ژنانی ڕەققە: بە ئامانجگرتنی دوو ڕۆژنامەنووس هەوڵێکە بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان

بۆردوومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ئۆتۆمبێلی ڕۆژنامەنووسان لە شاری سلێمانی، ناڕەزایی ئەو کەسانەی لێکەوتەوە کە تینووی ڕاستییەکانن و ژنانی ڕەققە دەڵێن: بە ئامانجگرتنی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە هەوڵێکە بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان.

 سیبیلیا ئیبراهیم

 

ڕەققە- پڕۆسەی بەئامانجگرتنی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە باشووری کوردستان تووڕەیی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای لێکەوتەوە، ژنانی کانتۆنی ڕەققە ئیدانەی بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینیان لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە کرد و جەختیان لەوە کردەوە هەوڵێکە بۆ تەمومژاوی کردنی ڕاستییەکان و بێدەنگکردنی دەنگی ئازادی، بەتایبەتی دوای ئەو دەستکەوتانەی کە ڕۆژنامەنووسان و میدیای ژنان بەدەستیانهێناوە و ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە گەیاندنی ڕاستییەکانی پێشەنگایەتی ژنانی شۆڕش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە جیهان.

 

"ئامانج شکاندنی ئیرادەی ژنانە"

مریەم ئەلجەرف، کارگێڕی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا لە هێڵی باشووری کانتۆنی ڕەققە، وتی: ئەو کردە تاوانکارییەی دەوڵەتی تورکیا لە دژی هەردوو ڕۆژنامەنووس، گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین ئەنجامدراوە لەبەردەم چاوی جیهاندا بوو، یەکەم پێشێلکاری نییە لەلایەن داگیرکەری تورکیاوە، جا لە ناوچەکەدا بێت یان لە وڵاتانی دراوسێدا، بە ئامانج گرتنەکە هاوکات بووە لەگەڵ یەکەمین ساڵیادی بەئامانج گرتنی تیمی ژن تیڤی لە شاری عامودا لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ئامانجی پێداگری لەسەر ئەم کاتە دیاریکراوە شکاندنی ئیرادەی ژنانە، بەتایبەت ئەوانەی لە بواری ڕۆژنامەگەریدا کاردەکەن، دوای ئەوەی ڕۆڵێکی دیاریان هەبوو لە گەیاندنی ڕاستییەکان و شۆڕش و پێشەنگایەتی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ جیهان.

 

تیشکی خستەسەر ئەو ڕێککەوتنانەی کە لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەدەکە ئەنجام دراون و وتی: ئەم بەئامانجگرتنانە دوای ئەوە هات کە ڕێککەوتنەکان بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئەنجامدراون و جگە لە بیانوو بۆ بەئامانجگرتنی کەسایەتییە پێشەنگەکان هیچی تر نین، ئەو دژایەتییەی تورکیا پێیدا تێدەپەڕێت، کە یەکەم پاڵپشتیکاری تیرۆر بوو لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و هەر لەم حاڵەتەدا ماوەتەوە، خەریکە تیرۆریزم بەدرێژایی کەرتی سنووری ناوچە داگیرکراوەکان پریشک دەدات و پراکتیزە تیرۆریستییەکانیش ڕوون و ئاشکرایە بۆ هەموو جیهان لە ڕووی گۆڕانی دیمۆگرافی و حاڵەتەکانی کوشتن و دەستدرێژی و ڕفاندن.

 

"دەوڵەتی تورک یاساکانی پشتگوێ خستووە"

سەبارەت بە بەئامانجکردنی سیستماتیکی ژنان، مریەم ئەلجەرف وتی: دەبینین ژنان هەمیشە لە پێشەنگی لیستی ئامانجەکانن بە هەموو شێوەیەک و ئامڕازەکان، چونکە بوونەتە بڕیاردەر و دروشمی ئیرادەی ئازادیان هەیە، ژن، ژیان، ئازادی گەیشتووەتە هەموو ژنان لە جیهاندا، لە ئێرانەوە دەست پێدەکات دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، بەرەو هیندستان بە هەوڵی ژنە چالاکوانەکان، بەتایبەتی ژنە ڕۆژنامەنووسان، کە بوونەتە دەنگی ڕاستی بۆ هەموو جیهان و ئەمەش ئەوەیە کە وڵاتانی سەرمایەداری و دیکتاتۆر لێی دەترسن، سەرەڕای بوونی یاسا و میساق و پەیمانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە گرنگی پاراستنی مافی ڕۆژنامەنووسان، دەوڵەتی تورکیا ئەو یاسایانەی پشتگوێ خستووە.

 

"ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان پەدەکە و دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ئەنجامدراوە تەنها بیانوویەکە"

دەلال موسا، ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا، وتی: ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە ئەرکی پیشەیی خۆیان جێبەجێ دەکرد، هەرچەندە پێویستە ڕۆژنامەنووسانی ژن پارێزبەندییان هەبێت و یاسا نێودەوڵەتییەکان بیانپارێزن لەکاتێکدا لە ململانێ و شەڕەکاندا کاردەکەن، بەڵام دەوڵەتی تورکیا بە شێوەیەکی سیستماتیکی ئەوان دەکاتە ئامانج لە کاتێکدا ئەوان لە لوتکەی کارەکانیاندان، هەموو ئەمانەش بە ئامانجی سڕینەوەی ڕاستییەکان و شاردنەوەی لە بیروڕای گشتی جیهانی، بە تایبەت کە ناوچەکە شاهیدی پێشێلکاری زۆرە، ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان پەدەکە و دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ئەنجامدراوە تەنها وەهم و بیانوویەکە بۆ هەر لایەنێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، دیارترینیان لێدانی یەکڕیزی و قەوارەی گەلی کوردە لە پلەی یەکەمدا و خیانەتکردنە لێیان لەلایەن سەرکردایەتی هەرێمی کوردستانەوە.

 

"دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و ئێران زۆر پێشێلکارییان بەرامبەر بە ژنان ئەنجامداوە"

سورەیا خەلیل، ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی زەنۆبیا، جەختی لەوە کردەوە بە ئامانجکردنی ژنە ڕۆژنامەنووسان دەستدرێژییە و تاوانێکە لە دژی هەموو ژنان دوای ئەو دەستکەوتانەی کە ژنان لە ڕووی شۆڕشەکەیانەوە بەدەستیان هێناوە، کە بە درێژایی جیهان، بووەتە مایەی نیگەرانی بۆ وڵاتانی سەرمایەداری و بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵی شکاندنی ئیرادەی ژنان و بە ئامانجکردنی کەسایەتییەکان دەدەن، وتیشی: ڕادەست نابین و درێژە بە ڕێبازی شۆڕشەکەمان دەدەین، ئەم ئامانجانەش بەس نابن بۆ شکاندنی ئیرادەمان، هەموو ئەم تەحەددا و هێرشانە ئامانجیان ڕێگریکردنە لە پێشکەوتنی ژنان لە دۆزی خۆیان و دوورخستنەوەیان لە ڕێگای ئازادی و دیموکراسی، جا لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بێت یان ئێران، بەو پێیەی دیارترین وڵاتن کە لە ماوەی ڕابردوودا زۆر پێشێلکارییان بەرامبەر بە ژنان ئەنجامداوە.

 

سورەیا خەلیل لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بێدەنگن و پشت بە خۆمان و ئیدارەی خۆمان دەبەستین، درێژە بە ڕێگای خەبات دەدەین تا ئەو کاتەی ئازادی بۆ هەموو ژنان لە سەرانسەری جیهان بەدەست دەهێنین.