لە یەمەن بڵاوبوونەوەی مەلاریا و کۆلێرا قەیرانی تەندروستی زیاتر دەکات

لەگەڵ گەڕانەوەی بارانبارینی وەرزی لە یەمەن، ناوچەی حورە غانیە لە شاری زاڵع شایەتی زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی حاڵەتەکانی کۆلێرا و مەلاریای لە ناو دانیشتووانی یەمەندا بەخۆیەوە بینی.

یەمەن

 

یەمەن دوای بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا و مەلاریا لەو وڵاتە، لە ئەنجامی خراپی بارودۆخ و دەستپێکردنی وەرزی بارانبارین، ڕووبەڕووی قەیرانی تەندروستی بووەتەوە و زۆربەی تووشبوونەکانیش لەناو منداڵان و ژنانی دووگیان و کەسانی تەمەن گەورەدایە.

 

ناوچەی حورە غانیە لە شاری زاڵع لە یەمەن شایەتی تێکچوونی بارودۆخی تەندروستییە لە ئەنجامی سەرهەڵدانی پەتای مەلاریا، لەگەڵ فراوانبوونی ناوچەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە هاوکات لەگەڵ گەڕانەوەی بارانبارینی وەرزی، کە بووەتە هۆی دروستبوونی تاڵاوەکانی ئاو کە گونجاوە بۆ زاوزێی مێشوولە.

 

ئەم بارودۆخە سەختانە ئازاری دانیشتووانیان زیاتر کردووە، بەو پێیەی ناوچەکە زیادبوونی بەرچاوی حاڵەتەکانی کۆلێرا تۆمار دەکات، ئەمەش ژیانی زۆرێک لە دانیشتووانی ئەو وڵاتە دەخاتە مەترسییەوە.

 

لە وردەکاریدا سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستی وڵات، بەڕێوەبەری یەکەی تەندروستی لە ناوچەی حورە غانیە ڕایگەیاند، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە ١٤ حاڵەتی پشتڕاستکراوی تووشبوون بە مەلاریا لە ناوچەکەدا دەستنیشانکراوە، سەرجەم تووشبووەکان خەڵکی هەمان ناوچەن.

 

بەڕێوەبەرەکە نیگەرانی زیاتری خۆی لە بڵاوبوونەوەی پەتای مەلاریا لە ژێر ڕۆشنایی سنوورداربوونی توانا تەندروستییەکان دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا، کەمی دەرمان و کەمی کارمەندانی پزیشکی هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات.

 

 لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، سەرچاوە ناوخۆییەکان باسیان لە تۆمارکردنی گیان لەدەستدانەکان کردووە، لەناویاندا منداڵێک کە تەمەنی لە ٦ ساڵ زیاتر نەبووە، جگە لە تووشبوونی تەواوی خێزانێک و یەکێک لەو فریاگوزاریانەی کە دوای هاوکاریکردنیان بریندار بووە.

 

پشکنینەکان دەریانخستووە، زۆربەی گیان لەدەستدانەکان منداڵانی خوار تەمەنی٥ ساڵان دەگرێتەوە، جگە لە ژنانی دووگیان و کەسانی بەساڵاچوو، بەو پێیەی ئەم مردنانە دەگەڕێتەوە بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەکان و نەبوونی چاودێری تەندروستی پێویست.

 

ئەو بەڕێوەبەرە داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان کرد دەستبەجێ دەستوەردان بکەن بۆ ڕزگارکردنی ژیان و دابینکردنی چاودێری تەندروستی پێویست بۆ نەخۆشەکان.