هێرشی قڕکردن؛ تورکیا بۆردوومانی چڕی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەکات

هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان و لە سەرتاسەری هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامی هەیە و چوار کەس گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان منداڵە، لە شەنگالیش ژنێک برینداربوو.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی ڕابردوو ٢٣ی تشرینی یەکەم، سوپای تورکیا بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکی قورس ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای کردە ئامانج، سوپای تورکیا ماڵی هاوڵاتییانی لە شاری تل ڕەفعەت و گوندەکانی تل تەمر، کانتۆنی مەنبەج، بارەگای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، وێستگەی کارەبا لە کۆبانێ، خاڵەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و بنکەی تەندروستی قامیشلۆ، هەروەها وێستگە و باڵەخانە ستراتیژییەکانی کانتۆنی جزیرەی کردە ئامانج، لە هەمان کاتدا دەوڵەتی تورکی داگیرکەر وێستگەی نەوتی سەیدە لە گوندەکانی باکووری تربەسپی و وێستگەی کارەبای شاری عامودو و دەوروبەری بۆردوومان کرد، هەروەها حکومەتی تورکیا بە هێرشی ئاسمانی دەستی کرد بە هێرشکردنە سەر خەڵکی مەنبەج.

 

لەئەنجامی تۆپبارانی سەختدا، بەگوێرەی زانیارییەکان، لە تل ڕەفعەتی سەر بە کانتۆنی عەفرین و شەهبا، چوار هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا کە منداڵێکیان تێدایە و ١٠ کەسیش برینداربوون، هەروەها لە شاری کۆبانێ سێ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بریندار بوون، بۆردوومانی بنکەی تەندروستی لە گەڕەکی خەلیکی قامیشلۆ، بووە هۆی بریندار بوونی هاوڵاتییەک، هەروەها کرێکارێکی کارگەی غازیش لە هێرشی سەر وێستگەی سویدی لە شاری دێریک بریندار بوو. دوای هێرشەکانی قامیشلۆو کۆبانێ، کارەبا بڕا.

 

شەنگال و باشووری کوردستانیش بۆردوومان کراوە

شەوی ڕابردوو لە دەوروبەری کاتژمێر ١١:٣٠ خولەک، لە دەوروبەری گوندی بارێ کە سەر بە کۆمەڵگەی خانەسۆرە و لە کۆمەڵگەی دیگور فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چەند ماڵێکی مەدەنییان بۆردوومان کرد، ڕاگەیەندراوە کە لە ئەنجامی هێرشەکەدا ژنێک بە ناوی ئینتیسار خوەدێدا عەلی میراد بریندار بوو، بە درێژایی شەو جوڵەی فڕۆکە سیخوڕیەکان بەردەوام بوو.

 

هەر شەوی ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا، لە سنووری شارباژێڕی سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە نزیک گوندی گەڵاڵە چیای ئاسۆسیان بۆردوومان کردووە و تا بەرەبەیان فڕۆژەی جەنگیی بە ئاسمانی ناوچەکەدا سوورایەوە.

 

کامەران حەسەن قایمقامی ماوەت ئاماژەی بەوەکردووە، بۆردوومانەکە لە شوێنی گوندنشینانەوە دوور بووە، بەڵام خەڵکی ئەو گوندانە بە ئاسانی دەنگی فڕۆکەی جەنگیی و ساتی بۆردوومانەکەیان بیستووە و برووسکە و ئاگریان بینیووە.

 

بەپێی زانیارییەکان فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ناوچەی زەلانی لە سنووری شارۆچکەی چوارتا بۆردوومان کردووە و هاوڵاتییان دەنگی بۆردوومانەکەیان بیستووە.

 

بناری چێای قەندیلیش بۆردوومان کراو تا ئێستا لەبارەی زەرەر و زیانەکانی بۆردوومانەکە و قوربانییەکان هیچ زانیارییەک بەردەست نییە.

 

بەربەیانی ئەمڕۆ دەوڵەتی تورکیا بۆردوومانی وێستگەی گازی لە نزیک شارەدێی دێرک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای کرد و بە گشتی ٨ کرێکار گیانیان لەدەستدا.