بەرەی ژنانی باشوور: شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی شۆڕشێکی جیهانییە

بەرەی ژنانی باشووری کوردستان ڕاگەیەندراوێکیان لە ساڵڕۆژی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، "ژنانی چەوساوە و بەشمەینەتی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران درکیان بەو راستییە کرد کە، ئازادی کۆمەڵگە بە ئازادی ژناندا تێپەڕ دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

دوو ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر کوژرانی دەوڵەتیی ژینا ئەمینی و دەستپێکی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرەی ژنانی باشووری کوردستان ڕاگەیەندراوێکیان لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە و جەختیان کردەوە، "لە کەسایەتی شەهید ژینا ئەمینی کە وەک سیمبولی شۆرشی (ژن ژیان ئازادی)یە، هەموو ئەو شەهیدانەی کە بوونە گڕوتین و بەردەوامی ئەم شۆڕشە بەڕێزەوە بەبیردەهێنینەوە و بەڵێن دەدەین کە ئەم شۆڕشە سەردەخەین و ئامانج و هیواکانیان بۆ ئازادی بەدیدەهێنین و درێژە پێدەری ڕێگەکەیان دەبین تا دوا هەناسە تێکۆشان ئەکەین".

 

دەقی ڕاگەیەندراوی بەرەی ژنانی باشووری کوردستان؛

دوو ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر شەهیدبوونی ژینا ئەمینی و دەستپێکی شۆڕشی (ژن ژیان ئازادی) کە شۆڕشێکی فکری و زهنی و ئەخلاقی و ویژدانییە لە پێناوی ئازادی کۆمەڵگە و مرۆڤایەتیدا، بۆ یەکەمین جار ئەم دروشمە وەک مانیفێستێک لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان وەک نەخشە ڕێگەیەک بۆ ئازادی ژنان و کۆمەڵگە بانگەشەی بۆ کرا و لەلایەن ژنانی بزووتنەوەی ئازادییەوە کرا بە پراکتیک و لەسەر ئەو بنەمایەی هەتا ژنان ئازاد نەبێت کۆمەڵگەش ئازاد نابێت، هەروەها ژنی ئازاد بەواتای ژیانی ئازاد دێت. ئەم دروشمە بە ساڵانە لە لایەن ژنانەوە بەرزدەکرێتەوە. هەر زوو ژنانی چەوساوە و بەشمەینەتی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران درکیان بەو راستییە کرد کە ئازادی کۆمەڵگە بە ئازادی ژناندا تێپەڕ دەبێت و هەتا ژن لە جوگرافیای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ئازاد نەبێت کۆمەڵگەش ئازاد نابێت. بۆیە دروشمی شۆرش و سەرهەڵدان و نارەزایەتییەکانیان لە دژی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی کرد بە (ژن ژیان ئازادی) و هەر زوو ئەم شۆرشە بە کوردستان و ئێران و وڵاتانی جیهاندا بڵاوبوویەوە و بوو بە شۆرشێکی جیهانی و ئەمرۆ ژنانی ئەفغانستان و هندستان و تەواوی ژنانی جیهان وەک شۆڕشێکی جیهانی ژنان ئەم دروشمەیان کردووە بە دوشمی هەموو نارەزایی و داواکارییەکانیان.

 

ژنان هەر لە کۆنەوە  وە هەتا ئێستا بەرامبەر ناهەقی و کۆیلایەتی دژی دەسەڵاتی پیاو سالاری تێکۆشانیان کردووە. زۆرجار بێ ئەوەی دەنگیان ببیسترێ بێ دەنگ کراون و زۆرجاریش دەنگی ژنی ئازاد هەموو جیهانی هەژاندووە.لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش ژن و گەل هیچ کاتێک لە سەدا سەد کۆیلەنەبوون و بن دەست بوونیان قەبوڵ نەکردووە. هەرچەندە ماوە ماوە بە حوکمی هێز و دەسەڵات توانیویانە کە هەم ژن و هەم کۆمەڵگە بێدەنگ بکەن بەڵام ئەمەش بە واتای ئەوە نایات کە هەستی ئازادی و دیموکراتیبوون لەلایان کاڵ بووبێتەوە.

 

ئەو هێرشەی کە کرایە سەر (ژینا ئەمینی) هێرشێک بوو کە لەکەسایەتی  شەهید ژینادا کرایە سەر  ژنی ئازاد و  بە ئیرادە کە هیچ کات کۆیلایەتی قەبوڵ نەکردووە و ناکات. ژینا ئەمینی سیمبوولێکە لە بەرامبەر زهنیەتی پیاو سالاری و دەسەڵاتداری سەریهەڵداوە، لە سەرەتادا لە کەسایەتی شەهید ژینا ئەمینی کە وەک سیمبولی شۆرشی (ژن ژیان ئازادی)یە هەموو ئەو شەهیدانەی کەبوونە گڕو وتین و بەردەوامی ئەم شۆڕشە بەڕێزەوە بەبیردەهێنینەوە و بەڵێن دەدەین کە ئەم شۆڕشە سەردەخەین و ئامانج و هیواکانیان بۆ ئازادی بەدیدەهێنین و درێژە پێدەری ڕێگەکەیان دەبین تا دوا هەناسە تێکۆشان ئەکەین.

 

 هەروەکو چۆن بە درێژایی مێژوو ژنان بەشێک بوون لەهەموو سەرهەڵدان و شۆڕشەکان و رۆڵی پێشەنگیان گێراوە، لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادیشدا بەهەمان شێوە ژنان پێشەنگ بوون و رۆڵی کارایان گێراوە و توانیویانە هەموو کۆمەڵگە بەشداری ئەم شۆڕشە بکەن بێگومان ئەمە نەک تەنها لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران یان رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بەڵکو توانیویانە هەموو ژنانی جیهان و تەواوی ئازادیخوازانی جیهان بەشداری ئەم شۆرشە بکەن.

 

 ئێمە وەکو ژنی کورد سەربەرزین کە پێشەنگی فەلسەفەی ژن ژیان ئازادین ئێمە، بە درێژایی چەندین ساڵ لەسەر فەلسەفە و واتای ژن ژیان ئازادی خۆمان قوڵ ئەکەینەوە تێکۆشان ئەکەین. لەبەرئەوەی ئەزانین ژیانێکی پیاوسالار و دوور لە حەقیقەت ژیانێکە دوورە لە ژنی ئازاد و کۆمەڵگەیەکی بە ئیرادە. وەکو بەرەی ژنی باشوور هەموو گەلی ئێران بەلوج و ئازەرو و فارس و عەرەب و گەلی  ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەروەها هەموو ئەو پیاوانەی کە بەژداری شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بوونە وە ئازادی خۆیان لە ئازادی ژن بینیوە سڵاو دەکەین، هەروەها هەموو ئەو کەسانەی کە لەم ڕێگایەدا زیندان و ئەشکەنجە و سێدارەیان لەبەرچاو گرتووە لە پێناو سەرخستنی ئەم شۆڕشە و هەتا پلەی شەهید بوون چوون بەڕێزداریەوە یادیان ئەکەینەوە.

 

ئێمە بەرامبەر لەسیدارەدانی ژنان و گەنجانی ئێران دەسەڵاتی ئێران شەرمەزار دەکەین و بانگەوازی لە هەموو ئازادیخوازانی جیهان دەکەین کە لە بەرامبەر لەسێدارەدان بێ دەنگ نەبن و هەڵوێستی جددی نیشان بدەن. لە کۆتاییدا ئێمە وەکو بەرەی ژنی باشووری کوردستان ئەم شۆڕشە وەکو بەردەوام کردنی هاواری هەزار ساڵە ئەگرینە دەست و  بەڵێن دەدەین سەدەی ٢١ دەکەینە سەدەی ئازادی ژن و شۆڕشی ژن. لەم ڕێگەیەشدا بەڵێنی گەورەکردنی تێکۆشانی دووبارە دەکەینەوە.