بەهۆی تۆپبارانکردنی کامپی ئەبو شوک لە سودان ٢٠ کەس گیانیان لەدەستدا

سودان لە حاڵەتی ئامادەباشیدا دەژی لە ئەنجامی بەردەوامی شەڕ و برسێتی کە بەهۆی ڕێگریکردن لە گەیشتنی هاوکاریی بۆ ناوچە مەترسیەکان دروستی دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

هێشتا شەڕ لە سودان لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوامە، ئەمەش بووەتە هۆی وێرانکردنی ژێرخان و ئاوارەبوونی زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەس لە ماڵەکانیان، ئەمە جگە لەوەی سێ لەسەر چواری دامەزراوە تەندروستییەکان لە خزمەتگوزاری دەرچوون .

 

دوێنێ، لیژنە ناوخۆییەکان ڕایانگەیاند کە ٢٠ کەس لە تۆپبارانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ سەر کامپی ئەبو شوکی ئاوارەکان لە شاری فاشر ناوەندی ویلایەتی دارفوری باکوور لە ڕۆژئاوای سودان گیانیان لەدەستداوە.

 

هەماهەنگی لیژنەکانی بەرخۆدانی فاشر لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'فەیسبووک' ڕایگەیاندووە "ئەو زانیاریانەی کە تا ئێستا پێمان گەیشتووە سەبارەت بە ڕادەی زیانەکانی نێو خەڵکی کامپی ئەبو شوکی ئاوارەکان ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە لەوێ زیاتر لە ٢٠ کەس کوژراون و ٣٢ کەسیش بریندارن.

 

لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ٢٠٢٣ەوە سودان شایەتی شەڕێکی بەردەوامی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بووە و فاشر تاکە پایتەختی پێنج ویلایەتی دارفورە کە لەلایەن پشتیوانی خێرا کۆنتڕۆڵ نەکرابوو بۆ ماوەیەکی زۆر.

 

لە ١٠ی ئایاردا شەڕێکی توند ڕوویدا، ئەمەش ترسی گۆڕانکارییەکی نوێ و نیگەرانکەری لە ململانێکاندا دروستکرد، بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا، ئەنجومەنی ئاسایش داوای لە هێزەکانی پشتیوانی خێرا کرد کۆتایی بە گەمارۆدانی فاشر بهێنێت.

 

نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە سودان هەینی ڕابردوو هۆشداری دا لە پەرەسەندنی توندوتیژی نێوان هەردوولا لە شەڕەکە، دوای دانوستانەکانی ئاشتی کە سویسرا بە سەرپەرشتی واشنتۆن میوانداریی کردبوو، ئاماژەی بەوەدا کە توندوتیژییەکانی هەفتەی ڕابردوو بووە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە ١٠٠ هاوڵاتی مەدەنی لە چەند ناوچەیەک یەکێک لەوانەش فاشر بوو.

 

لەگەڵ چڕبوونەوەی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هەردوولا، وڵاتەکە ڕووبەڕووی وەرزی بارانبارینی زۆر و بارانبارینی بەخوڕ دەبێتەوە، کە تا ئێستا بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی سودان، ١٣٢ هاوڵاتی بەهۆیەوە گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە ١٢ هەزار و ٤٠٠ ماڵیش بەتەواوەتی وێران کردووە.

 

هەردوو لایەنی ململانێکار ڕووبەڕووی تۆمەتی تاوانی جەنگ دەبنەوە بەهۆی ئەوەی بە مەبەست هاوڵاتیانی مەدەنییان کردە ئامانج و ڕێگری لە چوونە ژوورەوە و دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان دەکەن.