هەڕەشەی زارەکی بۆ داننان بە "ئاپارتایدی ڕەگەزی" بەس نییە

ژمارەیەک لە ئەندامانی بزووتنەوەی گۆڕینی مێژووی ژنانی ئەفغانستان جەختیان لەوە کردەوە، هەڕەشە و ڕێوشوێنی زارەکی بەس نییە بۆ داننان بە "ئاپارتایدی ڕەگەزی" و جیهان دەبێت لە ڕێگەی ڕێوشوێنی کردارییەوە کۆتایی بەم پێشێلکارییە بۆ مافەکانی مرۆڤ بهێنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەندامانی بزووتنەوەی گۆڕینی مێژووی ژنانی ئەفغانستان، سەبارەت بە داننان بە "ئاپارتایدی ڕەگەزی" لە ئەفغانستان و ڕەوانەکردنی دۆسیەکە بۆ دادگای نێودەوڵەتیی داد لە ئەفغانستان، و داوای وەڵامێکی کردەیی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی مافەکانی ژنان کرد پێشێلکارییەکانی تاڵیبان، ڤیدیۆیان بۆ ڕاگەیاندنەکان نارد.

 

ئەندامانی ئەم بزووتنەوەیە ڕایانگەیاند، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا تاڵیبان بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەرفراوان مافەکانی ژنانی پێشێل کردووە و سەرەڕای وەڵامە نێودەوڵەتییە ناتەواوەکان درێژەیان بەو پێشێلکارییانە داوە، هەروەها بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ داننان بە "ئاپارتایدی ڕەگەزی" لە ئەفغانستان و داواکاری ٢٦ وڵات بۆ ڕەوانەکردنی دۆسیەیەکی دژی تاڵیبان بۆ دادگای نێودەوڵەتی لە لاهای بڕیارێکی ئەرێنی و کاریگەرە، بەڵام ئەم هەڕەشانە بەبێ ڕێوشوێنی پراکتیکی بەرهەمدار نابن.

 

بزووتنەوەی گۆڕینی مێژووی ژنانی ئەفغانستان داوای لە هەموو حکومەتەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە ڕێوشوێنی کۆنکرێتی و کردەیی بگرنەبەر بۆ لێپرسینەوە لە تاڵیبان لە تاوانەکانی دژ بە ژنان و مرۆڤایەتی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت پابەندبوونی خۆی بە مافەکانی مرۆڤ لە ڕێگەی ڕێوشوێنی پراکتیکی زیاترەوە بسەلمێنێت.

 

بزووتنەوەکە جەختی لەوەکردەوە، نابێت دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ تەنها لە قسەکاندا سنووردار بکرێت، بەڵکو پێویستە بە کردەوە جێبەجێ بکرێت، خەبات بۆ دادپەروەری و مافەکانی ژنان ئەرکێکی جیهانییە و پێویستە جیهان بیسەلمێنێت کە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بەتایبەتی مافی ژنان بێ وەڵام نابێت.