ڕێکخراوی سارا پەناگەی هەموو ژنانە

ڕێکخراوی سارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ماوەی ١٢ ساڵە هاوکاری پێشکەشی ژنان و بە تایبەتی ژنانی دەستدرێژی لێکراو دەکات، هەروەها هەوڵی هۆشیارکردنەوەی ئەندامانی کۆمەڵگە و کەمکردنەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان دەدات.

شیرین محەمەد

 

قامیشلۆ- ڕێکخراوی سارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە ساڵی ٢٠١٣ لەلایەن کۆمەڵێک لە داکۆکیکارانی مافی ژنانەوە دامەزراوە، بە ڕێکخستنی کارەکانی لەسەر ئاستی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دەکەن.

 

ڕاشا دەروێش، وتەبێژی ڕێکخراوی سارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە بارەی ڕێکخراوەکەوە وتی: کار دەکەین بۆ بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ژنان لە دادگاکان لە ڕوانگەی یاساییەوە، لە ڕێگەی هەڵمەتی هۆشیاری و وتار بۆ ئاگادارکردنەوەی خەڵک لە ئامانجەکانی ڕێکخراوی سارا و کارەکانی، جگە لە ناساندنی بنەما و کارەکانی ڕێکخراوەکە بۆ ئەوەی ژنان بتوانن باشتر ئێمە بناسن.

 

ڕوونیشیکردەوە، ڕێکخراوی سارا تا دەتوانێت هەوڵ دەدات لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانیشتنی دیالۆگەوە ژنان لەگەڵ کۆمەڵگە تێکەڵ بکەن، کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان بۆ ئەوەی کۆمەڵگە لە لەناوچوون ڕزگاربکەن، بەتایبەتی لە لایەنی ئەخلاقی، بۆ بەهێزکردنی ژنان و پاڵپشتیکردنیان لە ڕووی دەروونییەوە بۆ دووبارە تێکەڵکردنیان بە کۆمەڵگە و دەستەبەرکردنی دەرفەتەکان بۆ ئەوەی بتوانن کۆمەڵگەیەکی دوور لە توندوتیژی بنیاد بنێن، لەسەر بنەمای ژیانێکی دۆستانە و بەشداریکردن.

 

"لە هەر جێگەیەک توندوتیژی هەبێت ڕێکخراوی سارا هەڵوێستی هەیە"

ئاماژەی بەوەشکرد، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە ناساندنی ڕێکخراوی سارا و کارەکانی بۆ ژنان، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەن کە پەیوەندییان بە ڕێکخراوی ساراوە کردووە بۆ ئەوەی یارمەتیان بدەن لە کێشەکانیاندا، دەشڵێت: ڕێکخراوی سارا لە بەرگریکردن لە ژنان لە هەر شوێنێک بن کەمتەرخەمی ناکەن، بۆیە ئێمە بۆ وەرگرتنی هەموو پەیوەندییەکان لە هەر شوێنێک بن و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان کار دەکەین.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە ڕێکخراوی سارا گرنگییەکی زۆری هەیە لەناو کۆمەڵگەدا، وتی: لە ڕێگەی ئەو پرسانەی لەناو کۆمەڵگەدا هەن، ئێمە زۆر پابەند دەبین بە هۆشیارکردنەوە و پەرەپێدانی ژنانەوە، هەروەها زۆرێک لەو ژنانەی کە بەشداری ئەو وتار و دانیشتنانە دەکەن کە ئێمە ئەنجامی دەدەین بەرەوپێش دەچن و کاریگەری لەسەر ژنانی دیکەش دروست دەکەن، زۆر کەس هەن کە پەیوەندی بە ڕێکخراوی ساراوە دەکەن بۆ ئەوەی لەکاتی گونجاودا کار بکەن بە ئامانجی پاراستنی ژنان لەو توندوتیژییەی بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت.