ئەشکەنجەدانی ئاوارەکان لە کامپێکی عێراق ئاشکرا دەکرێت
ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ئاشکرای کرد، لە کامپی جدعەی باشووری شاری موسڵ، ئاوارەکان لەلایەن ئیدارەی کامپەکەوە ڕووبەڕووی مامەڵەی خراپ و ئەشکەنجەدان و ڕفاندن دەبنەوە.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە ئەشکەنجەدانی ئاوارەکانی کامپی جدعەی موسڵ ڕایگەیاند، ئاوارەکانی کامپی جدعەی باشووری موسڵ لەلایەن ئیدارەی کامپەکەوە ڕووبەڕووی مامەڵەی خراپ و ئەشکەنجەدان و ڕفاندن دەبنەوە، بەجۆرێک بەشێک لە پەبانەرانی ئەو کامپە بە تەزووی کارەبا و لێدان ئەشکەنجە دراون.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو بارودۆخەی لە کامپی جدعە دەگوزەرێت ترسناکە و جێگەی قبوڵ نییە و دەبێت دەستبەجێ بووەستێندرێت و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە، دەبێت دەسەڵاتدارانی عێراق دەستبەجێ ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ وەستاندنی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ بەرامبەر ئاوارەکانی کامپی جدعە.