ئامەد، ساڵی ٢٠٢٤ توندوتیژی ئەلکترۆنی و سێکسی بۆ سەر ژنان زیادی کرد

بە گوێرەی ئاماری کۆمەڵەی ژنانی ڕۆزا کە لە زۆرێک لە شارەکانی کوردستانەوە داواکاری وەردەگرن، تادێت ژنان تووشی توندوتیژی ئەلکترۆنی و سێکسی بوون و لە ساڵی ٢٠٢٤یشدا توندوتیژییەکان زیادیان کرد.

مەدینە مامەدئۆغلو

 

ئامەد- ساڵی ٢٠٢٤ ڕووداوەکانی توندوتیژی دژی ژنان لە سەرانسەری تورکیادا بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کرد و لە شارەکانی باکووری کوردستانیش جۆرەکانی توندوتیژی جەستەیی، دەروونی، ئابووری و ئەلکترۆنی زیاتر بەدیکرا، بکەرانیشی پیاوان و دەوڵەت و سیاسەتی شەڕی تایبەت بوون.

 

پارێزەر بەرفین پۆلات، ئەندامی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی ژنانی ڕۆزا کە لە ساڵی ٢٠١٨ لە ئامەد دامەزراوە، ڕایگەیاند، لە شارەکانی باکووری کوردستان هەموو جۆرە توندوتیژییەک زیادی کردووە، باسی لەوەشکرد، ئەو داواکاریانەی لە ئامەد و دەوروبەرییەوە لە ساڵی ٢٠٢٤ ئاڕاستەیان کراوە، زیاتر بەهۆی توندوتیژی ئەلکترۆنییەوە بووە و دەڵێت: دوای توندوتیژی ئەلکترۆنی توندوتیژی سێکسی و دەروونی دێت، توندوتیژی جەستەیی کە زیاتر باو بووە، ئاسانترە لە توندوتیژی دەروونی، دەشتوانین بڵێین توندوتیژی ئەلکترۆنی ٪١٠٠ زیادی کردووە.

 

"توندوتیژی ئەلکترۆنی چەندین جۆری دیکەی توندوتیژی لێدەکەوێتەوە"

بەرفین پۆلات باسی لەوەکرد، لەگەڵ داواکارییەکانی توندوتیژی، داواکاری بەرگریکردن لە خۆیانیش دەکرێت، ئەو ژنانەی بەرگریان لە خۆیان کردووە لە توندوتیژی و هەراسانکردن لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە، وتیشی: ژنان لە هەموو لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا هەست بە سەلامەتی ناکەن. بۆیە تەنانەت لە تۆڕی کۆمەڵایەتیشدا سەلامەت نین. لەم پرۆسەیەدا لەگەڵ ژنان کۆبووینەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە زیادبوونی توندوتیژی. ئێمە بینیمان کە ژنان بێ ئاگان لەو توندوتیژییەی ڕووبەڕووی بووەتەوە، بە تایبەتی لە پرۆسەیەکدا کە توندوتیژی دەروونی هێندە بەربڵاوە، تەنیا توندوتیژی جەستەیی دەتوانرێت نموونەیان بۆ بهێنرێتەوە و پێناسەی بکرێت. هەروەها داواکارییەکان بۆ توندوتیژی سێکسی بە ڕێژەی ٪٩٠ زیادی کردووە، ژنان بەهۆی ترسی کۆمەڵایەتییەوە دوودڵن لە قسەکردن لەسەر ئەم جۆرە توندوتیژییە.

 

"ئەو بودجەیەی بۆ ژنان تەرخانکراوە، هەڵاواردنی جێندەری زیاد دەکات"

بێرفین پۆلات وتیشی: هەرچەندە جۆرەکانی توندوتیژی زیادیکردووە، بەڵام میکانیزمەکانی بەرەنگاربوونەوەش لە شاری ئامەد زیادی کردووە، لە ناوەندەکانی ڕاوێژکاری ژنانیش داواکاری پێشکەش دەکرێت و هەوڵەکانی بەڕێوەبەری هەرێمییش ژنان بەهێز دەکەن.

 

بەرفین پۆلات ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی دەوڵەت بۆ ژنان گرت و ڕایگەیاند کە دەوڵەت لە پێشینەیی دەدات بە "خێزان" و زاراوەی "خێزانی پیرۆز" لە ساڵی ٢٠٢٤دا زۆر بەکارهاتووە، ئەو بودجەیەی کە بۆ خێزان دابین کراوە، سێ هێندەی بودجەی تەرخانکراوی ژنانە.

 

بێرفین پۆلات ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکارێکی دیکە کە توندوتیژی زیادکردووە، سیاسەتی بێ سزایە و دەڵێت: دەبینین هیچ کارێکی حکومەت بۆ ژنان نییە. ئەو بودجەیەی بۆ خێزانەکە تەرخانکراوە ٣ هێندەی بەدجەی ژنان زیاترە. لە پرۆسەیەکدا کە ژنان ئەوەندە هەژار بوون، ئێمە خەبات دەکەین بۆ بودجەیەک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ هەڵاواردنی جێندەری، هەروەها ڕووبەڕووی ئەو ڕێبازانە دەبینەوە کە ژنان لەناو خێزانەکاندا سنووردار دەکەن و ڕووبەڕووی ڕەگەزگەراییان دەکەنەوە.

 

"ئەو ژنانەی پاڵپشتی دارایی وەرناگرن ناچارن لەو شوێنانە بمێننەوە کە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە"

بەرفین پۆلات ئاماژەی بەوەشکرد، لەڕێگەی سیاسەتی پیرۆزکردنی خێزانەوە ژنان پشتگوێ دەخرێن و توندوتیژی خێزانیش دەشارنەوە، ژنانیش بە تەنها دەمێننەوە، وتیشی: لەبەرئەوەی ژنان پاڵپشتی دارایی وەرناگرن، لەو شوێنەدا دەمێننەوە کە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە تیایدا، لەبەر ئەوەی بارودۆخی ماڵەکانی داڵدەدان خراپە، ژنان لە ماڵەکانیاندا دەمێننەوە و دەبینین بودجە بۆ ژنان تەرخان نەکراوە. ئەم دۆخە ئەوە دەردەخات کە چەندە دوژمنایەتی دژی ژنان بووەتە شتێکی ئاسایی و وەک شتێکی ئاسایی سەیر دەکرێت.

 

بەرفین پۆڵات سەرنجی بۆ گرنگی ڕێکخستنی ژنان ڕاکێشا، لەژێر سایەی سیاسەتی شەڕی تایبەت و گەمارۆدانی توندوتیژی و ململانێکانی ناوچەکە و لە کۆتاییدا وتی: دژی ئەم سیستەمە کە ژن و منداڵ دەکوژێت و ئەو عەقڵیەتەی کە بەرامبەر ئەم سیستەمە بێدەنگ دەبێت، پێویستە خەباتمان زیاتر بکەین.