کۆنگرەی ستار: لە هەنگاوی "ژن، ژیان، ئازادی" هیچ گەڕانەوەیەک بۆ دواوە نییە
بە بۆنەی ساڵیادی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆنگرەی ستار ڕایگەیاند، "با جیهان بزانێت کە گەڕانەوە بۆ دواوە لە هەنگاوی "ژن، ژیان، ئازادی" نییە، ژنان سەریان هەڵدا و سەدەی بیست و یەکەم دەکەینە سەدەی ئازادی ژنان.
ناوەندی هەواڵ
ئەنجومەنی کۆنگرەی ستار بە بۆنەی دووەمین ساڵڕۆژی سەرهەڵدانی " ژن، ژیان، ئازادی" کە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد و بە جیهاندا بڵاوبووەوە، ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.
ڕاگەیاندراوەکە بە ووتنی "ژینا ئەمینی، کە تێکۆشانەکەی و سەرهەڵدانەکەی بە شۆڕشی قژ درێژەی هەیە و بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' دەنگی داوەتەوە، بوو بە هێمای خەباتی هەموو ژنانی جیهان، بە بیر دەهێنینەوە'.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە دەکات، فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" لەلایەن عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کوردەوە بنیادنرا و دوای کوشتنی ژینا ئەمینی بووە بە هاوار و دەنگی سەرهەڵدێران، لە جیهان بوو بە دەنگ، ڕۆح، تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنانی جیهان، لە دووەم ساڵڕۆژی "شۆڕشی قژ"دا، هێرشه کانی ڕژێمی ئێران به شێوەیەکی توند بەڕدەوامن، هێشتا زۆرێک لە ژن و منداڵ و دایکان ئازار دەچێژن، ئەقڵیەتی پیاوسالاری ڕەگەزپەرست و باڵادەست هێشتا بەردەوامە لە چەوساندنەوەی توندی ژنان و هەموو کۆمەڵگە، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەم عەقڵیەتە، دەیان ژن دەستگیرکران و ئەشکەنجە دراون و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، زۆرێک لە ژنانی وەک پەخشان عەزیزی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا، چونکە لە چاپەمەنی ئازاددا ڕاستی دەوڵەتی ئێرانیان دەربڕی.
''بوو بە دەنگی هەزاران ژنی سەهەڵدێر"
لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کرا، ژنانی بەرخۆدێر و ئازادیخواز لە تێکۆشانیان لە دژی ئەو کارانە بەردەوامن و وەک لەم دواییانەدا لە هیندستان بینرا، هەموو ژنانی جیهان لە دەوری دروشمی "ژن ، ژیان، ئازادی" یەکگرتوو بوون، "لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا ژنان بە هێزی خۆپاراستنیان، یەپەژە، پارادایمی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژی و ئازادی ژنانیان بنیادنا، ئێمە وەک ئەنجومەنی ئازادی ژنان، بۆ هەموو ژنانی ستەملێکراو، دەبینە هیوای ژیانێکی ئازاد، دەنگ و ڕەنگی شۆڕشی ژنان لەسەر خاکی میزۆپۆتامیا دەبین، مێژووی شۆڕشی بەردینە نوێکان جارێکی دیکە لە ڕێگەی ڕێکخستنی ژنانەوە زیندوو دەکەینەوە".
''گەڕانەوە نییە''
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت کرایەوە، "ژن، ژیان، ئازادی" بووە دەنگی ژینا ئەمینی و خۆی گەیاندە هەموو جیهان و بوو دەنگی هەزاران ژنی سەرهەڵدێر، ئەم دەنگە لە هەموو پێگەیەکی شەڕدا بوو بە فیشەک و لە دڵی دوژمندا تەقیەوە، یاساکان لەناو دەبات، توندوتیژیی عەقڵیەتی پیاوان ئاشکرا دەکات.
با دونیا بزانێت کە گەڕانەوە بۆ دواوە لە هەنگاوی "ژن، ژیان، ئازادی" نییە، ژن هەستاوە و سەدەی بیست و یەک لە ڕوانگەی تەلارسازەکەی ئازادییەوە دەکەینە سەدەی ئازادی ژن.