دایکێک: ئەگەر دەنگ نەدەین کەواتە بەرامبەر بە خاکەکەمان ڕاست نین
پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و ژنانی سلێمانی داوا دەکەن، دایکان بێنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، چونکە ئەگەر دەنگ نەدەن، کەواتە بەرامبەر بە خاکەکەیان ڕاست نین.

سلێمانی
پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە کاتژمێر ٧:٠٠ی بەیانی دەستی پێکرد و تا ئێستا بەردەوامە، ژنان لە شار و شارۆچکەکانەوە دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و داواش دەکەن هەمووان بچن و داهاتووی خۆیان و منداڵەکانیان دیاری بکەن.
فەزیلە ئەحمەد، ژنێکی دانیشتووی شاری سلێمانییە، باس لەوە دەکات، کە دەبێت هەموو تاکێک پێشوازی لە هەڵبژاردن بکات، دەشڵێت: ئێمە کوردین و ئەم دەنگدانە مافی خۆمانە، ئەگەر دەنگ نەدەین کەواتە بەرامبەر بە خاکەکەمان ڕاست نین.
فەزیلە ئەحمەد دەشڵێت: پەیامم بۆ دایکان ئەوەیە منداڵەکانیان بە کوردی پەروەردە بکەن، خۆیان ئامادەی دەنگدان بن و منداڵەکانیشیان، کە مافی دەنگدانیان هەیە، بهێنن بۆ دەنگدان و دەنگ بە کوردبوونی خۆیان بدەن، من هەرگیز لەگەڵ بایکۆتی دەنگداندا نیم، ئێمە گەلێکین دایمە لە ژێر هەڕەشەداین، ئیستا کاتی چەک نەماوە، بۆیە بە دەنگی خۆمان کوردبوون و وڵاتی خۆمان دەپارێزین.
فریشتە کەیخەسرەو، ژنێکی دیکەی شاری سلێمانییە و بەشداری پڕۆسەی هەڵبژاردنی کردووە، باس لەوەدەکات پێویستە هەڵبژاردن بکرێت و ئەوەی شایستەیە سەربکەوێت، وتیشی: پێویستە هەمووان بێن و دەنگ بدەن و وەکو چاکێک کەسێکی شایستە بۆ پەرلەمان هەڵببژێرێت، ئێمە داوا دەکەین مافی ژنان بدرێت و خزمەتی ژنان بکرێت، داواکارم قوتابخانەمان بۆ بکرێتەوە و ئەوانەی نەخوێندەوارن دەست بە خوێندن بکەن.
لە کۆتاییدا وتی: وەکو کەسوکاری شەهیدان داواکارم هەمووان دەنگ بدەن و دەنگی شەهیدەکانمان بە فیڕۆ نەچێت.