دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان لە ئیدلب زیاتر دەبێت

لە ئیدلبی داگیرکراوی ژێر دەستی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی دیاردەی هاوسەرگیری پێشوەختە زیادی کردووە. زۆرێک لە خێزانەکان منداڵان لە سەرەتاییترین مافی خۆیان بێبەش دەکەن و دۆخی ئابوورییان وەک بیانوویەک دەهێننەوە.

هەدیل عومەر

 

ئیدلب- لە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بە شێوازی جۆراوجۆر خۆی دەردەخات. لە ئیدلب لە ژێر داگیرکاری تورکیا و چەتەکانیدا دۆخەکە هەر بەو شێوەیەیە. لەم دواییانەدا لە ئیدلب دیاردەی هاوسەرگیری پێشوەختە زیادی کردووە. زۆرێک لەو خێزانانەی کە منداڵەکانیان بە هاوسەرگیریدا دەدەن، دۆخی ئابووری وەک بیانوویەک نیشان دەدەن و کچەکان لە سەرەتاییترین مافی خۆیان بێبەش دەکەن. منداڵان و ژنانی ئیدلب لە مافی خوێندن و تەندروستی ئابووری بێبەشن. ئەم دۆخە لەگەڵ داگیرکردنی دەوڵەتی تورکیا ئاستی بەرز بووەتەوە.

 

''توندوتیژی جەستەیی بوو بە بەشێک لە ژیانم''

ئەمینە حەداد، تەمەن ٢٣ ساڵ، کە لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا هاوسەرگیری کردووە، باسی ئەزموونەکەی کرد و دەڵێت: "کاتێک ناچار بووم هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێک بکەم کە ٢٠ ساڵ لە من گەورەتر بوو، مانای هاوسەرگیریم نەدەزانی، بەرپرسیارێتی زۆر قورسم لە ئەستۆ گرت. هەمیشە لە لایەن هاوسەرەکەمەوە خیانەتم لێ کراوە، هەمیشە ڕەخنەی لێدەگرتم و بە بێ هۆکار لێدەدام، پێم وابوو توندوتیژی جەستەیی بەشێکە لە ژیانم. لێدانەکە سەرەتا کەمێک کەمتر بوو پاشان بە تێپەڕبوونی کات زیاد بوو، پێویستم بە یارمەتی بوو، بەڵام دووگیانی و ترسم لە قسەی خەڵک و جیابوونەوە نەیهێشت قسە بکەم، کاتێک تێگەیشتم کە ئەو دەستدرێژیانەی بەرامبەرم دەکرێت ناوەستن، بیرم لەوە کردەوە کە کۆتایی بە ژیانم بهێنم، چونکە دەبوا لە شوێنێکی سەلامەتدا دوور لە هاوسەرەکەم بمێنمەوە".

 

لە درێژەی قسەکانیدا، ئەمینە حەداد ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئەوەی بەرگەی ئەو توندوتیژییە نەگرتووە، لە ماڵی خێزانەکەی هەڵاتووە و داوای جیابوونەوەی کردووە. ڕاستەوخۆ دوای لەدایکبوونی منداڵەکەی، خێزانەکەی ڕەوانەی ماڵی ئەو پیاوەیان کردووە کە هاوسەرگیری لەگەڵدا کردووە.

 

لە مافی میرات بێبەش دەکرێت

ڕەخدا هیوێر تەمەن ٤٠ ساڵ دوای کۆچی دوایی هاوسەرەکەی لەگەڵ سێ منداڵەکەیدا دەژی: "دوای مردنی هاوسەرەکەم لە شەڕدا، دەستم کرد بە گەڕان بەدوای کارێکدا بۆ ئەوەی چاودێری سێ منداڵەکەم بکەم، بەڵام کۆمەڵگە ئەمەی بە ئاسانی قبوڵ نەکرد. هەمیشە ڕەخنەم لێدەگیرا و سووکایەتیم پێدەکرا، کاتێک داوای مافی خۆم و مافی منداڵەکانم کرد، کەسوکارەکەی ئامادە نەبوون بیدەن و گوتیان من تەنها ژنم و مافی میراتم نییە".

 

"لە شوێنی کارەکەم تووشی دەستدرێژی بووم"

سوعاد خەیات، تەمەن ٣٣ ساڵ، دایکی ٤ منداڵە و یەکێکیان لە کەمپی ئیدلب نیشتەجێیە، دەڵێت: بڕیارمدا وابکەم هاوسەرەکەم واز لە توندوتیژی بەرامبەرم بهێنێت، بەڵام خێزانەکەم توندوتیژییان بەرامبەرم زیاد کرد. ڕێگەم پێنادرێت لە ماڵەوە بچمە دەرەوە بۆ کارکردن یان سەربەخۆیی خۆم هەبێت. بە تایبەتی چەندین جار دەستدرێژی کراوەتە سەرم و لە شوێنی کارەکەمدا دەستدرێژی کراوەتە سەرم".

 

سوعاد خەیات ڕایگەیاندووە کە ناچار بووە داوای یارمەتی مرۆیی بکات بۆ ئەوەی بتوانێت ئاگاداری هەر چوار منداڵەکەی بێت، بەڵام لەلایەن ئەو کەسانەی کە هاوکاری پێشکەش دەکەن، هێرشی کراوەتە سەری. هەروەها ڕایگەیاند، دوو ڕێگا لەبەردەمیدا ماوە، ئەگەر بیەوێت یارمەتی زیاتر وەربگرێت، بێدەنگ دەبێت و پەیڕەوی لە داواکاری بەرپرسان دەکات یان ئەو هاوکارییە قبوڵ ناکات.