٧١ سکاڵای هەڵبژاردنەکان گەیەندراوەتەوە کۆمسیۆن

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەركەوتنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەشدا ٧١ سکاڵایان ئاڕاستە کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەركەوتنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند و بە پێی ئەنجامەکان ڕێژەی گشتیی بەشداریكردن لە هەڵبژاردندا ٪٧٢ بووە.

 

كۆمسیۆن ئاماژەی بەوەشداوە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستاندا ٧١ سكاڵای فەرمی تۆمار كراون، لە ئەمڕۆشەوە لایەنەكان و كاندیدەكان دەتوانن سكاڵای خۆیان تۆمار بكەن، هەر ئەمڕۆ سندوقەكانی سكاڵا لە ناوەندەكانی هەڵبژاردنەوە دەگەنە بەغدا.

 

باس لەوەشكراوە، لە پارێزگاكانی سلێمانی ٢٥ و لە هەڵەبجە ٢٤ و لە دهۆك ١١ و لە هەولێر ١١ سكاڵا تۆمار كراوە، ئەوەش خراوەتەڕوو، ئامێری دەنگدان بە باشی كاریان كردووە و كێشەی بچووك هەبوون دەستبەجێ چارەسەركراون، هەروەها كۆمسیۆن هیچ ئامارێكی سەبارەت بەو دەنگدەرانە لە بەردەست نییە، كە پەنجەمۆرەكانیان نەخوێندراونەتەوە، دوای تەواوبوونی پڕۆسەکەش هەموو ئەنجامی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان گەیشتنە بەغدا و ئەمڕۆش ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردنەکان لەلایەن کۆمسیۆنەوە ڕادەگەیەنرێت.