لە لیجە ژنان دژی کانەکانن: داهاتوومان دەکرێتە ئامانج
ئەو ژنانەی ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە کانگاکان کە کاریگەری لەسەر زۆرێک لە گوندەکان دەبێت، ڕایانگەیاند ژینگەکەیان لەناو دەچێت و خواست و ئایندەیان دەکرێتە ئامانج، ناچار دەبن کۆچ بکەن.
مەدینە مامەدئۆغڵو
ئامەد- لە باکووری کوردستان سیاسەتەکانی لەناوبردنی ژینگە بە شێوەیەکی سیستماتیک لە شارۆچکەکانی لیجە و قوڵپێ زیادی کرد، لەو گوندانەی لە ساڵانی نەوەدەکاندا کۆمەڵکوژی و سووتاندنی ماڵ و کۆچبەری تێدا ڕوویدا، بەهۆی چالاکیی کانەکان و دەرکردنی کازاکانی ناوچەکەوە، خەڵک ناچارن کۆچ بکەن.
دارەکان بڕدراون، کانی گوندەکان زیانیان بەرکەوتووە
بڕیارە لە ناوچەی زەنگەسۆر، هەشەدەر، میزاغ، پەچار، بایرلی و شاخور لە شارۆچکەی لیجە دامەزراوەیەکی کانگای مس دروست بکرێت، لە ساڵی ٢٠٢٠دا ڕاپۆرتی "هەڵسەنگاندنی کاریگەریی ژینگەیی (EIA) پێویست نییە" بۆ ئەو پڕۆژەیە دەرچوو کە لەلایەن دیمین و دیمەر مادنچیلیکەوە جێبەجێکراوە، کە بارەگا سەرەکییەکەی لە شاری قۆنیایە، دوای ڕاپۆرتەکە ٢٤ ئۆپەراسیۆنی کونکردن لەو ناوچەیە دەستیپێکرد، بۆ ئەو کارە هەزاران دار بڕدراون، گردێکی گوندەکەش بە مەبەستی دروستکردنی ڕێگایەک وێران کراوە، بەهۆی ئۆپەراسیۆنی کونکردنەوە لافاو دروستبووە و ڕێگاکانی سەر بیرەکان داخران، ئەمەش هۆکارێک بوو کە ئاژەڵەکان نەیانتوانی ئاو بخۆنەوە، مەزەندە دەکرێت ئەگەر پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت، ٧٠٠ دارستان لەو ناوچەیە لەناو دەچێت.
بارۆی ئامەد سکاڵای یاسایی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەکە تۆمار کرد
کاتێک بۆ ماوەی ٩ مانگ بیناسازی بۆ کاری کونکردن دەکرا، کۆمیسیۆنی یاسای ژینگە و شارەکانی بارۆی ئامەد، ئەم بابەتەیان بردە بەردەم داواکاری گشتی، کۆمسیۆن ڕایگەیاندووە بەهۆی چالاکییەکانی کانگاکان کە کاریگەری لەسەر زۆرێک لە گوندەکان هەیە، ڕووبەرێکی فراوان زیانیان پێدەگات، کۆمسیۆن بە ٢٤ بەڵگەنامە کە لە گوندنشینەکانەوە وەرگیراوە بۆ وەستاندنی پڕۆژەکە سکاڵای یاسایی تۆمارکردووە، لە کاتێکدا کۆمسیۆن چاوەڕێی ئەنجامی دۆسیەکە بوو، خەڵکی گوندەکە ڕایانگەیاند، بە چالاکیی جەماوەری ڕێگری لە تێپەڕبوونی پڕۆژەکە دەکەن.
"ئەمە دووەم جارە ناچارن چۆڵ بکەن"
ئەو ژنانە کە لە دوای ساڵی ١٩٩٣بۆ جاری دووەم زیانیان بەرکەوتووە، بە وتنی "ڕابردوو و داهاتوومانە" ئاماژەیان بەوە کردووە، ماڵەکانیان بەجێناهێڵن و داوای هەستیارییان لە ڕای گشتیدا کردو ڕایانگەیاند پێویستە پشتیوانی لە خەباتیان بکرێت.
"دروستکردنی کانگاکان ڕێگای بۆ پیسبوونی ژینگە کردەوە"
مەدینە ئالان، کە لە گوندی میزاغ نیشتەجێیە و ماڵەکەی زۆر نزیکە لە شوێنی کانەکە، باسی لەوەکرد کە لە چەند مانگی ڕابردوودا بەهۆی تۆزی کارەکانەوە ناتوانن لەبەردەم ماڵەکەیان دابنیشن، ئەم کارە تەنها زیان بە مرۆڤ ناگەیەنێت، بەڵکو زیان بە هەموو زیندەوەران و ئاژەڵ و درەختەکان دەگەیەنێت وتیش: لە ساڵانی نەوەدەکاندا لە گوندەکانمان دەربەدەر بووین، لەم پرۆسەیەدا تەنها جلەکانمان برد و ڕۆیشتین، ئێستا دەگەڕێینەوە؛ ئێمە تەنها بە خاوەندارێتی جل و بەرگێک دەمانەوێت لە گوندەکەدا بژین، بەڵام لەبەردەمماندا دەبنە ئاستەنگ، لێرە هیچ کاروبارێکیان نییە، ئەم کانزایە زیان بە ئێمە دەگەیەنێت هەروەها زیان بە جەستەمان دەگەیەنێت، هەموو شوێنێک بە خۆڵ داپۆشراو، دەبێت کار بکەین بۆ ئەوەی بژێوی ژیانمان دەست بکەوێت، دەمانەوێت لە گوندەکەماندا بژین. لە ئامەد کارێک نییە. دوای ٣٠ ساڵ گەڕاینەوە گوندەکەمان، پێیان وتین هەموو شتێک دەدەین، ئێستا دەیانەوێت ئەوەی هەمانە بیبەن، دەیانەوێت شاخ و نیشتمانمان لێ وەربگرن، ئێمە ئەم کانەمان ناوێت و هەرچی پێویست بێت تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین، ڕێگە بە کانگاکردن نادەین.
"لە باخچە و چەمەکانمان هیچ بەرهەمێک نەماوە"
عەزیزە ئالان ڕوونیکردەوە، کۆمپانیای کانزاکە دەستیان بە کارکردن کرد و کاتێک کاردانەوەیان هەبوو، خاوەن کۆمپانیاکە گلەیییان لە جەندرمەکان کرد، کاتێک ویستوویانە ناوچەی ژیانیان بپارێزن، ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی جەندرمەکان بوونەتەوە بەڵام سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان خاکی خۆیان دەپارێزن، وتیشی: بەهۆی ئەم کانانەوە هیچ دارێکمان لە دەستدا نەماوە، ناتوانین وەک جاران لە کێڵگە و باخەکانمان دروێنە بکەین، ئەم شوێنە ٩ مانگە لەناو خۆڵدا بەجێماوە، ئیتر دارستانمان نییە، ئاو و چەمەکانمان پیس دەکەن، لەو باخچانەی کە پێشتر سەوزەیان تێدا بەرهەم دەهێنرا، ئەمساڵ نەکرا،ئێمە ئەم کانزایانەمان ناوێت، وەک چۆن هاتوون، بە هەمان شێوە بڕۆن، ئێمە لێرە ناڕۆین، با ئەوان بڕۆن، هەموو هەوڵێک دەدەین. تا دوا خوێنمان چالاک دەبین و ئاگاداری خاکەکەمان دەبین، هەموو کارێک کاری ئێمە و خاوەن ڕابردوو و مێژووین، دێینە ئێرە بۆ ئەوەی کار بکەین،. ئەوانەی ئەم دزییە دەکەن نە مرۆڤن و نە موسڵمانن. کاتێک دوا شت مردن بێت، ئێمە دەمرین، بەڵام خاکەکەمان بەجێناهێڵین.
"بوارەکانی ژیان و داهاتوومان دەکرێنە ئامانج"
ئەلیف ئالان ڕایگەیاند، ئەوان لە ماڵەکانیان دەمێننەوە، وتی: لە ساڵانی نەوەدەکاندا گوندەکانمان چۆڵکران و زیانمان بەرکەوت، بۆیە ئەمە دووەم جارە کە زیانمان بەردەکەوێت، هەم ڕابردوومان و هەم داهاتوومان بەم کانە دەکرێنە ئامانج و مەبەست لێی لەناوچوونە، ڕێگە بە کانگاکردن نادەین، ئێمە هیچ پڕۆژەیەک قبوڵ ناکەین کە ئاو و ژینگە و بژێوی ژیانمان بکاتە ئامانج، ئاگاداری ئەو شوێنانە دەبین و ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین، هەزاران دار بڕدرا، ڕێگاکانمان وێران بوون، ژنان و گوندنشینان ڕێگە نادەن ئەم کارە ئەنجام بدرێت، دەمانەوێت ئایندەیەک و خاکێک بە منداڵەکانمان بدەین، نامانەوێت بچینە شارەکان، گوندەکەمان و ئەم ژیانەمان خۆشدەوێت، ئەم کانە هیچ بەرد و ئاو و خاکێکی لە گوندەکەدا نەهێشتەوە، لە کاتی ئۆپەراسیۆنی کونکردنەکەدا هەموو بەردەکان لە شاخەکەوە هاتنە خوارەوە ڕووبەڕووی ژاوەژاو و دوکەڵ و هەموو تۆز و خۆڵ دەبینەوە، ئەگەر بزانین کە دەمرین، دەستبەرداری دۆزی خۆمان نابین، وازناهێنین و تا کۆتایی بەردەوام دەبین لە خەبات.