بانگەوازێکی بەپەلە لە ژنە چالاکوانێکەوە بۆ غەززە

چالاکوان ڕیم خەول ڕایگەیاند، ناساندنی کەرتی غەززە وەک ناوچەیەکی وێرانکراو، جارێکی دیکە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەهێنێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دابینکردنی هاوکاری مرۆیی.

ڕەفیف ئەسلیم

 

غەززە- کەرتی غەززە بەهۆی ئەو شەڕەی کە ساڵێک و چەند مانگێک لەمەوبەر دەستیپێکرد، بە چەندین قەیراندا تێدەپەڕێت، کەرتەکانی تەندروستی، کۆمەڵایەتی، ژێرخان، خۆراک، بیناسازی، ئابووری، پەروەردە، کولتووری و هتد لەناوچوون. بۆیە گرنگە کەرتی غەززە وەک ناوچەیەکی وێرانکراو بناسێندرێت بۆ ئەوەی ڕێکخراو و دەزگا نێودەوڵەتییەکان بتوانن ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و ئەوەی لە شارەکەدا ماوەتەوە لاببەن و پەرەی پێبدەن.

 

"ڕووخانی ژێرخانی ئابووری بووە هۆی کارەساتی ژینگەیی"

ڕیم خەول، چالاکوان وتی: سوپای ئیسرائیل بە توندی هێرشی کردە سەر ژێرخان و دامەزراوە تەندروستییەکان و بە ئەنقەست دامەزراوە پزیشکییەکانیان سووتاند، بۆئەوەی هاووڵاتیان سوودی لێ وەرنەگرن، تێپەڕاندنی ئامێری پزیشکی و دەرمان و تەنانەت بەتانی و پێداویستی پزیشکییان قەدەغە کرد، وێرانبوونی ژێرخانی ناوچەکە بەهۆی بەردەوامی بۆردومانەکان و لەناوچوونی تۆڕەکانی دابینکردنی ئاو و بیرە ئاوییەکان و وێستگەکان، هەروەها لەناوچوونی وێستگەکانی ڕیسایکلکردنی ئاوی پاک ڕێگەی داوە کارەساتی تەندروستی و ژینگەیی ڕووبدات.

 

"ژمارەی کۆچبەران لە کامپەکاندا لە زیادبووندایە"

ڕیم خەول ڕایگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل نزیکەی ٨٥%ی باڵەخانەکانی کەرتی غەززەیان خاپوور کردووە و وتی: هەموو ئەمانە جگە لە ناوچە سوورەکان کە ناویان ناوە،  هاووڵاتییان ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ژمارەی کۆچبەران لە کامپەکاندا لە زیادبووندایە، چادرەکان نوقم دەبن و جیهان لە ڕێگەی تەلەفزیۆن و ڤیدیۆوە ئەمە دەبینێت.

 

"ئابووری غەززە شکستی هێناوە"

سەبارەت بە دۆخی ئابووری، ڕیم خەول ڕایگەیاند، زۆربەی هاوڵاتیانی غەززە لە سیستەمی کاری ڕۆژانەدا کاریان کردووە و لە ئەنجامی شەڕەکەدا کارەکانیان لەدەستداوە، نیوەی تر پڕۆژەی هەبوو، بەڵام بەهۆی هێرشی ئیسرائیل یان هێرشی زەمینی لەناوچوون، بەمەش ئابووری غەززە شکستی هێناوە و پێویستی بە یارمەتی هەیە.

 

سەبارەت بە ئاسایشی خۆراک لە غەززە، ڕیم خەول ڕایگەیاند، ئەگەر خەڵک گرنگی بە بڵاوبوونەوەی برسێتی لە باکوور و باشووری غەززە بدەن، دۆخەکە ڕوون دەبێتەوە و پێویست ناکات گفتوگۆی لەسەر بکرێت، پیش شەڕیش ئاسایشی خۆراک نەبوو، ئەمەش لە ڕاپۆرتە نیشتمانییەکاندا بەڵگەی لەسەرە ئەم شارە کە ماوەی ١٧ ساڵ گەمارۆ دراوە، هەروەها ئەم دۆخەی ئێستا نەک هەر زیانی بە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی گەیاندووە، بەڵکو هەڵیوەشاندووەتەوە، پەیوەندی کۆمەڵایەتی نییە، پاڵپشتی خێزانەکانیش بۆ گەلەکەیان نەماوە، دۆخی جیابوونەوە زیادی کردووە.

 

"لە غەززە هیچ میراسێکی کولتووری نەماوە"

هەروەها باسی لە دۆخی کولتووری و پەروەردە کردو وتی: ماوەی زیاتر لە ساڵێکە خوێندنگەو زانکۆکان داخراون، هیچ ڕێگایەک بۆ کردنەوەیان نییە، چونکە ناوچەیەکی مرۆیی پارێزراو نییە، زۆربەی پەرتوکخانەکانی زانکۆ تاڵان کراون، بەهۆی ئەوەوە میراسی کولتووری لە غەززە بە تەواوی نەماوەو گەڕاوەتەوە بۆ خاڵی سفر.

 

"با غەززە بە ناوچەیەکی وێران بناسێنرێت"

لە کۆتایی قسەکانیدا ڕیم خەول ڕایگەیاند، ئەگەر غەززە بە ناوچەیەکی وێرانکراو ڕابگەیەندرێت، پلانی دەستوەردان لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت و وتی: پارە لە ڕێگەی سندوقە هاوبەشەکانەوە کۆدەکرێتەوە، جگە لەوەش بەرنامەکانی پارە لە وەزارەتی گەشەپێدان لە ڕێگەی بانگەوازی یەکگرتوو بۆ سندوقەکانی هاوکاری نێودەوڵەتی بەهێزتر دەکرێن و سوودی سندوقی تایبەتی نێودەوڵەتی لەگەڵ مانگی سووری فەڵەستین وەردەگیرێت.