"هەنگاوی سەرهەڵدان لە دژی عەقڵیەتی پیاوسالار دەستی پێکرد"

مەیادا ئەحمەد، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا، ئاماژەی بەوەدا کە سەدەی بیست و یەک سەدەی ئازادی ژنانە، بەم هۆیەوە توندوتیژییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن دەوڵەتانی دەسەڵاتدارەوە زیادی کردووە.

یوسرا ئەحمەد

 

ڕەقە- بە نزیکبوونەوە بە ٢٥ تشرینی دووەم، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، پلاتفۆرمی چالاکییە هاوبەشەکانی بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ١٠ی ئەم مانگەدا ڕایگەیاند کە بەرنامەیەکی بەرفراوانیان لە چالاکییە جیاوازەکان لە ژێر ناوی " بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی خۆت بپارێزە" دەستپێکردووە و چالاکییەکان لە ٢٥ی ئەم مانگە کۆتاییان دێت.

 

مەیادا ئەحمەد، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا، سەبارەت بە بەرنامەی هەڵمەتەکە، وتی: لەگەڵ نزیکبوونەوەی ٢٥ی ئەم مانگە، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بەرنامەی چالاکییەکانمان بە ڕاگەیەندراوێک ڕاگەیاند. چالاکییەکان لە هەموو شار و گوندەکاندا بەڕێوەدەچن و هەروەها پانێڵی گفتوگۆ و کۆبوونەوە و سیمینار و چالاکیی بۆ پیاوان هەیە چونکە ئەوانەی توندوتیژی دەکەن پیاون، پێویستە ئاگاداربکرێنەوە.

 

"پیاو و وڵاتانی سەرمایەداری لە ئیرادەی ژنانی ئازاد دەترسن"

سەبارەت بە ئامانجی دەستپێشخەرییەکە وتی: ئەم دەستپێشخەرییە لە کاتێکدا بووە کە ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە، سەدەی بیست و یەک بە سەدەی ئازادی ژنان پێناسە کراوە، بەهۆی ئەوەوە توندوتیژی دوو هێندە زیادی کردووە. پیاوان و دەوڵەتانی سەرمایەداری دیکتاتۆرن، لە ئیرادەی ژنان دەترسن لە ئازادبوون، هەر بۆیەش ژنان دەبێت لە ڕووی دەروونی و جەستەییەوە تێکۆشان بکەن.

 

"دەوڵەتی تورکیا مادەی هۆشبەر بۆ گەیشتن بە گەنجان بەکاردەهێنێت و هەوڵدەدات بە ڕێگا خراپەکاندا بیانبات"

سەبارەت به سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا وتی: دەوڵەتی تورکیا به هێرشەکانی دژ به ژێرخانی ناوچەکه سیاسەتی تۆتالیتاری بەڕێوەدەبات و له ئه نجامدا ٣ ژنی کرێکار گیانیان لە دەستدا. بە عەقڵیەتی دیکتاتۆریانە مامەڵە دەکات و هەوڵی شکاندنی ئیرادەی ژنان دەدات، هەروەها شێوازەکانی شەڕی تایبەت لە ڕێگەی بەکارهێنانی دیجیتاڵ میدیا و مۆنتاژکردنی وێنەی ژنان، چەندین کاری بێ ئەخلاقی ئەنجام دەدات. بە دابەشکردنی مادەی هۆشبەر لە ناوچەکانمان هەوڵ دەدات دەسەڵاتی گەنجان بشکێنێت و بەرەو ڕێگای خراپیان ببات. ئەو کەسانەی لە شەڕەکاندا زۆرترین باج دەدەن ژنن. ئەمڕۆ پێشێلکردنی مافی ژنان و کوشتن و دەستدرێژی و کۆچی زۆرەملێ لە شەڕەکانی دژی ژنان دەبینین. بابەتیترین و دیارترین نموونەکانی لە شەڕی غەززەدا دەبینرێت، هەروەها هێرشەکانی دژی لوبنان.

 

سەبارەت بە توندوتیژی سیاسی دژی ژنان، مەیادا ئەحمەد وتی: ئەم توندوتیژییە زۆر زیادی کردووە، چونکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی یاسای ستەمکاری دەبێتەوە، زۆرێک لە دەوڵەتەکان ئەمە دەسەپێنن، زۆربەیان لە عێراق و ئێران و لیبیا ئێستا دۆخەکە بەهۆی ئەم یاسایانەوە لە دۆخێکی زۆر خراپدایە ".

 

"ساتەکانی مێژوویی لە ناوچەکەماندا ڕوودەدەن و بەرەو هەنگاوی گرنگ دەڕۆین"

مەیادا ئەحمەد لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پیرۆزکردنی بەرخۆدان و خەباتی ژنانی ئازاد کە کڕنۆشیان بۆ داگیرکاری و هەڵاواردن نەبووە، نراوە. ژنان هەوڵی پاراستنی خۆیان و منداڵەکانیان دەدەن، خەبات دەکەن بۆ بنیاتنانی خێزان و کۆمەڵگەیەک بە ڕێسای ئەخلاقی دیموکراسی و ئازاد. هەرێم بەرەو هەنگاوی مێژوویی هەنگاو دەنێت. لە سەردەمی ئێستاماندا ژنان دەتوانن دان بەم ڕۆژەدا بنێن و دەنگ بەرز بکەنەوە و داوای مافەکانیان بکەن، هەروەها بەرەنگاری هەموو جۆرە توندوتیژییەک ببنەوە".

 

''هەنگاوەکەمان پەیامێکە"

مەیادا ئەحمەد ئاگاداری کردەوە کە هەنگاوەکە پەیامێکە و وتی: ئێمە بەردەوامین لە بەرخۆدان و هێڵی خوشکانی میرابێلین. ئێمە وەک بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان چەتری پاراستنی ژنان و مافەکانیانین. ئێمە بە هەموو هێزمانەوە هەوڵ دەدەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دژی ژنان نەک هەر لەم ڕۆژەدا بەڵکو هەموو ڕۆژێک چالاکییەکانمان بەردەوام دەبن، تا دادپەروەری و یەکسانی بۆ ژنان بەدەست نەهێنین ناوەستین. ئێمە داواکارییەکانمان بە یەک دەنگ دەهێنینە زمان و سەرهەڵدانەکانمان بلندتر دەکەین".

 

مەیادا ئەحمەد سەرنجی بۆ جیاوازی هەنگاوی ئەمساڵ ڕاکێشا و وتی: هەموو ساڵێک دەست بە هەڵمەتەکان دەکەین و ئەمساڵ بە چالاکییە ڕەنگاوڕەنگەکانمان جیاوازەترە. ژنان زیاتر بەشداری هەڵمەتەکە دەکەن و گرنگییەکی زۆری پێدەدەن. پێویستە هەموو ژنانی جیهان دەستی یەکبگرن و ڕیزەکانیان یەکبخەن بۆ ئەوەی دژی سیستمە دەسەڵاتدارەکان بوەستن و کۆیلایەتی قبوڵ نەکەن. بە هێز و ئیرادەی ژنانی ئازاد، هەموو ژنانی جیهان ئازاد دەبن".