"تیرۆرکردنی دوو ژنی ڕۆژنامەنووس تاوانێکی ناڕەوا و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە"

ژمارەیەک لە چالاکانی مافی ژنان لە تارانی پایتەختی ئێران، تیرۆری ڕۆژنامەنووسان هێرۆ بەهادین و گوڵستان شەرمەزار کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە تیرۆرو لە سێدارەدان ناتوانێ ڕەگ و ڕیشەی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانە بۆ ئازادی و ژنان هەڵبکەنێت.

تاران

 

ژنانی ڕۆژنامەنووسی تاران بە توندی هێرشی تورکیایان بۆ سەر تیمێکی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان شەرمەزار کرد کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی گۆلستان تارا و هێرۆ بەهادین.

 

ژنانی ڕۆژنامەنووس ڕایانگەیاند، هەڵاواردن و تاوان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسانی ژن هەمیشە هەبووە و بە درێژایی ساڵانی چالاکی ژنان لە بواری ڕۆژنامەگەری و ڕۆشنگەریدا، ژیانی ڕۆژنامەنووسانی ژن هەمیشە لە مەترسیدا بووە ئەگەر ڕووبەڕووی توندوتیژی زارەکی و هەڵاواردن ببنەوە لە هەواڵەکاندا، دەبێتە هۆی تیرۆرکردن و کوشتنیان.

 

"ئێمە کە لە ئێران کار دەکەین هەمیشە لە نزیکەوە ڕووبەڕووی زۆر پرس دەبینەوە"

شیلا ڕەبانی، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی ژن لە تاران، پێیوایە ئەمە یەکەمجار نییە ڕووبەڕووی تاوانی قێزەونی لەو شێوەیە ببنەوە و دواجاریش نابێت، وەک چۆن ڕۆژنامەنووسانی ژن هەمیشە ڕووبەڕووی هەڕەشە و زیان دەبنەوە، چونکە حکومەتە پیاوسالاری و ژنکوژەکان دەیکەن و بەهای ژیانی مرۆڤ نادەن، بە تایبەت ژنانی بیری ئازاد، وتی: ئێمە کە لە ئێران کار دەکەین هەمیشە لە نزیکەوە ڕووبەڕووی زۆر پرس دەبینەوە، بەو پێیەی تۆماری کوشتنی ڕۆژنامەنووسان لە نیو سەدەی ڕابردوودا شاهیدی کوشتن و گرتن، هەراسانکردن و دەرکردنی زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسانە، بە تایبەت لەم ساڵانەی دواییدا.

 

شیلا ڕەبانی تیرۆر کردنی گۆڵستان تارا و هێرۆ بەهادینی بە تاوانێکی ناڕەوا پێناسە کرد کە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانەو وتی: ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەم تاوانە شەرمەزارکەرە دەکەین کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە ئەنجامدراوە، بەڵام دووپاتی دەکەینەوە کە خەبات بۆ ڕۆشنگەری و ئازادی لە ژێر ڕۆشنایی سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی بەردەوامە.

 

شەهیدان ڕێگای ڕۆژنامەنووسان ڕۆشن دەکەنەوە

سەمیرا موهاجیری، ڕۆژنامەنووسێکی دیکە کە دوای ساڵانێک لە ڕاپۆرتکردن لە تاران لە سەردەمی سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانهەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ئاژانسێکی هەواڵی دەرکرا، وتی: ئەوەی دڵنیایە، دەسەڵاتی حکومەت و لەسێدارەدان یان تیرۆرکردن ناتوانێت ڕەگ ​​و ڕیشەی شۆڕشەکەمان و ئەمە لەناوببات بێ گومان ئەم تیرۆرە دەبێتە درێژەپێدەری ڕێبازی شەهیدان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرێک لە ژنانی ڕۆژنامەنووس لەم ساڵانەی دواییدا لە ڕێگای بیری ئازادو ڕاستییدا گیانیان لەدەستداوە و لەگەڵ زیادبوونی تۆڕەکانی هەواڵ و چالاکی ژنە ڕۆژنامەنووسان، بوونەتە چرایەک بۆ ڕۆژنامەنووسانی دیکە، ڕۆژنامەگەری یەکێکە لە قەڵا بەهێزەکانی خەبات بۆ ئازادی ژنان، ئەو ژنانەش کە هەوڵدەدەن ئاستەنگ و کێشەکانی کۆمەڵگە بۆ گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی لە جیهاندا لە ڕێگەی نووسین و هۆشیارکردنەوەی خەڵکەوە ڕەنگ بدەنەوە، نوێنەرایەتی قەڵای خۆشەویستی قووڵی مرۆڤایەتی و سەربەخۆیی دەکەن، بۆیە هیچ کام لە هەڕەشە و مەترسییەکان ناتوانن ڕێگری بکەن لە کارکردنی ژنانی ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووسان و ئەمڕۆ چاوەڕێی ئەوە دەکەین ئەنجامی جوانی ئەم هەوڵانە ببینین.

 

"ئەم کردەوە تیرۆریستییانە ڕۆژنامەنووسان و ژنان سەرکوت ناکەن، بەڵکو زیاتر پاڵنەردەبێت بۆ بیری ئازاد"

چیمەن ئیخوان، چالاکوانی میدیایی بە توندی ئیدانەی ئەو تیرۆرەی کرد و بە "دڕندەیی" پێناسەی کرد، جەختی لەوە کردەوە پراکتیزەی دەسەڵاتدارانی تورکیا و حکومەتە فاشیستەکانی لەم جۆرە ئامانجیان سەرکوتکردنی پێکهاتەی ژنانە، بەڵام ئەم حکومەتە دیکتاتۆریانە دەبێت ئەوە بزانن لەگەڵ ئەم کردەوە تیرۆریستییانە ڕۆژنامەنووسان و ژنان سەرکوت ناکەن، بەڵکو زیاتر پاڵنەردەبێت بۆ بیری ئازاد و هەوڵدان بۆ ئازادی.

 

جەختی لەوەکردەوە، هەوڵەکانی ئازادیخوازان بێکۆتایە و بێ گومان بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی ڕێگەی ڕوون و ئاشکرای ئازادی و یەکسانی بەدی دێت، دەسەڵاتدارانی تورکیا لە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان ڕازی نین، بەڵکو لە هەموو بوارەکاندا هەوڵی زۆر دەدەن، بەتایبەتی بۆ کوردو ژنان، و ئامانجیان لەناوبردنی ڕاستی ژنانی بیری ئازادە کە خەبات دەکەن بۆ ئازادی و یەکسانی.

 

هەروەها ئاماژەی بە سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی کرد و ڕایگەیاند لەم سەردەمەدا ژنان تێکۆشانەکانیان دوو هێندە کرد و گەیشتنە ئەو هاودەنگی و یەکگرتووییەی کە پێویست بوو بۆ تێکۆشان لە پێناو ئازادی و یەکسانی و بەردەوامیی ململانێکان خەبات زیاتر دەکات، ترس لە ڕۆژنامەنوسان ترسە لە ئاشکراکردنی ڕاستییەکانی داعش و بوونی دژە ژن، ئەم ڕۆژنامەنووسانەش ئەو کەسانەن کە درۆ و تاوانەکان بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاشکرا دەکەن.

 

هەوڵدان بۆ یەکسانی لەڕێی ڕۆژنامەگەرییەوە

ژنانی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانی بواری ڕۆژنامەگەری بە یەکێک لە گرنگترین ئازادیخوازانی جیهان دادەنرێت، ژنانی ڕۆژنامەنووسیش قەڵایەکی سەخت هەڵدەبژێرن بۆ تێکۆشانیان بۆ بەرگریکردن لە مافەکانیان و بەرەنگاربوونەوەی نایەکسانی ڕەگەزی لە سیستمی پیاوسالاری و حکومەتە فاشیستەکاندا، هەر لەبەر ئەم هۆکارە، جارجارە شاهیدی کردەوەی توندوتیژی دژی پەیامنێر و ڕۆژنامەنووسانی ژن، گرتن، سنووردارکردنی کار، دەرکردن، هەڕەشەی کوشتن و تیرۆرکردن دەبین.

 

گومانی تێدا نییە، حکومەتە گەندەڵ و فاشیستەکان لە ترسی ئاشکراکردنی ڕاستی درۆینەی خۆیان، هەمیشە لەسەر ڕێگەی ژنانی بیری ئازاد وەستاون بۆ ئەوەی بتوانن بە هەر نرخێک بێت، دیکتاتۆریەتی خۆیان بپارێزن و بەردەوام بن لە بەربەرییەت و چەوساندنەوە و گەندەڵیەکانیان، تیرۆرکردنی ڕۆشنبیران و ژنانی بیر ئازادو ئازادیخوازان شتێکی نوێ نییە و دواهەمینیش نابێت، بەڵام گومانی تێدا نییە کە بەئامانجگرتنی ئەو ژنانە و تێکۆشەرانی دیکە لە بوارە جیاجیاکاندا دەبێتە چرایەک بۆ بەردەوامیی هەوڵ و تێکۆشانی ژنان و ئازادیخوازان لە جیهاندا بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادی و ڕزگاری لە چنگی فاشیستە ستەمکارەکان.