ژنانی باشوور؛ دەبێت هێزە سیاسییەکان بە ڕوونی هەڵوێستی خۆیان دەرببڕن

کەمپەینی ژنانی باشوور بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان بەست و تیایدا داوایان کرد، هێزە سیاسییەکان بە ڕوونی هەڵوێستی خۆیان دەرببڕن و حکومەتی هەرێم دەروازەی سنوری سێمێلکا بکاتەوە و هاوکاری خۆبەڕێوەبەری بکات.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە سەکۆی ئازادی پارکی ئازادی شاری سلێمانی، کەمپەینی ژنانی باشوور بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان بەست و تیایدا داوایان کرد، بۆ پشتگیری لە ڕۆژئاوای کوردستان و دروستکردنی فشاری مەدەنی، خۆپیشاندان و گردبوونەوە ڕێکبخرێت و بە ئاستی بەرفراوان بەشداری تیادا بکرێت.

 

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، سازە عەبدوڵا، چالاکوان و ئەندامی کەمپەینەکە ڕاگەیەندراوێکی خوێندەوە و تیایدا هاتووە، "هەموو لایەک چەند ڕۆژێکە ئاگاداری شەرێکی سەخت و مەترسیدارین کە یەخەی بە گەلانی سووریا و بە تایبەت گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان گرتووە، هەرچەندە ڕژێمی بەشار ئەسەد کۆتایی هات، بەڵام مەترسی لەسەر گەلی کورد و دەستکەوتەکانی بەهۆی بوونی گروپە چەتەکان و دەوڵەتی داگیرکاری تورک هەیە".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا وێڕای ئاماژە کردن بە کوشتن و دیلگرتن و ئاوارەبوونی دەیان هەزار کۆچبەر، باس لە پێشەنگایەتی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان کرا، کە دەستیان بە سەفەربەر بوون کردووە و بەرخۆدانی مێژووی بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان دەکەن.

 

کەمپەینی ژنانی باشوور بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان داوا دەکات وەک چۆن لە ڕابردوودا پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان کرا، ئەمڕۆش بە هەمان هێز و ئیرادەوە پشتیوانی و هاوکاری سەرخستنی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان بکرێت.

 

هەروەها چەند داواکارییەکیان خستەڕوو، کە بریتین لە؛

-وەک ژنانی باشووری کوردستان داوای هەرچی زووە ئازادبوونی ئەو کەسانە بە تایبەت ژنان دەکەین، کە کەوتوونەتە دەست گروپە چەتەکان.

-داوا لە هەموو هێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان دەکەین، بەڕوونی هەڵوێستییان دەرببڕن، پشتیوانی لە ڕۆژئاوا بکەن و یەکێتی گەلی کورد لەم قۆناغە سەختەدا پێشبخەن.

-داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین، لە پێناو گەیاندنی هاوکاری و کۆتاییهێنان بە سنوری دەستکردنی دوژمنان، دەروازەی سێمێلکا بکاتەوە و لەگەڵ خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوادا بەرامبەر بە دوژمنان یەکبگرن.

-ئێمە بەردەوام دەبین لە چالاکی مەدەنی بۆ کردنەوەی دەروازەی سێمێلکا، وەک شاندی ئاشتی ژنان دەمانەوێت سەردانی دەروازەکە بکەین و بانگەوازی لە هەموو ژنانی سیاسەتمەدار و چالاکوان دەکەین بەشدار بن.

-داوا لە گەلەکەمان لە ئەوروپا دەکەین بە دەم کەمپەینەکانی کۆکردنەوەی هاوکاری ڕۆژئاوا بچن و لە ڕێگەی مانگی سووری کوردستانەوە هاوکاری بۆ ڕۆژئاوا بنێرن.

-گەلەکەمان لە باشووری کوردستان لە ڕێگەی گەیاندنی هاوکارییەکانیان بە نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری لە شاری سلێمانی دەتوانن پشتیوانی گەلی خۆمان لە ڕۆژئاوا بکەن.

 

 

جێی ئاماژەیە، ٢٧ تشرینی دووەمی ئەمساڵ، چەکدارانی تەحریر شام هێرشیان کردە سەر شاری حەلەب لە سووریا و سوپای سووریا بە بێ هیچ بەرگریەک کشایەوە، کۆچبەرانی عەفرین لە شەهبا و تەل رەفعەت ڕووبەڕووی هێرش و دووبارە ئاوارەبوون بوونەوە و تا ئێستا لە مەنبج و تل ڕەفعەت و تل تەمر دەوڵەتی تورکیا ڕاستەوخۆ هێرش و بۆردوومان ئەنجام دەدات و هاوڵاتی مەدەنی دەکاتە ئامانج و کۆمەڵکوژی دەکات.