ژنانی عێراق سەرکۆنەی بڕیارەکەی پەرلەمانیان کرد

هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ لە پەرلەمانی عێراقدا ناڕەزایەتی لێکەوتەوە و ژنانی ئێزدی و عێراقیش ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان دژی هەمووارەکە بڵاوکردەوە.

شەنگال

 

ژنانی ئێزدی و عێراقی لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا بڕیاری هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراقیان شەرمەزار کرد، ڕایانگەیاند کە بە یاساییکردنی هاوسەرگیری لە تەمەنی ٩ ساڵیدا دەبێتە هۆی کوشتنی ژنان و کچان لە ڕووی دەروونی، جەستەیی و کۆمەڵایەتییەوە.

 

دەقی ڕاگەیاندراوەکە هاوبەشەکە بەم شێوەیەیە؛

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باس لە هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ دەکرێت، ئەوان دەیانەوێت گۆڕانکاری تێدا بکەن، لە یاساکانی عێراقدا جێگەی مافی ژنان نییە و یاساکانی ئێستا گوزارشت لە ئازادی ژنان و یەکسانی جێندەری ناکەن، هەموو یاساکان بە دەستی پیاو و بە زهنییەتی پیاو دەنووسرێن و پەسەند دەکرێن، گۆڕانکاری لەم یاسایەدا زۆرترین ژیانی ژنان دەخاتە مەترسییەوە، یاسای ژنان و منداڵان و مافەکانیان لەلایەن پیاوانەوە ئامادە دەکرێت و ئەوانەی باس لەم بابەتە دەکەن و دەیگۆڕن.

 

"ژیانمان لە مەترسیدایە"

ئێمە ئەو گۆڕانکارییەی لەم یاسایەدا کە باسی لێوە دەکرێت بە مەترسی بۆ سەر ژیانی ژنانی نیشتەجێی عێراق دەزانین، لەم بارودۆخەی ئێستادا ژنان هیچ مافێکیان نییە بۆ ژیانی خۆیان، بۆ پاراستنی مافەکانیان، دەوڵەت لە ڕێگەی یاساکانی وەک ئەمەوە نایەکسانی لە نێوان ژن و پیاودا دروست دەکات، ئەمەش مافی زیاتر دەدات بە پیاوان بۆ ئەوەی قسەیان لەسەر ژنان هەبێت و لە جێی ئەوان بڕیار دەدەن، لە عێراق ژیانی ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا لە ژێر هەڕەشەدایە، مافەکانی ژنان لە لایەنی سیاسی و ئابووری و پەروەردەیی و یاساییەوە پێشێل دەکرێن، پاساوهێنانەوە بۆ هاوسەرگیری کچێکی تەمەن ٩ ساڵ، دەستدرێژییە لە کەسایەتی ژندا، هێرشکردنە سەر کۆمەڵگە و خێزانەکانە، هاوسەرگیری لەگەڵ منداڵێکی ٩ ساڵان کوشتنی ژیانە.

 

ئەو گۆڕانکارییەی کە لەم یاسایەدا دەکرێت، بە فەرمی ڕێگە بۆ هاوسەرگیری منداڵانی کچ لە تەمەنی ٩ ساڵیدا دەکاتەوە، پاساوهێنانەوە بۆ ئەمە دەبێتە هۆی کوشتنی ژن لە ڕووی جەستەیی، دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە.

 

"عێراق باس لە جینۆسایدی ژنان دەکات"

ئێمە لە سەدەی بیست و یەکداین، ئەمە سەدەی ئازادی ژنانە، لە هەموو جیهاندا ژنان لەگەڵ فەلسەفەی "ژن-ژیان-ئازادی " خەبات دەکەن و بەرەنگاری ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتدارێتی دەبنەوە، عێراق لە جیاتی گوێگرتن لە دەنگی ژنانی ئازادیخواز، بە پێچەوانەوە خەریکە باس لە جینۆسایدی ژنان دەکات و دەیەوێت جێبەجێی بکات، ئێمە گۆڕینی یاساکان لەلایەن پیاوانەوە لە پەرلەمانی عێراق دەبینین و هەستی پێدەکەین کە هێرشێکە دژی خەباتی ژنان.

 

"پێویستە ئەم بڕیارە هەڵبوەشێتەوە"

ئێمە وەک ژنانی عێراق بە توندی سەرکۆنەی ئەم بڕیارە دەکەین، پێویستە دەستبەجێ بڕیاری گۆڕانکاری لە یاساکەدا هەڵبوەشێندرێتەوە پێش ئەوەی پەسەند بکرێت، داوا لە هەموو دامودەزگا و ڕێکخراوەکان دەکەین کە خەبات بۆ مافەکانی ژنان و منداڵان لە عێراق دەکەن، دەنگی خۆیان لە دژی ئەم بڕیارە بەرز بکەنەوە، شوێنی منداڵی کچی تەمەن ٩ ساڵ هاوسەرگیری و هێنانی منداڵ و ماڵەوە نییە، بەڵکو شوێنی ئەوان گۆڕەپانی یاری و پارک و کۆڵان و خوێندنگەیە.