مزگین خەلیل: پێویستە هەموو پێکهاتەیەکی سووریا مافی هەبێت

ژنانی سووریا نیگەرانن لە 'حکومەتی کاتی' کە لەلایەن چەتەکانی تەحریر شامەوە دامەزراوە، مزگین خەلیل، جێگری هاوسەرۆکی دەستەی کارگێڕی کانتۆنی فورات، دۆخی سووریا و مەترسییەکانی بەردەم ژنانی بۆ دەزگاکەمان هەڵسەنگاند.

ئێلڤین محەمەد

 

کۆبانێ- لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە سووریا، ئاژاوە و نائارامی قووڵتر و زیاتر بووە، چەتەکانی تەحریر شام واتا 'بەرەی نوسرەی پێشوو'، هەوڵدەدات حکومەتێک لەناو حکومەتی کاتی سووریادا دابمەزرێنێت کە لەگەڵ پێداویستییەکانیدا بگونجێت، دوور بێت لە ئامادەبوونی ژنان و هەموو پێکهاتەکانی سووریا.

 

مزگین خەلیل، جێگری هاوسەرۆکی دەستەی کارگێڕی کانتۆنی فورات، هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی سووریا و ئەو گێژاوەی کە لە سووریا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس دەستی پێکردووە، کرد و وتی: گۆڕانکارییەکی گشتی لە سووریادا هەیە، ڕژێمی بەعس کە تەمەنی ٦١ ساڵ بوو و ڕووخا، لە ماوەی ئەم ٦١ ساڵەدا هەموو پێکهاتەکان تیایدا مافەکانیان زەوت کرابوون، دوای ئەوەی شۆڕش دەستیپێکرد، خەڵک بۆ ژیانێکی یەکسان و دیموکراسی و ئازاد، بۆ مافەکانیان ڕژانە سەر شەقامەکان و بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان لە دژی ڕژێم وەستانەوە.

 

"گەل ڕاپەڕی و شۆڕشیان بەرپا کرد"

مزگین خەلیل ڕایگەیاند کە هەموو شۆڕشێک ئامانجی هەیە، شۆڕشی گەلیش ئامانجێکی هەبووە، خەڵک خەباتیان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان دەستپێکردووە و وتیشی: ئەو شۆڕشەی کە لەلایەن گەلەوە دەستیپێکرد، ١٤ ساڵە بەردەوامە، گەل ڕاپەڕی و ئەرمەنییەکان، عەرەبەکان، کوردەکان و چەرکەسییەکان ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ داوای مافەکانیان، زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی پێکهاتەکان کوردن، زیاتر لە ١٦ ملیۆن کورد بۆ بەدەستهێنانی ئازادیی خۆیان ڕژانە سەر شەقامەکان، چونکە گەلی کورد هەمیشە تووشی جینۆساید و ئاوارەبوون بووە، هەر بۆیەش لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبووەتەوە.

 

مزگین خەلیل سەرنجی بۆ سیستم و شۆڕشی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاکێشا و وتی: پێش ئەوەی باس لە کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان بکرێت، پێش هەموو شتێک، دەبێت باس لە کێشەی ژنان بکرێت، یەپەژە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دامەزرا و پێشەنگایەتی شۆڕش دەکات، جیاوازی ئەم شۆڕشە ئەوە بوو کە سیستمی حوکمڕان و عەقڵی پیاوانە گۆڕدرا و کۆمەڵگەیەکی یەکسان دامەزرا، ئەم شۆڕشەش دوای چەندین سەختی ڕوویدا.

 

"سیستەمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی نموونەی یەکەمە"

مزگین خەلیل ئاماژەی بەوەدا که ئەم شۆڕشه چووەته قۆناغێکی نوێوه و هەموو پێکهاتەکانی تێدا دەژین و له درێژەی قسەکانیدا وتی: وەک پێکهاته عەرەبییەکانی ناسراو به کۆماری عەرەبی، هەموو پێکهاتەکانی دیکه له مافەکانیان بێبەش کران، ئێستاش ناتوانرێت سووریا بە هەمان شێوەی پێشوو بەڕێوەبچێت، پێویستە لە سووریای ڕابردوو جیا بکرێتەوە، پشت بە هەندێک لە پێوەر و پرەنسیپی بنەڕەتی شۆڕشەکانی دیکە ببەسترێت، ئەو شۆڕشانەی پێشتر ڕوویاندا، شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ڕووسیا و شۆڕش لە فەرەنسا، ژنان پێشەنگایەتییان دەکرد، ژنان هەمیشە لە تەنیشت جەنگاوەرەکانیانەوە وەستابوون و یارمەتی شۆڕشیان دەدا، بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت، بەڵام دوای دەرکردنی دەستوورە بنەڕەتییەکانیان، هیچ ڕۆڵێکیان بە ژنان نەدا، لەسەر ئەم بنەمایە، کاتێک سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دامەزرا، هەر پێکهاتەیەک جێگەی خۆی گرتەوە و خۆی بەڕێوەبرد، دەبوو هەموو کەسێک لەناو خۆبەڕێوەبەرییدا بە ناسنامە و کولتوور و زمانی خۆیەوە بژی و پارێزگاری لە ناسنامەکەی بکات.

 

لە کۆتاییدا سەرنجی بۆ ئەزموونی سووریا ڕاکێشا، کە هەموو پێکهاتەکان لەژێر چەتری سیستمی خۆبەڕێوەبەرییدا دەژین و هەڵسەنگاندنەکەی بەم قسانە کۆتایی پێهێنا، "هەمووان مافی خۆیانە بە کولتوور و ناسنامەی خۆیانەوە بژین، بەرەو سووریایەکی نوێ هەنگاو دەنێین. پێویستە هەموو گروپەکان مافیان هەبێت، ژنان ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، دەرفەت بۆ هەمووان بڕەخسێنرێت، بە تایبەتی دەبێت مافی ژنان و هەموو گروپەکان هەبن و دەستەبەر بکرێن.