"هەمووارەکە ژیانی ژنان دەخاتە مەترسییەوە"

کۆنگرەی ئازادی و گۆرانکاری، کە پێکدێن لە بەشێک لە لایەن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژنان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دژی هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی دەوەستنەوە و ڕایانگەیاند، کە هەمووارەکە ژیانی منداڵان و ژنان دەخاتە مەترسییەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆنگرەی ئازادی و گۆرانکاری بە ڕاگەیەندراوێک هەڵوێستی خۆیان لە بارەی هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێراق، ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ دەربڕی و ڕایدەگەیەنن، کە دژی ناوەڕۆکی ئەم هەمووارکردنەوەیە دەوەستنەوە و دەشڵێن: "ئەم گۆڕانکاریانە ڕێگە خۆشدەکات بۆ دەستدرێژی و بە کەم سەیرکردنی ژن و منداڵ، بە تایبەت ژنان و ژیانیان دەکەوێتە مەترسیەوە".

 

جێی ئاماژەیە کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری لە ماوەی ڕابردوودا لە بەغداوە دامەزراندنی خۆیان ڕاگەیاند و پێکدێن لە لایەن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژنان لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ئامانجیان دروستکردنی عێراقێکی سەقامگیرە کە مافەکانی ژنان و منداڵان و سەرجەم پێکهاتەکانی تیادا دەستبەر بێت.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە؛

دروستکردنی (دەسەڵاتی شیعی) لە عێراق لە رێگەی گۆڕینی یاساکانی باری کەسێتی

 

هێزە ئیسلامیەکان لە عێراق، لە سەرووی هەموویانەوە (چوارچێوەی هەماهەنگی) لە هەوڵی داسەپاندنی پایەکانی دەسەڵاتی شیعین لە عێراق، ئەوەش لە رێگەی داسەپاندنی نەریتە ئایینی و مەزهەبیەکانەوە، جارێک بە سەپاندنی یاسای شەریعە لە جیاتی یاسای باری کەسێتی و جارێکیش بە هەوڵی سەپاندنی یاسای جەعفەری.

 

لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە ئەم هەوڵانە بەردەوامن تاوەکو ئێستا، بۆ ئەوەی دەوڵەتی عێراق سیمای ئەو دەوڵەتە وەرگرێت کە لە هەوڵدان بۆ دروستکردنی لە عێراق، واتا دەوڵەتێکی شیعی، شەڕ لە نێوان پەرلەمانتاران توند بووەتەوە لەو کاتەوەی پێشنیاری هەمووارکردنەوە و گۆرینی ماددەی دووەم لە یاسای باری کەسێتی، کە پەیوەستە بە هاوسەرگیری و نەفەقە و بەخێوکردن و پەروەردەی منداڵ و میرات پێشکەشکرا و خوێندنەوەی یەکەمی لە٥ی ئابی ٢٠٢٤ بۆ کرا، شایانی باسە و بەشێوەیەکی فراوان لە ناوەندە کۆمەڵایەتیەکاندا ئەو گۆرانکاریانە رەتدەکرێنەوە، ئەم گۆڕانکاری و هەمووارکردنەوانە هەوڵێکن بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ شەریعەتی ئایینی و تایفی و مەزهەبی لە کاروبارەکانی باری کەسێتی، ئەوەش لە ژێر ناوی (ئازادی پەیڕەوکردنی مەزهەبەکان) لە کاروباری مافی ژنان و منداڵاندا، لە جیاتی جێبەجێکردنی یاساکانی دەوڵەت لەسەر هەموو هاوڵاتیان بە ژن و پیاوەوە.

 

ئێمە لە کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری بە تەواوەتی دژی ناوەرۆکی ئەم هەمووارکردنەوە و گۆرانکاریانە دەوەستینەوە، ئەم هەوڵەی دواییان بۆ هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لە هەنگاوەکانی پیشوو بە ترسناکتر دەبینین. بە جۆرێک ئەم گۆڕانکاریانە ڕێگە خۆشدەکات بۆ دەستدرێژی و بە کەم سەیرکردنی ژن و منداڵ، بە تایبەت ژنان و ژیانیان دەکەوێتە مەترسیەوە، کاتێک ئەوە قبووڵ بکرێت کە هاوسەرگیری لەگەڵ منداڵان بکرێت تەنانەت کاتێک لەناو زگی دایکیاندا بن، نەک لە تەمەنی ٩ ساڵی و پێشووتریش، هەروەها ڕێگە دەدات بە دەستلێدان لە کۆرپە بە هەستی جنسی، لاقەکردنی جنسی و ئەمەش تاوانە و دەبێت تاوانبار سزا بدرێت لە جیاتی تەشریعکردنی بە یاسا و دانی مافی برینی نەفەقە لەلایەن پیاوەوە، کاتێک ژنەکە لە پرس و رای پیاو دەچێتە دەر، یان ئارەزووەکانی تێر ناکات، بەمجۆرە ژن دەبێتە کۆیلەیەکی گوێڕایەڵ بۆ ئارەزووەکانی پیاو، بەبێ گوێدانە کەسایەتی و تەندروستی و دەروونیان، هەروەها بێبەشکردنی لە میراتی مێردەکەی بەپێی ئارەزووی پیاو،  سەبارەت بە پەروەردە و بەخێوکردن، دایک تەنیا وەک دووگیانێک و دایکی منداڵ حسابی بۆ دەکرێت، بەمجۆرە دەتواندرێت بەخێوکردنی منداڵەکەی دوای ٢ ساڵ لە لەدایکبوون لێی بسەندرێتەوە، نەک لەبەر بەرژەوەندی منداڵەکە، بەڵکو وەک سزایەک لە دوای وەرگرتنی تەڵاق لە مێردەکەی.

 

یاسایەکی توندە بۆ درێژەدان بە پیاوسالاری و هێشتنەوەی پیاوسالاری و پێشێلکردنی مافی ژنان و منداڵانە، ئەم ماددە یاساییانە نیشانەی پێشێلکردن سیمای مافی مرۆڤە بە تایبەت ژنان و منداڵان لە ژێر سایەی دەوڵەتێک کە تایفەی شیعی بەڕێوەی دەبات، هەرچەندە بڵێن ئەمە بە مانای فەراهەمکردنی مافی پیادەکردنی مەزهەبەکانە، بەڵام ئامانجی سەرەکی لێی بەهێزکردنی دەوڵەتی شیعیە لە عێراق، بەو پێیەی زۆرینەی کۆمەڵگەی عێراقی لەو تایفەیە پۆلێنکراون، هیچ یەکێک لە حزبەکانی ئیسلامی سیاسی سوننی ئەم جووڵەیە و داواکاریەی نەکردووە، بەڵکو ئەوە داواکاری حزبە شیعیەکانە لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە تاوەکو ئەمڕۆ.

 

بۆیە ئێمە داواکارین؛

یەکەم: بە وەستاندنی هەر هەمووارکردنەوەیەک و گۆڕانکاریەک لە یاساکانی باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی جێبەجێکراو.

دووەم: جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت و یاساکانی و پابەندبوون بە یاسا شارستانیەکان تا ئەوپەڕی مافەکان، کە ڕێکەوتنە نێودەوڵەتی و جیهانیەکان پێیگەیشتوون لە مافەکانی ژنان و منداڵان.

سێیەم: بانگەوازی هەمووان دەکەین بۆ دەنگهەڵبڕین، بۆ ڕاگرتنی یاریکردن بە هەر یاسایەک لەلایەن گروپێکەوە کە دەیانەوێت دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن بەسەر کۆمەڵگەدا، لە ڕێگەی گۆڕینی یاسایاکانی باری کەسێتی.