شارباژێر و باڵەکایەتی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بۆردوومان کران

ئەم بەیانییە، جارێکی دیکە دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومانی شارباژێر و باڵەکایەتی کرد و تا ئێستاش زیانەکان نەزاندراون.

ناوەندی هەواڵ

 

دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە لە ١٥ی حوزەیرانەوە ژمارەی سەرباز و بنکە و بارەگاکانی لە باشووری کوردستان زیاد کردووە، ڕۆژانە بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستان، بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە تەنها لەم ساڵدا ١٤ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و ١١ی دیکەش برینداربوون.

 

بەیانی ئەمڕۆ ٢٠ی ئاب، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بۆردوومانی سنووری گوندی گەڵاڵە و قامیشی لە شارباژێری سەر بە پارێزگای سلێمانی و باڵەکایەتی لە هەولێر کرد.

 

بەپێی زانیارییەکان شاخی برزوت لە سنووری نزیکی کاتژمێر ٠٦:٢٠ خولەک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک بۆردوومان کراوە.

 

هەر ئەمڕۆ، فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک، دووجار لەسەر یەک گوندی گونداژۆر لە باڵەکایەتی لە پارێزگای هەولێریان بۆردوومان کرد.

 

تا ئێستاش زیانەکانی ئەو بۆردوومانانە نەزاندراوە.