ژنانی ئەفغانستان داوای یەکڕیزی ژنانی جیهان دەکەن

ژنانی ئەفغانستان لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان؛ ناڕەزایەتی بەرامبەر ستەم و توندوتیژی سیستماتیک و هیوا بۆ دادپەروەری و یەکسانی دەردەبڕن.

بەهاران لەهیب

 

کابول- توندوتیژی دژی ژنان کێشەیەکی جیهانییە کە ساڵانە هەزاران ژن و منداڵ بە هۆیەوە ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە، هەزاران ساڵە ژنان لە سەرانسەری جیهاندا دەچەوسێنرێنەوە و لە بەرامبەردا تێکۆشانیان بۆ سەرەتاییترین مافەکانیان بەڕێوەبردووە، تا بناغەیەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوویان بچەسپێنن.

 

شەکیلا سەبور، خەڵکی پارێزگای باغلان و یەکێک لە ژنانی ناڕازییە، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەڵێت: ٢٥ی تشرینی دووەم لە کاتێکدایە کە لە ئەفغانستان تاڵیبانی دڕندە و ژنکوژ دەستی بەسەردا گرتووە و ژنان بە دوژمنی سەرەکی خۆیان دەزانن، بۆ ئەم مەبەستەش هەموو ڕێگەیەک دەگرنەبەر بۆ سەرکوتکردنی ژنان.

 

شەکیلا دەشڵێت: من پێش حکومەتی تاڵیبان مامۆستا بووم، کاتێک تاڵیبان هاتە ناو پارێزگاکەمان، دەروازەی فەرمانگە و قوتابخانە و زانکۆ و بە گشتی هەموو ناوەندێکی پەروەردەیی و کاریان بەڕووی ژناندا داخست. لە پێناو گەیشتن بە مافە مرۆییەکانمان ژمارەیەک ژن لە باغلان دەستیان بە ڕێپێوانێک کرد کە تاڵیبانی ترساند و دەستیان کرد بە ڕاوەدوونانی و سەرکوتکردنمان. ژمارەیەک خۆپیشاندەر کوژران، بەڵام ئێمە وازمان لە شەڕ نەهێنا و تا ئێستاش خەبات دەکەین بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانمان و دڵنیاین کە سەردەکەوین.

 

یەلدا ئەحمەد، پسپۆڕی دەروونناس و چالاکوانی مافەکانی ژنانیش دەڵێت: ئێمەی ژنان پێشوازی لەم ڕۆژە دەکەین لەکاتێکدا نەک تەنها توندوتیژی کەم نەبووەتەوە، بەڵکو ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد دەکات، هەزاران ژن لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا قوربانین، بەتایبەت ژنانی وڵاتەکەم ڕووبەڕووی دڕندانەترین توندوتیژی دەبنەوە. لە سەرەتاییترین مافە مرۆییەکانیان زەوت دەکرێن و دەروازەی قوتابخانە و زانکۆکان بەڕوویاندا داخراوە، هیچ کارێکیان نییە لە کاتێکدا هەژاری بەربڵاوە و زۆربەشیان بژێوی خێزانەکانیان  لەسەر شانە، ئەگەر دەنگێک لە دژی ئەم نادادپەروەری و توندوتیژیانە بەرز بکەنەوە، ئەوا بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن تاڵیبانی نەزان و ژنکوژەوە سەرکوت دەکرێن.

 

یەلدا لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: دەتوانم لە ئازاری ژنانی ئێران تێبگەم کە هەموو ڕۆژێک لە ژێر پێڵاوی خوێنمژەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێراندا ئازار دەچێژن. هەست بە ئازاری هەموو ژنانی جیهان دەکەم، چونکە ئەوە ئازارێکی هاوبەشی ئێمەیە، من بە تەواوی باوەڕم وایە کە تاکە ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئازارانە، هاودەنگی و یەکگرتوویی و تێکۆشانی بەردەوامی ژنانە لە دژی حاکمی دەسەڵاتدار، ژنکوژ و نەزان و بناژۆخوازەکان.