دیدارێک بە ناونیشانی "سەرژمێری گشتی عێراق، دەرفەت و مەترسیە سیاسیەکانی" ئەنجمدرا
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردنشینەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم باس لەوە دەکات، کە پێویستە کوردانی شاری کەرکوک بۆ سەرژمێری بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان و ئاوارەکانیش بە هەمان شێوە، ناکرێت خاوەن ماڵ لە دەرگا بدات و میوان دەرگا بکاتەوە.
سلێمانی
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆڵی کۆنفرانسی پەیمانگای برایت لە شاری سلێمانی، بۆ قسەکردن دەربارەی مەترسییە سیاسییەکانی سەرژمێری گشتی عێراق لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و لایەنە تەکنیکی و هونەرییەکانی سەرژمێری پانێڵێک بەڕێوەچوو.
دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردنشینەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئاماژەی بەوەکرد، بێباک بوونمان لە بابەتی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان مەترسی گەورەی لێ دەکەوێتەوە، وتیشی: سەرژمێری کردن لە ئێستادا چەندین لێکەوتەی لێ دەکەوێتەوە، پێویستە سەرژمێری لە کاتێکدا ئەنجام بدرێت کە بەشێک لە بنەماکانی ماددەی ١٤٠ی ناوچە جێناکۆکەکان لە هەرێمدا جێبەجێ بکرایە، بارودۆخی سیاسیی بۆ سەرژمێری کردن گونجاوتر ببوایە، بە هۆکاری ئەوەی ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکراوە، لەڕووی دەستووریەوە ناوچەکان ئاسای نەبووەتەوە، ئاوارەیەکی زۆر لە کەرکوکی و خانەقینی و شەنگالی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەژین، هەروەها لە شاری کەرکوکدا عەرەبێکی یەکجار زۆر نیشتەجێ بوون، ئێمە چارەنووسمان دیار نییە، کە ئایا ئەم عەرەبانە لە داهاتوودا بڕیار لەسەر چارەنووسی شارەکە نادەن، هەروەها کەمتر لە ٪۸٠ هاوڵاتیانی عێراق کارتی نیشتیمانیان بۆ کراوە.
لە کۆتایدا داوای لە ئاوارەکانی شاری کەرکوک کرد، کە لە کاتی سەرژمێری کردندا بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکاری تەواوەتیان بۆ بگرێتەبەر، هەروەها کوردانی شاری کەرکوک بگەڕێندرێنەوە شوێنەکانی خۆیان تا لە ناوچەکانی خۆیان سەرژمێری بکرێن، چونکە ئێمە خۆمان خاوەن ماڵین، ناکرێت لە ڕۆژی سەرژمێریدا میوان دەرگا لە خاوەن ماڵ بکاتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە لە ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی ئەم مانگە پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە سەرتاسەری عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام بەشێک لە توێژە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان پێشبینی ئاکامی باش لەم سەرژمێرییە ناکەن و پێیان وایە بە بیانووی دابەزینی ڕێژەی دانیشتوانەوە بودجەی هەرێمی کوردستان کەم دەکرێتەوە.