داوای وەستاندنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا دەکرێت

٣٤ حزب و لایەنی سیاسی داوای وەستاندنی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، لەسەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

٣٤ حزب و لایەنی سیاسی لە بارەی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و بانگەوازیی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و هێزە جیهانییەکان دەکەن، کە ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و کۆتایی بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر ناوچەکە بهێنن.

 

ئەو حزب و لایەنە سیاسییانە، هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر ناوەندە خزمەتگوزاریی و وێستگەکانی سووتەمەنی و بە ئامانجگرتنی هاوڵاتییانی مەدەنییەکان شەرمەزار کرد و باسیان لەوەکرد، ئامانج لەو هێرشانە بۆ تێکدانی پرۆژەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و کۆچبەرکردنی دانیشتوانی ناوچەکەیە.

 

هەروەها دووپاتیان کردەوە، کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەسەر گەلانی بندەست خۆی بنیادناوە و هەمیشە لە هەوڵی قڕکردنی گەلانی ناوچەکەیە، بەمشێوەیە دەیەوێت کێشە ناوخۆیەکانی بگوازێتەوە بۆ دەرەوە.

 

لە بەیاننامەکەدا ئاماژەیان بەوەشداوە، دەوڵەتی تورک هەوڵدەدات بە ڕێبازی سەربازیی، نەک بە ڕێبازی دیموکراتیکی ئاشتییانە کێشە ناوخۆییەکانی چارەسەر بکات.