بەهۆی زیادبوونی زبڵ و خاشاک لە ئیدلب ژنان و منداڵان نەخۆش دەکەون

 زیادبوونی زبڵ و خاشاک لە ئیدلب کە لە ژێر داگیرکاریدایە، مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە،  ژنانی ئیدلب لە بچووکترین خزمەتگوزاری بێبەشن، لە کامپەکانی ئیدلب، کەڵەکەبوونی زبڵ و خاشاک هەیە ئەمەش مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.

هەدیل عومەر

 

ئیدلب- زبڵ و خاشاک لە ٧١٦ کامپی ئیدلب کە لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا و تەحریر شامدایە کۆبووەتەوە و مەترسی لەسەر ژینگە و تەندروستی دروست کردووە، بەتایبەت دوای ئەوەی پڕۆژەی لابردنی زبڵ و خاشاک بەبێبەرامبەر لەلایەن زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە پشتیوانی نیشتمانییان وەرگرتبوو ڕاگیرا، زبڵ و خاشاکەکان کەڵەکە بوون.

 

زبڵ و خاشاکەکان کە لانابرێن، دەسووتێندرێن

 ژنە کۆچبەرەکان بەمەبەستی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی زیادبوونی زبڵ و خاشاک ناچارن پاشماوەکان بسووتێن، بەڵام نازانن دوکەڵی زبڵ و خاشاک دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی سییەکان و هەناسەدان.

 

مەیەم ئەلنەجمە، کۆچبەرێکی تەمەن ٤١ ساڵە کە لە کامپەکانی کەلەلی لە باکووری ئیدلب نیشتەجێیە، وتی: ماوەی چەند مانگێکە پڕۆژەکانی لابردنی زبڵ و خاشاک وەستاون و پاشماوەکان مەترسییەکی زۆر دروست دەکەن، بەتایبەتی لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، ئەم مەترسییە زیاد دەکات، سەرەڕای بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، دەرگای چاد و پەنجەرەکانی ناکەمەوە بۆ ئەوەی بۆنی ناوخۆش نەیەتە ناو چادرەکەوە.

 

"کەس گرنگی بە ئێمە نادات"

فاتمە ئەلعەسمەر کە لە کامپی سەرمەد لە باکووری ئیدلب دەژی، گلەیی دەکات و وتی: دوو کوڕەکەم بەهۆی بڵاوبوونەوەی زبڵ و خاشاک لە کامپەکە نەخۆش بوون، میکرۆب زۆر زیادی کردووە و مێرووەکانیش زۆر زیادی کردووە، کێشەکە گەورەتر دەبێت و بارگرانیمان قورستر بووە، ناتوانین پارەی نانەکەمان بدەین، دواتر ئەم کێشەیە هەیە، ئەگەر ئەم کێشەیە بەردەوام بێت، منداڵەکانمان نەخۆش دەکەون، کەس گرنگی بە ئێمە نادات.

 

لە کامپەکاندا ژن و منداڵ و بەساڵاچوو نەخۆش دەکەون

هەلا عوسمان، پزیشکی پێست سەبارەت بە مەترسییە تەندروستییەکانی زیادبوونی زبڵ و خاشاک لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون و کامپەکان وتی: زبڵ و خاشاک دەبێتە مەیدانی زاوزێی میکرۆبەکان و بەو هۆیەوە نەخۆشی زۆر دەردەکەوێت، نەخۆشیەکان لەناو دانیشتووانی کامپەکاندا زیادی کردووە، بەتایبەتی لای منداڵان و کەسانی بەساڵاچوو، یەکێک لە نەخۆشییە باوەکان بریتییە لە تا و هەستیاری جگە لەوەش ژەهراویبوونی گەدە و ڕیخۆڵە و هەوکردنی جگەر و کێشەی هەناسەدان زۆر باوە.

 

سەرنجی بۆ سەر ژینگە ڕاکێشا کە بەهۆی بۆنی ناخۆش و فڕێدانی پاشماوە و گازە ژەهراویەکان و بڵاوبوونەوەی مێروو و کێشەی ژینگەیی دروست دەبن.

 

لەکۆتایی قسەکانیدا پزیشک هەلا عوسمان وتی: پێویستە هەموو کەسێک دوور بکەوێتەوە لە شوێی زبڵ و خاشاک ٢و پاشماوەکان و دەرمانی مێروکوژ بپرژێنێت، ئەگەر نیشانەکانی نەخۆشییەکە دەرکەوت پێویستە بچنە لای پزیشک بۆ چارەسەرکردن.

 

٤١%ی خەڵکی کامپەکانی ئیدلب لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێبەشن

 بەپێی ئاماری نووسینگەی هەماهەنگیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی، ٤١%ی خەڵکی ناو کامپەکان دەستیان بە پێداویستییە سەرەتاییەکان ناگات، هەروەها بەپێی پێشبینییەکانی نووسینگەکە لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا هیچ خزمەتگوزارییەک بۆ ١١١ کامپی دیکە نابێت، بۆیە پاڵپشتی دارایی پێویستە.