پەیامنێرانی ژن هیچ سنوورێک ناناسن

سارا پیرمورادی وتی: لە ئێراندا ڕۆژنامەگەری پیشەیەکی زۆر سەخت و مەترسیدارە و تەنانەت لە یاساکانی ئێرانیشدا وەک کارێکی قورس ناسێندراوە، بۆیە ڕۆژنامەنووسان دەبێت لە کاتی کارکردندا زۆر وریا بن.

ئیسرا عەزیزی

 

بیجار- ڕۆژنامەگەری لە ئێراندا پیشەیەکی نەناسراوەو ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە ئاژانسە جۆراوجۆرەکانی هەواڵ لە ئێران کار دەکەن، دەبێ بە تەواوی ئەو هەواڵە بەڵگەدار بکەن، بەڵام هەرچەندە پیشەیەکی سەختە، زۆربەیان بێ بیمەن، ئاسایشی کار نییەو و شیاوی خۆیان وەک مووچە و یارمەتییەکان وەرناگرن.

 

زۆربەی خەڵکی ئارەزووی ڕۆژنامەوانی پێیان وایه بارودۆخی کارکەرانی ئه م بواره له ئێران هاوشێوه ی کۆچبەرانی بێ ماڵه ، هەروەها بەردەوام ڕووبەڕووی سەرزەنشتکردن تا زیندانیکردن و دەستدرێژی دیکە دەبنەوە، زۆرێکیان ناچارن کۆچ بکەن بۆ ئەوەی سوود لە شوێنی کار و ئاسایشی کەسی و دارایی وەربگرن.

 

سارا پیرمورادی کە ناوێکی خوازراوە، ڕۆژنامەنووسێکە کە لە بیجاڕ کاردەکات، وتی: هەموو کارێک مەترسی و کێشەی خۆی هەیە، ئەوەش بەندە بەوەوە کە ئەرکەکەی چی پێشکەش دەکات، دوای ئەوەی زۆر هەلی کارم تاقیکردەوە، بۆم دەرکەوت ببم بە پەیامنێر ، و دەزانم کە کاری قورس هەیە لە ڕێگادا، بەڵام هەمووان لەگەڵمدا خۆشحاڵ بوون هەمیشە هەوڵمدا هەواڵی ڕاستگۆیانە و بێلایەنانە بەرهەم بهێنم و تاکە گێڕەرەوە بم، دەبێت ویژدان لە هەموو کارێکدا ئامادە بێت، بەڵام لە کاری هەواڵدا، ڕاستگۆیی بنچینەی هەموو شتێکە، دەبێت ئەو ڕووداو و هەواڵانەی کە دەیبینیت و دەیبیستیت، هیچی زیاتر و هیچی کەمتر نەبێت  بۆ بڵاوکردنەوە.

 

"ڕاستگۆیی لە پێشینەی کارەکانی منە"

ئاماژەی بەوەدا کە ڕۆژنامەگەری لە ئێران کارێکی زۆر قورس و مەترسیدارە و تەنانەت لە یاساکانی ئێرانیشدا وەک ئەرکێکی قورس ناسێندراوە، بۆیە کارکەران لەم بوارەدا دەبێت وریا بن، وتی: زۆرجار ڕێگرییان لە کارەکانم کرد، هەڕەشەیان لێکردم، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کردم،بەڵام نەیانتوانی بموەستێنن، هەموو کەسێک ئەرکێکی هەیە، ئەرکی منیش بڵاوکردنەوەی هەواڵ و لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا بم بەردەوام دەبم لە کارەکەم چونکە ڕۆژنامەگەری سنوور نازانێت و ڕاستگۆیی لە پێشینەی کارەکانی منە.

 

"دەزگا هەواڵییە ناوخۆیی و بیانییەکان هەلی کارم پێشکەش دەکەن"

سارا پیرمورادی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هەندێک لە دەزگا هەواڵییە ناوخۆیی و بیانییەکان هەلی کارم پێشکەش دەکەن، دوای ماوەیەک گەیشتمە ئەو ئەنجامەی کە پێویستە سەربەخۆ کاربکەم چونکە هەندێک دەزگای هەواڵ بێلایەن نین و ئەمەش وا دەکات نەتوانیت بنەمای ڕاستگۆیی بەکاربهێنیت، و سەرەتا دەبێت ڕازییان بکەیت و ئەمەش وای لێکردم دوودڵ بم لە کارکردن بۆ زۆرێکیان.

 

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەکرد، کاری هەواڵ هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ تابلۆی نیگارکێش و وتی: من چێژ لە هەواڵەکانم وەردەگرم و هەموو هەوڵێک دەدەم تا سەرکەوتوو دەبم، وەک ئەوە وایە تابلۆکەم، وێنەکەم، هۆژنراوەکەم و چیرۆکەکەمیش دروست بووبێت ، من هەواڵ وەک کارێکی هونەری دەبینم کە پێویستی بە سەلیقەی هونەری هەیە، و وردەکارییەکانی تێدا گرنگە، وەک هونەرمەندێک دەبێت بەردەوام تەحەدای خۆت بکەیت بۆ ئەوەی لە هەموو شتێک کە دەیبینیت تەوەرێک دروست بکەیت و دواجار لە مێشکتدا شیکاری بکەیت و دواتر ژیانی پێ ببەخشەیت.