بە دروشمی "ئێوە ئایندەی گەشن" یەکەمین فێستیڤاڵی چالاکی هونەری قوتابخانەکان بەڕێوەچوو
بە دروشمی "ئێوە ئایندەی گەشن" لە سەنتەری گەنجانی کۆیە یەکەمین فێستیڤاڵی چالاكی هونەری قوتابخانەكانی پەروەردەی كۆیە بەڕێوەچوو، تیایدا منداڵان چالاکییە هونەرییەکانیان پێشکەشکرد.
کۆیە
وەرزی هاوینی ئەمساڵ بەشی چالاكی قوتابخانەكانی پەروەردەی كۆیە خولی هاوینەی بۆ بوارەکانی شێوەكاری، میوزیک، شانۆ، خەت خۆشی، هۆنراوە، پەخشان و كاری دەستی لە سەنتەری گەنجانی کۆیە کردەوە و نزیکەی ٢٠٠ خوێندکار بەشدارییان تیادا کرد، ماوەی خولەکە دوو مانگی خایاند و لە کۆتا ڕۆژیشدا بە فێستیڤاڵێکی هونەری بەرهەمی بەشداربووان نمایشکرا.
دنیا شێروان، مامۆستای بەشی شێوەكاری لە بارەی چالاكیەكانیان وتی: یەكەم ساڵە خولەكانمان بەم شێوە جۆراوجۆر بن و فێستیڤاڵی بۆ ساز بدەین، گرنگی ئەو خولانە لەوەدایە منداڵان دووربخرێنەوە لە تەكنەلۆژیا و فێری لێهاتوویەك ببن، هەروەها فێردەبن ئەو شتانەی لەناو ماڵەوە بە كەڵك نایەت، دووبارە سودی لێببیننەوە و بەكاری بهێننەوە، هاوكات ئەو شتانەی گەر لێرە فێربوون لە داهاتوش دەتوانن سودی لێببینن.
ئەومامۆستایە هیواخوازە كە دایك و باوکان گرنگی بە منداڵەكانیان بدەن و هەوڵبدەن لە ئێستاوە لێهاتوویەكانیان نمایش بكەن، دەشڵێت: منداڵ زوو شت فێر دەبێت، دەتوانێت ئەو شتانەی ئێستا فێر دەبێت لە داهاتوودا بۆی ببێتە سەرچاوەی كار و داهات.