نەتەوە یەکگرتووەکان: داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێمەرجی نێرگس محەمەدی دەکەین
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێمەرجی نێرگس محەمەدی دەکەین، بەرپرسانی زیندان چەندین جار نێرگس محەمەدیان لە وەرگرتنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بێبەش کردووە.
ناوەندی هەواڵ
کۆمیتەی سەربەخۆی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران سەبارەت بە بارودۆخی نێرگس محەمەدی لە زیندانی ئێڤین ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوەو تێیدا داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێمەرجی نێرگس محەمەدی، براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ، ڕۆژنامەنووس و داکۆکیکاریی مافی مرۆڤ لە زیندانی ئەوین لە تاران کرا.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی دەستمان کەوتووە، بەرپرسانی زیندان چەندین جار نێرگس محەمەدیان لە وەرگرتنی خزمەتگوزارییە پزیشکییە پێویستەکان بێبەش کردووە و ئەم هەڵسوکەوتە بەشێکە لە نەخشێکی بەربڵاو و سیستماتیکی پشتگوێخستنی پێداویستییە پزیشکییەکانی زیندانییەکان، بەتایبەتی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووسان و نووسەران، کە دەبێت ڕابگیرێت.
جەختلەوەکرایەوە، پێویستە نێرگس محەمەدی دەستبەجێ لە زیندان ئازاد بکرێت، هاوکات مۆڵەتی پزیشکیی خێرا و خزمەتگوزاریی پزیشکیی و دەرمانیی پێویست وەربگرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە ١٩ی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی بەرگریی لە ئازادیی ڕادەربڕین و مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە بارودۆخی نێرگس محەمەدی زیندانیی سیاسیی لە زیندانی ئێڤین نامەیەکیان ئاڕاستەی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، بە مەبەستی دەستبەجێی ئازاد کردنی بە هۆکاری مرۆیی بۆ ئەوەی بتوانێت چاودێریی پزیشکی گشتیی وەربگرێت.
نێرگس محەمەدی، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی، تەمەن ٥٢ ساڵە و لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠ ساڵی تەمەنی لە زیندان بەسەربردووە، کە لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ـەوە لە زیندانیی ئێڤیندایەو لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بە تۆمەتی “پروپاگەندە دژی دەوڵەت” بە ساڵێکی دیکە بە زیندانیی کردن سزا درایەوە.