لە تشرینی دووەم ٢١ ڕۆژنامەنووس دەستبەسەر کراون

لە ڕاپۆرتی مانگی تشرینی دووەمی " DFG" سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی ڕۆژنامەنووسان، ئاماژە بەوە کراوە کە ٢١ ڕۆژنامەنووس دەستبەسەرکراون، سێیان دەستگیرکراون.

ئامەد

 

لە ڕاپۆرتی مانگی تشرینی دووەمی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلەو فورات " DFG" سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان باس لەوە کرابوو کە سێ ڕۆژنامەنووس دەستگیرکراون، ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی دەستگیرکراو ٤٠ ڕۆژنامەنووس بووە و ٢١ ڕۆژنامەنووسیش دەستبەسەرکراون.

 

کۆمەڵەکە ڕایگەیاندووە، دوای ئەو قەیومانەی لەلایەن حکومەتی ئاکەپە-مەهەپەوە دەستنیشانکراون، لە مانگی تشرینی دووەمدا فشار و پێشێلکردنی مافەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان زیادیکردووە. لە چالاکییەکانی دژی قەیومدا هێرشیان کراوەتە سەر، زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان لەلایەن پۆلیسەوە ڕێگرییان لێکراوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە زۆرینەی ڕۆژنامەنووسان بەهۆی چالاکییە ڕۆژنامەوانییەکانیانەوە دەستبەسەر کراون و باس لەوەشکراوە کە تەنها لە مانگی تشرینی دووەمدا ٢١ ڕۆژنامەنووس دەستبەسەر کراون.

 

"٤٠ ڕۆژنامەنووس زیندانی دەکرێن"

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لێکۆڵینەوە لە دژی ٨ ڕۆژنامەنووس دەستیپێکردووە، تۆمەت لەسەر ٦ ڕۆژنامەنووس تۆمار کراوە، دوو ڕۆژنامەنووس سزای ماددی زۆریان لەسەر کراوە، ٩٨ ڕۆژنامەنووس هێشتا لە ٤٤ دۆسیەدا لەژێر دادگادان و تا ٢ی کانونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی دەستگیرکراو ٤٠ ڕۆژنامەنووسە.