ژنێک لەلایەن حوسییەکانەوە بە نادادپەروەری سزای ١٣ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا

دۆسیەی حەنان ئەلمونتەسەر کە لەلایەن حوسییەکانەوە دەستبەسەر کراوە، ئاماژەیە بۆ گرنگی بەهێزکردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە یەمەن، کە پێشێلکارییەکان بەرەو خراپتر دەبن و زۆرێک لە بنەماڵەکان بەدەست کاردانەوەی شەڕی بەردەوامی یەمەنەوە دە

یەمەن

 

ڕێکخراوی سام بۆ ماف و ئازادییەکان لە بەیاننامەیەکیدا کە لە ٢٠ی ئاب بڵاویکردەوە، پشتڕاستی کردەوە کە دادگای پێداچوونەوەی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان لە شاری سەنعا سزای ١٣ ساڵ زیندانی لە دژی حەنان شوعی حەسەن ئەلمونتەسەری تەمەن ٤٥ ساڵ بە تۆمەتی “پەیوەندیکردن لەگەڵ شانشینی سعودیە و هاوپەیمانەکانی" دەرکردووە، ئەم سزایە بە درێژەی زنجیرەیەک پێشێلکاری مافی مرۆڤ دادەنرێت کە لەلایەن حوسییەکانەوە بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی ئەنجامدراون.

 

ڕووداوەکانی ئەم دۆسیەیە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢، کاتێک داواکاری گشتی تایبەتمەندی تاوانکاری لە شاری سەنعا، حەنان ئەلمونتەسەری بە هاوکاری و ئیتلاعات لەگەڵ دەوڵەتی سعودیە تۆمەتبار کرد، ڕۆژی ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٣، دادگای تاوانکاری تایبەتمەند بە تۆمەتی هاوشێوە سزای دا بۆ ١٢ ساڵ زیندانی کردن، و لە ٤ی ئابی ئەمساڵدا دادگای تێهەڵچوونەوە ئەم بڕیارەی پشتڕاستکردەوە و سزاکەی بۆ ١٣ ساڵ زیادکرد.

 

ڕێکخراوی سام داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد فشاری پێویست بخەنە سەر حوسییەکان بۆ ئەوەی دەستبەجێ دەستبەسەرکراوەکە حەنان ئەلمونتەسەر ئازاد بکەن و مافە یاساییەکانی دەستەبەر بکەن، جەختیشی لە گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ چاودێریکردنی ئەو پێشێلکاریانەی کە لەلایەن حوسییەکانەوە ئەنجام دەدرێن کردەوە، بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی زیانبەرکەوتووان لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەم پێشێلکاریانە بکەن.

 

حەنان ئەلمونتەسەر لەگەڵ پێنج منداڵەکەیدا دەستبەسەرە، کە لەبەر ڕۆشنایی نەبوونی مافی یاسایی پێویست بۆ دادگاییکردنی دادپەروەرانە، بەرکەوتەی بارودۆخی سەختی مرۆیی بوون، لە مانگی تەمووزی ٢٠١٩ لە گەڕەکی بەیت بۆس لە ناوەڕاستی شاری سەنعا دەستبەسەر کرابوو، لە شاری حودەیدە ئاوارە بووە و لە هۆڵێکی ئاهەنگ گێڕاندا وەک پاسەوان کاری دەکرد.