سزای نیلوفەر حامیدی و ئیلاهە محەمەدی بۆ ٥ ساڵ کەمکرایەوە

دادگای تێهەڵچوونەوەی ئێران تۆمەتی هاوکاریکردنی ئەمریکایان لەلایەن نیلوفەر حامیدی و ئیلاهە محەمەدی، بەسەر ئەو دوو ڕۆژنامەنووسەدا ڕەتکردەوە و سزای زیندانیی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسەیان بۆ ٥ ساڵ کەمکردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕژێمی ئێران بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا، ساڵی ڕابردوو سزای ١٣ ساڵ زیندانیی بەسەر نیلوفەر حامیدی و ١٢ ساڵ زیندانی بەسەر ئیلاهە محەمەدی، دوو ژنە ڕۆژنامەنووسی دیاری ئێراندا سەپاند، ئەمڕۆ دادگای تێهەڵچوونەوەی ئێران تۆمەتەکەی لەسەریان هەڵگرت و سزاکەیانی کەمکردەوە.

 

دەستەڵاتدارانی ئێران هەردوو ڕۆژنامەنووسە ژنەکەیان بە هاوکاریکردنی لەگەڵ ئەمریکا تۆمەتبار کردبوو، هەرچەندە ئەوان ئەو تۆمەتانەیان ڕەتکردووەتەوە و چالاکوانانی ئێرانیش دەڵێن: حکومەت بەهۆی کاریگەری ڕووماڵی خۆپیشاندانە فراوانەکانی ساڵی ٢٠٢٢ـی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادیی”، ئەو تۆمەتەی خستوونەتە پاڵ.

 

ئەسغەر جەهانگیر، وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەمە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سزای زیندانی بۆ هەریەک لە دوو ڕۆژنامەوانەکە کەمکراوەتەوە بۆ پێنج ساڵ، ئەوان لە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ ئەمریکا لە دادگای تێهەڵچوونەوە بێتاوان دەرچوون.

 

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ میدیا ناوخۆییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە، دادگای باڵای ئێران سزای لەسێدارەدانی چالاکوانی مافی کرێکاران شەریفە محەمەدی هەڵوەشاندەوە، کە تۆمەتبارکرابوو بە کارکردن لەگەڵ حزبی کۆمەڵە.