دیداری ژنانی كاندیدی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان له ‌هەڵەبجە‌ به‌ڕێوه‌جوو

لە دیدارێکدا دید و تێڕوانینی ژنانی بازنه‌ی هەڵەبجە‌ بۆ خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان و ‌بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و پڕۆژەی ژنانی کاندید خرایەڕوو.

هەڵەبجە

 

 پاشنیوەڕرۆی دوێنێ لە شاری هەڵەبجە، ڕێکخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگە و مافەکانی ژنان لە چوارچێوەی پڕۆژەی "قەریب"دا پانێڵێکیان سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لە یاسادانان و تێڕوانینی كچان و ژنانی بازنه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ ڕێكخست.

 

ڕه‌نگین سه‌لام، ئاماده‌كاری پڕۆژەکە‌ وتی: ئه‌مه‌ دیداری دید و تێڕوانینی ژنانی بازنه‌ی هەڵەبجە‌یه‌ بۆ خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان و ‌بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا، تا بزانین ئەو ژنانەی خۆیان کاندید کردووە لەلایەن هێزە سیاسییەکانەوە چ پلان و پڕۆژەیەکیان هەیە و دەیانەوێت چی پێشکەش بکەن، هه‌روه‌ها به‌شێكی تری دیداره‌كه‌مان باسكردنه‌ لە ڕۆڵی ژنان له‌ سیاسه‌ت و یاسادا.

 

ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی قه‌ریب كه‌ ڕێخراوی سی ئێف ئای سپۆنسه‌ری دەکات، بەڕێوەدەچێت، ئامانجیان ئە‌وه‌یه‌ هاوڵاتیان هۆشیار بن له‌ هه‌ڵبژاردن و مافه‌كانیان.

 

شۆخان ئەحمەد، وه‌ك پارێزه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێكخراوی هاریكاری یاسایی ژنان پانێڵێكی پێشكه‌ش كرد و وتی: ژنان له‌ هه‌رێمی كوردستان زۆرترین ڕێژه‌ی ده‌نگده‌رن و هه‌بوونی ئه‌م ژماره‌ زۆره‌ی كاندیدیش گرنگه،‌ چونكه ‌به‌شداری ژنان له‌ په‌رله‌مان گرنگه‌ وه‌ك لیژنه‌ یاساییه‌كان و لیژنه‌ی ژنان و خێزان و كۆمه‌ڵگەی مەده‌نی و لیژنه‌ی توندوتیژی، بۆیه‌ ده‌توانن ببن به نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ژنان  له ‌په‌رله‌ماندا.

 

لە کۆتایدا گفتوگۆیەکی چڕ لەلایەن ئامادەبووان و کاندیدانی ژن بەڕێوەچوو و پانێڵەکە کۆتایی هات.