کەژار بانگەوازی بۆ پشتیوانی لە وریشە مورادی کرد

باری تەندروستی وریشە مورادی، ئەندامی کەژار کە 'دژی سزای لەسێدارەدان' دەستی بە مانگرتن لە خواردنی نادیار کردووە، خراپتر دەبێت و کەژار داوای پشتیوانی و چالاکی لە وریشە مورادی دەکات تا کۆتایی بە مانگرتنەکە بهێنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کەژار سەبارەت چالاکی مانگرتنی وریشە مورادی لە گرتووخانەی ئەوین، ڕاگەیاندراوێکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە، لە ڕاگەیاندراوەکەدا کەژار بانگەوازی بۆ مانگرتنی بەرفراوان کرد و داوای لە ژنە زیندانیکراوی سیاسی وریشە مورادی کرد، لەبەر تێکچوونی باری تەندروستی چالاکیەکەی ڕابگرێت.

 

ڕاگەیاندراوەکەی کەژار بەم شێوەیە:

"بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە زیندانی ئەوینەوە گەیشتووە، هەڤاڵمان وریشە مورادی (جوانا سنە) بەهۆی دابەزینی زۆری پەستانی خوێنەوە لە دۆخێکی زۆر مەترسیدار دایە و ئەگەری زۆری هەیە هۆشیاری لەدەست بدات و بکەوێتە کۆما.

 

هەڤاڵمان وریشە مورادی ئەندامی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) لە مانگی ئابی ٢٠٢٣ لە کوردستان لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی ئێرانەوە دەستگیرکرا و ماوەی چەند مانگێک ئەشکەنجەی جۆراوجۆری جەستەیی و دەروونی بەسەردا سەپێنرا. دواتر لەلایەن دادوەر سەڵواتی بە تۆمەتی "بەغی" تۆمەتبار کرا و تا ئێستاش لە دۆخێکی نادیار و بێ بڕیاردا ڕاگیراوە. هەروەها وریشە لە دانیشتنی دووەمی دادگاییکردنەکەیدا وەک ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر شەریفە محەممەدی و پەخشان عەزیزی دا ئامادە نەبوو. جێی ئاماژەیە وریشە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ـەوە کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانی دژ بە سزای لەسێدارەدان لە دژی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران، دەستی بە مانگرتن کردووە. مانگرتنی بوێرانەی وریشە بۆتە قۆناغێک لە تێکۆشانی ژنانی تێکۆشەر لە زیندانەکاندا و دەنگی بەرخۆدان و ئازادیخوازی گەیشتووەتە گوێی ئازادیخوازان و بانگەوازی بەرخۆدانی ژنانی گەیاندە چوار گۆشەی جیهان.

 

ئێمە وەک کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ( کەژار ) وێڕای سڵاوی شۆڕشگێڕانەمان بۆ هەڤاڵی بەرخۆدێر و پێشەنگمان، بە هەست و ئەرکی بەرپرسیاریەتی خۆمان لەبەرامبەر ئەم دۆخە، لەسەر بنەمای ڕۆحی تێکۆشانمان داوا لە هەڤاڵمان دەکەین کۆتایی بە مانگرتنەکەی بهێنێت بۆ ئەوەی کۆمیتەکانمان بتوانن لەدرێژەی مانگرتن لەخواردنەکەیدا درێژە بە مانگرتن بدەن. لەم ڕووەشەوە ڕایدەگەیەنین کە لە سبەینێوە بە شێوەی بازنەیی لە وڵاتە جیاجیاکانی ئەوروپاوە بۆ پشتیوانی لە وریشە مورادی و سەرجەم زیندانیانی سیاسی و هەموو ئەو مرۆڤانەی کە مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە و ڕووبەڕووی کوشتنی بەزانا بوونی دەوڵەت(لەسێدارەدان) بوونەتەوە، مانگرتن لە خواردن بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دەست پێدەکەین. هەروەها داوا لە سەرجەم ئازادیخوازان دەکەین بەردەوام بن لە پشتیوانی و هاوخەباتیان لە پاراستن و خاوەنداری لە وریشە و هەموو پێشەنگەکانی تری کۆمەڵگا لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی.

 

مرۆڤایەتی و ئازادیخوازی سەرکەوتووی گۆڕەپانەکانی تێکۆشانن.

ژن، ژیان، ئازادی

کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)- ئەوروپا."