ئەو ئێزدییەکانەی لە کامپەکان هەڵهاتن گەیشتنە شەنگال

دوێنێ بە سەدان خێزانی ئێزدی بە هۆی هەراسانکردنی پەدەکەوە لە کامپی دهۆک و زاخۆ هەڵهاتن و گەڕانەوە بۆ شەنگال، ئاسایشی ئێزیدخانیش ڕایگەیاند، ئێزدییەکان لە کاتی گەیشتنیان بۆ شەنگال لەلایەن هێزەکانیانەوە پێشوازییان لێکراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاسایشی ئێزیدخان سەبارەت بە هەراسانکردنی دوێنێی پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە لە دژی ئەو ئێزدیانەی کە لە فەرمانەکە هەڵهاتن و لە کامپی دهۆک و زاخۆ مانەوە، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "پەدەکە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا پێکهاتەی ئێزدیی نەپاراست و لەناو داعشدا جێیانی هێشت، ئەمەش وایکرد هەزاران کەس لە شەنگالەوە کۆچ بکەن بۆ ناوچە جیاجیاکانی باشووری کوردستان و ساڵانێک لەو ناوچانە بمێننەوە، بەڵام لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەدەکە بە بیانووی "شەنگال سەلامەت نییە" ڕێگری لە گەڕانەوەی خەڵک دەکات.

 

 "شەنگال سەلامەتە و ئاسایشەکەی جێی متمانەیە"

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەهۆی هەراسانکردنی پەدەکەوە ژیانی هەزاران کۆچبەری ئێزدی لە کامپەکانی ژێر دەسەڵاتی پەدەکەدا لە مەترسیدا بووە، "ئێمە جارێکی تر بە گەلەکەمان دەڵێین شەنگال سەلامەتە و ئاسایشەکەی جێی متمانەیە، ئەمڕۆ بە هۆی هەراسانکردنی پەدەکەوە سەدان بنەماڵە کامپەکانی باشووریان بەجێهێشت و چوونەتەوە شەنگال، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە خەڵک کامپەکانی پەدەکە بە سەلامەت نابینن، شەنگال و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری شەنگال سەلامەتترین شوێنە و خەڵکیش وای دەبێنێت، گەڕانەوەی ئەمڕۆی خەڵک نیشانیدا کە پڕوپاگەندەکانی پەدەکە سەبارەت بە شەنگال ڕاست نییە و گەل ڕاستترین وەڵامی دانەوە".

 

"هەمیشە ئامادەین بۆ پاراستنی گەلەکەمان"

ئاسایشی ئێزیدخان ڕایدەگەیەنێت، ئامادەن بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی هەموو ئەو کۆچبەرانەی کە دەگەڕێنەوە شەنگال و دەشڵێن: ئێمە ئامادەین هەمیشە گەلەکەمان بپارێزین، پێویستە گەلەکەمان بزانێت کە شەنگال سەلامەتە و پارێزراوە، ئێمە هەمیشە گەل و کۆمەڵگەکەمان دەپارێزین، پێویستە گەنجەکانمان لە بەرامبەر هەموو هەڕەشە و مەترسییەکان بۆ سەر گەلەکەمان ئاسایشی خۆیان زیاد بکەن و خزمەت بە پاراستنی کۆمەڵگەکەیان بکەن.