سەردەشت، قەیرانی ئاو ئازاری ژنان گەورەتر دەکات

 قەیرانی ئاوی شاری سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژنانی خستووەتە بەردەم ئاستەنگە گەورەکانی ڕۆژانە، هەر لە هەڵگرتنی ئاو بۆ بەکارهێنانی ناوماڵەوە تا ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەی جەستەیی و تەندروستی کە لە ئەنجامی نەبوونی ئاوی پاکەوە سەرهەڵدەدات.

لالە مەحمودی

 

سەردەشت- سەرەڕای زۆری سەرچاوەکانی ئاو لە شاری سەردەشت، دەستکەوتنی ئاوی پاکی خواردنەوە بووەتە کێشەیەکی سەرەکی بۆ دانیشتوانی ئەم ناوچەیە، بەتایبەتی ژنان، گوندنشینان، و ئاژەڵدارەکان.

 

 لە گوندەکاندا ژنانی بەرپرسیار لە دابینکردنی ئاو بۆ بنەماڵەکانیان زیاتر لە خەڵکی دیکە تووشی کێشە دەبن و لە کاتێکدا ڕژێمئ ئێران سەدان ملیار تمەنی بۆ گواستنەوەی ئاوی ڕووباری زاب بۆ دەریاچەی ورمێ خەرج کردووە، دانیشتوانی سەردەشت بە تایبەت لە ناوچە گوندنشینەکان، لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەشن، کە بریتییە لە دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاک بۆ خواردنەوە.

 

ئاژەڵدارەکان کە پشت بە کانیاو و ڕووبارەکان دەبەستن بۆ دابینکردنی ئاو بۆ ئاژەڵەکانیان زۆرجار ناچار دەبن مەودای دوور ببڕن بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی ئاو، ئەم بارودۆخانە نەک تەنها بەرهەمهێنانیان کەم دەکەنەوە، بەڵکو فشارێکی زۆری ئابووری و ماددیشیان بەسەردا دەسەپێنن.

 

کاریگەرییەکانی قەیرانی ئاو لەسەر ژنان و کۆمەڵگە گوندنشینەکان

هەژاری و نایەکسانی دەسەڵات و جیاکاری ڕەگەزی، قەیرانی ئاو زۆر گەورەتر دەکات، چونکە ژنان بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکان پێویستیان بە ئاو هەیە بۆ دابینکردنی پێداویستییە تەندروستیی و ماڵییەکانیان، هەروەها لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵیدا زیاتر کاریگەرییان لەسەرە، ئەمەش بەهۆی دەستڕاگەیشتن بە ئاوی کەناڵەکان ژنانی گوندنشین بۆ بەدەستهێنانی ئاوی پاک و خاوێن ڕۆژانە ناچارن مەودای دوور بۆ کانیاو و ڕووبارەکان بڕۆن.

 

گوندنشینانیش ڕووبەڕووی کێشەی هاوشێوە دەبنەوە، ئەوان نەک تەنها پێویستیان بە ئاو هەیە بۆ بەکارهێنانی ناوماڵ، بەڵکو بۆ ئاودێریکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکانیشیان نەبوونی ئاوی پاک و سەختی دەستڕاگەیشتن بەو ئاوە بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و ئاسایشی خۆراکی ئەو ناوچانەی خستووەتە مەترسییەوە، ئەم بابەتانە بارودۆخی ژیانی گوندەکانی سەردەشتیان زۆر سەخت کردووە.

 

لە بەشێک لە گوندەکانی سەردەشت هێشتا ئاو لە ڕێگەی کەناڵەکانەوە ناگوازرێتەوە و خەڵک لە دەستڕاگەیشتن بە ئاو و کارەبا و گاز و تەنانەت ڕێگاوبانیش بێبەشن.

 

فاتمە، تەمەن ٥٣ ساڵ لە گوندی هەزەرنی وتی: بۆ پاککردنەوەی ماڵ و چێشت لێنان پێویستم بە ئاوە، هەموو ڕۆژێک دەبێت چەند جارێک بچمە سەر کانیاوەکە، ئەمەش ماندووکەرە، ئەگەر کارەبامان هەبوایە، لانیکەم دەمانتوانی بیر هەڵکەنین و دەستگەیشتن بە ئاو ئاسانکاری بۆ دەکردین.

 

مریەم،ڕ تەمەن ٤٥ ساڵ سەبارەت بە کێشە هاوشێوەکان وتی: لە هاویندا لەگەڵ هاوژینەکەم کشتوکاڵ دەکەم، ئاو دەهێنین و کاری ماڵەوە ئەنجام دەدەین، ئەمەش زۆر ماندوومان دەکات، هەروەها زۆرێک لە ژنانی گوندەکە بەدەست کێشەی جەستەیی وەک پشت و مل دەناڵێنن ئازار، دەبێتە هۆی ئەو کێشە تەندروستییانەی کە لە ئەنجامی ئاوی ناتەندروستەوە سەرهەڵدەدەن.

 

هەروەها ئاژەڵدارەکان بەدەست کەمی ئاوی خواردنەوە بۆ ئاژەڵەکانیان دەناڵێنن ، یەکێک لە ئاژەڵدارەکان وتی: لە هاویندا دۆزینەوەی ئاوی پێویست بۆ ئاژەڵەکانمان دەبێتە تەحەدایەکی گەورە، هەندێکجار دەبێت بچینە شوێنە دوورەکان بۆ دۆزینەوە ئاو، کە زۆری دەوێت، کات و وزەی دەوێت و زیان بە ئاژەڵەکانمان دەگەیەنێت.

 

 لە ئێستادا لە گوندەکانی سەردەشت و زۆرێک لە ناوچەکانی ئێران دۆخەکە خراپە و خزمەتگوزاری دەرهێنانی ئاو بەردەست نییە، ئەو پلانە خزمەتگوزاریانەی کە حکومەت داوای دەکات لەو ناوچانە جێبەجێ نەکراوە و خەڵک بەدەست چەندین کێشەوە دەناڵێن.

 

پێویستی بەهێزکردنی سەرکردایەتی ژنان و گرنگیدان بە زانیارییەکانیان

 بواری وزە زۆرینەی پیاوان زاڵە و زۆرجار ژنان ناخرێنە ناو گفتوگۆ و پلاندانانی سیاسەتەوە، بەڵام بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەو وڵاتانەی بەشداری سیاسی ژنانیان زیاترە و کۆمپانیاکانی سەرکردایەتی هاوسەنگتری ڕەگەزییان هەیە، سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوایان بەهێزترە.

 

زیادکردنی بوونی ژنان لە سەرکردایەتیدا دەتوانێت بەشداربێت لە پراکتیکەکانی بازرگانی بەردەوامتر و باشتر بەڕێوەبردنی قەیرانە ژینگەییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم قەیرانانە، پێویستە بەرەو مۆدێلێکی ئابووریی بەردەوام و ژینگەئاڕاستەکراو هەنگاو بنێن کە نەک تەنها ڕێز لە سروشت بگرێت، بەڵکو یارمەتی ژنانیش بدات بەشداریکردنی کاریگەر لە بڕیاردان.