"ژن، ژیان، ئازادی، وەرچەرخانی تێکۆشانی ژنانە"

کۆنگرەی ستاری حەسەکە بە ڕێپێوانێکی جەماوەری یادی ٢ ساڵەی کوشتنی ژینا ئەمینی کردەوە و جەختکرایەوە، فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی'' بووەتە دروشمی خەباتی ئازادیخوازی ژنان و پەیام بۆ بەرزکردنەوەی تێکۆشان درا.

حەسەکە

 

لە ١٦ ئەیلوولی ٢٠٢٢دا ژینا ئەمینی لە پایتەختی ئێران لە لایەن "پۆلیسی ئەخلاق" و بە هۆکاری ئەوەی جلەکانی بە پێی یاساکانی ڕژێمی ئێران نەبووە دەستگیر کرا و ئەشکەنجە درا، ژینا ئەمینی لە ئەنجامی ئەشکەنجەی قورس دەچێتە کۆما و پاش سێ ڕۆژ گیان لەدەستدەدات، کۆنگرەی ستاری حەسەکە بە بۆنەی دووەمین ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕێپێوانێکی جەماوەری ساز کرد.

 

ژنانی تل تەمر، زرگان، دربەسی و حەسەکە بەشداری ڕێپێوانەکەیان کرد و وێنەی ژینا ئەمینی، ساکینە جانسز و هاوڕێکانی و پلاتکاردیان بە دەقی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرز کردەوە، ڕێپێوانەکە لە بەردەم گۆڕەپانی کەڤۆک دەستی پێکرد و لە بەردەم گۆڕەپانی شەهید سەرحەد لە گەڕەکی مفتی ڕاگەیەندراوێک خوێندرایەوە.
 

"ئەوان دەیانەوێت ڕێگری لە فەلسەفەی ژیان بکەن"

دوای خولەکێک  ڕێزگرتن، ژیان حسێن، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: سەرهەڵدانی ژینا ئەمینی شۆڕشێکی گەورە بوو کە یەکگرتوویی ژنان هێنایە ئاراوە، ئەم سەرهەڵدانە دژی سیستمە دەسەڵاتدارەکانە کە ژنانیان بە کۆیلە کردووە و مافە سروشتیەکانیان لێ زەوت کردووە، ئەمڕۆ هەمووان کاریگەری ڕاپەڕینی ژینا ئەمینییان لەسەرە، فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" بوو بە فەلسەفەیەکی جیهانی، چونکە فەلسەفەیەکی ڕاستەقینە و دیموکراتیکە و دژی سیستمی پیاوسالاری دەجەنگێت، هێرش دەکرێتە سەر ئەم فەلسەفەیە، وەک بە ئامانجگرتنی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە باشووری کوردستان، دوژمن دەیەوێت ڕەوتی ئەم فەلسەفەیە ڕابگرێت، بەڵام ئەم بزووتنەوەیە بە ئیرادە و یەکڕیزی ژنان دەستی پێکرد و بە تێکۆشانی ژنان لە هەموو جیهاندا بەردەوامە، بۆیە کەس ناتوانێت ڕێگری لەم ڕق و کینە بکات، بانگەوازمان ئەوەیە یەکێتی و ڕێکخستن و سیستمی خۆپارستنمان بەهێز بکەین تا خاوەنداری لە فەلسەفەی "ژن و ژیان و ئازادی" بکەین.

 

"شەپۆلەکانی ئازادی بەردەوامن"

سەمەر عەبدوڵا، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار دەستنیشانی  کرد، بەئامانجکردنی ژینا ئەمینی بەئامانجکردنی هێڵی ئازادییە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: کوشتنی ژینا ئەمینی سەرەتای پریشکی ئازادی بوو لە هەموو جیهاندا، پلانی جینۆساید و لەناوبردن بە درێژایی مێژوو بەردەوامە، بۆ ئەوەی ژنان داوای ئازادی نەکەن، ئەوان بە بیانوو ژینا ئەمینییان کردە ئامانج، بەڵام پلانی هێزە هەژمونیەکان دژیان بووەوە و لەگەڵ کوشتنی ژینا ئەمینی  سەرهەڵدان و یەکگرتوویی ژنان بەهێزتر بوو، شەپۆلی هێڵی ئازادی بەردەوامە و بۆ ئەوەی ئەم هێڵە بگاتە ئامانجەکەی، هەزاران ژنی قارەمان و ئازادیخوازی وەک ژینا ئەمینی دێنە دەرەوە و خۆیان دەکەنە قوربانی، ئەمڕۆ ئێمەش لەسەر ئەم ڕێگایەین و ئەمڕۆ لە مەیدانداین بۆ گەیشتن بە ئازادیی تەواوی ژنان و بەڵێن دەدەین ئاستی تێکۆشان بەرز بکەینەوە.

 

ڕێپێوانەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.