بەرەی ژنانی باشوور: وەستاندنی هەمووارکردنەوەکە پێویستی بە خەباتی هەمەلایەنەیە

بەرەی ژنانی باشووری کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی پێگە و بوونی ژنان بە هەموو شێوەیەک دەخاتە مەترسی و بێ بەشیان دەکات لە مافە سەرەتاییەکانیان.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرەی ژنانی باشووری کوردستان لە بارەی هەموواری یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ کە لە پەرلەمانی عێراقدا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، "دژی هەمووارکردنەوەی یاساکە، داوای هەڵوێست و هەوڵدانێکی ڕژد لە بەرامبەر ئەو هەوڵدانە دواکەوتووانەیە لە ڕۆشنبیران، چالاکوانانی کۆمەڵگە، مافی منداڵان و ژنان، دەزگا و پارتەکان دەکەین و داوایان لێ دەکەین بە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان هەستن لەم ڕووەوە".

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە؛

لە ئێستادا هەوڵێکی تاک لایەنە بۆ هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لە عێراق سەرنجی بەشێکی بەرچاوی لە مافخوازان و چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و تا ڕاددەیەک بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕازی بەدوا خۆیدا هێناوە.

 

یاسای باری کەسێتی لە عێراق، ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ بە کۆمەڵێ بڕگە جێ دەگرێت، ئەم یاسایە لەخۆ گری هەموو جۆرە مافێکی: بونیادنانی خێزان، خەرجی، بەخێوکاری، میرات، هەڵوەشانەوە و جیابوونەوەی هاوسەرگیری، دیارترینیشیان کە جێگەی مەترسییە بریتییە لە: هاوسەرگیری کردن لە تەمەنی ٩ ساڵیدا، کە کەسەکان تیایدا سەربەست دەکرێن بەوەی بە کام مەزهەب (شيعه یان سوننە) هاوسەرگیری بکەن، بۆ جیابوونەوەش بەهەمان شێوە، ئەمە خۆی مەترسییەکی گەورەیە لەسەر مافی منداڵ، چونکە بەپێی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ، منداڵ ئەو کەسەیە کە تەمەنی لە ١٨ ساڵ کەمترە، کەوابێت بەر لە پێشێلکردنی مافی ڕەگەزیی، کە لێرەدا چەقی بابەت ڕەگەزی مێینەیە، مافی ئەو کەسە وەک منداڵێک لە پێشێلکردن زیاتر هیچی تر بە دوای خۆیدا ناهێنێت.

 

بۆیە ئێمە لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر مافی هەر کەس و ڕەگەزێک کە لە هەر قۆناغێکی تەمەندا بن، بە تایبەتیش ژنان و منداڵان دەنگی ناڕەزایەتیمان بۆ لایەنی پەیوەندیدار بەرز دەکەینەوە، بە تایبەت ڕووی داواکەمان بۆ وەستاندنی پڕۆژەی هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، کە لەوێ لەلایەن ئەندام پەرلەمانێکی شیعە مەزهەب ڕەشنووسەکە پێشکەشی پەرلەمان کراوە بەمەستی چەسپاندن، خۆش بەختانە بەهۆی هەوڵی چەند کەسێک نەهێڵراوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، کە مەترسییەکان بە تەواوی لەسەر هەمووارکردنەوەی یاساکە کە کرۆکی بابەت تیایدا بابەتی هاوسەرگیری کردنە بەم تەمەنە بچووکەوە هەڵگیرابێت، بۆیە پێویستە لەسەر هەمووان هەماهەنگییەکی تۆکمە لە ئاستێکی بەرزی ڕێکخراوەیی و کەسییدا دژ بەم کارە دروست بکەین، چونکە ئەم پڕۆسەیە (هەمووارکردنەوەی یاساکە) پێگە و بوونی ژنان بەهەموو شيوەیەک دەخاتە مەترسی و بێ بەشیان دەکات لە مافە سەرەتاییەکانیان، تێکدانی سایکۆلۆژیا و داڕمانی ڕۆحیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەمانە و چەندین لێکەوتەی تری مەترسیدار دێنە ئاراوە، کە دەبێت هەموو تاک و لایەنەکان لە هەر پلە و ئاستێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بن، هەست بەو مەترسیانە بکەن، کە دواجار کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوو و ئیفلیجی لە بواری خێزان کە کۆڵەگەی کۆمەڵگەیە، لێ دەکەوێتەوە، پێویستە هەمووان ڕێگری لە هەمووارکردنەوەی وەها یاسایەک بگرن کە ئەو ئەنجامە نەرێنیانەی لێ بەرهەم دێت کە لە سەرەوە ئاماژە پێ دراون.

 

جارێکی تر داوای هەڵوێست و هەوڵدانێکی ڕژد لە بەرامبەر ئەو هەوڵدانە دواکەوتووانەیە لە ڕۆشنبیران، چالاکوانانی کۆمەڵگە، مافی منداڵان و ژنان، دەزگا و پارتەکان دەکەین و داوایان لێ دەکەین بەئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان هەستن لەم ڕووەوە .