە.

سیلاڤ ئیبراهیم

 

ناوەندی هەواڵ- چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورکیا لەو کاتەوەی کانتۆنی مەنبجیان لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داگیرکردووە، دەستیان بە ئۆپەراسیۆنەکانیان کردووە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر چەتەکان لە مەنبجی داگیرکراو گۆڕستانی شەڕڤانانیان وێران کرد کە پیرۆزترین بەهاکانی کۆمەڵگان.

خەڵکی ناوچەکە توڕەیی خۆیان دەربڕی و سەرپێچی و پێشێلکارییەکانی چەتەکانیان بۆ سەر گۆڕی شەهیدانیان شەرمەزار کرد، دایکانی قوربانیان و ژنانی کۆچبەر سەبارەت بەو کردەوانە قسەیان لەگەڵ دەزگاکەمان کرد و ئیدانەیان کرد.

 

'کارەکانی داگیرکەران ناتوانێت کاریگەری لەسەر بەرخۆدانمان هەبێت'

یوسرا محەمەد شەریف، دایکی شەڕڤان نەسرین (نودا)یە کە لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی مەنبج لە ساڵی ٢٠١٦دا گیانی لەدەستدا و خەڵکی کانتۆنی قامیشلۆیە، ئەو بە توندی ئیدانەی کردەوەی چەتە داگیرکەرەکانی کرد و وتی: دڵمان بە شەهیدبوونی منداڵەکانمان تەنگە، بەڵام شانازی بە شەهیدبوونی ئەوانیشەوە دەکەین، وێنەی پاڵەوانەکانمان ترس لە چەتەکاندا دروست دەکات، هەر بۆیە گۆڕ و وێنەی منداڵەکانمان وێران دەکەن و دەیسوتێنن، منداڵەکانمان بە خوێنی خۆیان شەڕی چەتەکانیان دەکرد، لە بەرەکانی پێشەوە شەڕیان کرد و مەنبج و ڕەققە و دێرەزووریان لە دەستی چەتەکانی داگیرکەر ڕزگار کرد، ئەوانەی خیانەت لە خوێنی بێتاوان دەکەن و پشتیوانی چەتەکان دەکەن، دەبێ بە هۆش خۆیان بێنەوە، کردەوە و پێشێلکارییەکانی چەتەکان هەرگیز ناتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر بەرخۆدانمان و تا کۆتایی پشتیوانی شەڕڤانانمان دەکەین.

 

'ئەوان بە وێرانکردنی گۆڕە پیرۆزەکان تۆڵەی داعش دەکەنەوە'

نەجمە ئیبراهیم، ​​کۆچبەرێکی مەنبج و دانیشتووی شاری کۆبانێیە، سەرنجی بۆ کردەوەی چەتەکان و ئەو پێشێلکاریانەی کە بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی ئەنجامی دەدەن، ڕاکێشا و وتی: چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشیان کردە سەر مەنبج، هەر بۆیەش خەڵک ناچار بوون هەڵبێن، ئەوان دەبێت لە ماڵەکانیان هەڵبێن بۆ ئەوەی کەرامەتی خۆیان لە کردەوە و هێرشی چەتەکان بپارێزن. دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی زۆر دوور نەبوون لە چەتەکانی داعش، کاتێک هێرشیان کردە سەر مەنبج، لە مەنبجی داگیرکراودا ڕۆژانە کردەوەی کوشتن و دزی و کاولکاری و لەناوبردنی گۆڕی شەهیدان ئەنجام دەدرێت، دەوڵەتی داگیرکەریی تورک و چەتەکانی بە کردەوەکانیان تۆڵەی داعش لە ناوچەکە دەکەنەوە، بەتایبەتی لە کۆبانێ و بەنداوی تیشرین.

 

'ئەوان بەها پیرۆزە کۆمەڵایەتییەکان پێشێل دەکەن'

نەجمە ئیبراهیم لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لە هیچ دۆخێکدا قبوڵ ناکرێت گۆڕی شەهیدەکان لەناوببرێت و وێنەکانیان پیس بکرێت، ئێمە لە مەنبج لە سایەی قوربانیدانی شەڕڤانان بە سەلامەتی دەژیاین، بەڵام دوای ئەوەی چەتەکان داگیریان کرد، هەموو بەهاکانی کۆمەڵگەیان پێشێل کرد، ئەم کردەوەیە کردەوەی چەتەکانی داعش دووبارە دەکاتەوە کاتێک مەنبجیان داگیرکرد، گۆڕی شەڕڤانە شەهیدەکان پیرۆزترین بەها و موڵک و ماڵی ئێمەن و ئەوانەی دەستدرێژی دەکەنە سەریان لەناو دەچن، ڕۆڵ و ئامادەبوونی ڕێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا و بەکرێگیراوەکانیدا لە کوێدایە کە لەم کاتەدا بێدەنگن؟