کۆچبەرانی سەرێکانی: تاکە خواستمان گەڕانەوە بۆ شارەکەمانە

ژنانی کۆچبەری سەرێکانی داگیرکراو کە لە کامپی نەورۆز لە شاری دێرک دەمێننەوە، ڕایانگەیاند، تاکە خواستیان ڕزگارکردنی شارەکەیان و بە سەلامەتی گەڕانەوەیە.

عەبیر محەمەد

 

دێرک- بەپێی ئاماری ناوەندی خزمەتگوزاری کۆچبەران و پەنابەرانی کانتۆنی جزیر، تەنها لە چوار کامپدا لە کانتۆنی جزیرە، نزیکەی ٥١ هەزار کۆچبەر هەن، شایانی باسە لە دەرەوەی کامپەکانیش هەزاران کەس هەن و دۆخی کۆچبەران لەلایەن ڕای گشتی نێودەوڵەتییەوە پشتگوێ دەخرێت، چاویان لە کردەوە و تاوانەکان لە سەرێکانی داگیرکراو دادەخەن و ژنانی کۆچبەری سەرێکانی داگیرکراویش بە هیوای گەڕانەوە ڕۆژەکانیان تێدەپەڕێنن.

 

ڕەجا عەبدۆ، ​​تەمەن ٤٧ ساڵ دانیشتووی سەرێکانی داگیرکراو، ماوەی ٥ ساڵە لە کامپی نەورۆز لە شاری دێرک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ ١٠ ئەندامی خێزانەکەی نیشتەجێیە، دەڵێت: ژیانی ناو کامپەکان وەک ژیانی ماڵ و شارەکەت نییە، سەرەتا منداڵەکانمان هیچ داهاتوویەکیان نییە، کاتێک مرۆڤ کۆچبەر بێت، هەموو شتێک قورس و زەحمەت تر دەبێت.

 

"لەبەر ئەوەی کوردین، پشتگوێ دەخرێین؟"

ڕەجا عەبدۆ ئاماژەی بەوەدا کە ڕێکخراو و کۆمەڵە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بایەخیان پێنادەن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: مانگی جارێک هاوکاری مرۆییمان وەک بەرهەمی پاک وخاوێنی و خواردن و نان پێدەدەن، ڕێکخراوە مرۆییەکان بە هیچ شێوەیەک هاوکاری ناکەن و ئەوەی دەیکەنیش کەمە، ئێستا پشتیان لە ئێمە کردووە و گوێمان لێ ناگرن.

 

درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە پێمان وایە بۆ ئەوەی ئێمە کوردین، وڵاتانی جیهان پشتگوێمان دەخەن؟ بۆ بە چاوی مرۆڤ سەیری کۆچبەرەکان ناکەن، ئێمە زەوی و ماڵی خەڵکمان داگیر نەکرد، زەوی و ماڵەکانمان لە دەستمان چوو.

 

"بە زۆر ئاوارە بووین و جیهان بێدەنگ بوو"

هەدلا مستەفا، تەمەن ٣١ ساڵ، خەڵکی سەرێکانییە، ڕایگەیاند، بەهۆی داگیرکارییەوە ناچاربوون کۆچ بکەن و وتی: ئێمە لە خێزان و دۆست و دراوسێکانمان جیا بووینەوە، هەر خێزانێک چووە شوێنێک، موڵک و ماڵی ئێمە نەماوە، هیچمان نەماوە، بانگەواز بۆ هەموو وڵاتان دەکەم، بۆچی کەڕن بەرامبەر بە ڕاستی؟ بۆچی بە ئەردۆغان ناڵێن چیت لەم خەڵکە دەوێت؟ کەس ناڵێت ئەم گەلە رەوشی ژیانیان خراپە، بۆچی کەس باسی ئەم بابەتە ناکات.

 

"تا تورکیا و چەتەکانی لە سەرێکانی نەچنە دەرەوە ناگەڕێینەوە"

هەدلا مستەفا سەرنجی بۆ ئەو تاوانانە ڕاکێشا کە لە ناوچە داگیرکراوەکان ئەنجام دەدرێن و وتی: تاڵان و وێرانکاری و دزی و کوشتن هەمیشە لە سەرێکانی بەردەوامە، لە ناوچە داگیرکراوەکاندا ژنان دەخرێنە بازاڕەوە، دەکڕدرێن و دەفرۆشرێن، تا دەوڵەتی تورکیا و بەکرێگیراوەکانی لە شارەکەمان بن، ئێمە ناگەڕێینەوە.

 

"تاوانێکی گەورەیە"

هەدلا مستەفا ئاماژەی بەوەدا کە لە شاری سەرێکانی ژیانی هاوڵاتیان لە یەکسانی و ئارامیدا بووە و وتی: بە هەستی خوشکایەتی و برایەتی پێکەوە دەژیاین، ئەمڕۆ گۆڕانی دیمۆگرافی هەیە، دەیانەوێت عەرەب لەو ناوچانەدا نیشتەجێ بکەن، ڕاستە هەموومان وەک یەکین، بەڵام کاتێک دیمۆگرافیای شارێک بە گشتی دەگۆڕێت و چەتە دڕندەکان لەوێ نیشتەجێ دەبن، ئەوا ئەمە تاوانێکی گەورەیە.