ژنان ڕۆڵی سەرەکی لە بنیادنانی کۆمەڵگە دەگێڕن

ئایدە کۆلان، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی شارۆچکەی حەجین ڕایگەیاند، لەبەر ئەوەی ژنان لە ئاستی بەڕێوەبردن لە هەموو بوارێکدا پۆستیان وەرگرتووە، ڕۆڵێکی زۆر گرنگ لە بنیادنانی کۆمەڵگەدا دەگێڕن.

دێرەزوور

 

دوای ڕزگارکردنی دێرەزوور لە چەتەکانی داعش، ژنان ڕۆڵی ئەرێنییان لە کۆمەڵگەدا بینی، ژنانی دێرەزوور کە لە تاریکی داعش ڕزگاریان بوو، لە دامودەزگا و ئەنجومەنە ناوخۆییەکان بەشداری دەکەن و گەیشتوونەتە ئاستی هاوسەرۆک و بڕیاردان، سەرەڕای هەموو ئەو سەختییانەی کە تا ئێستاش ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە، هەوڵ دەدەن ببنە بەشێکی گرنگ لە بنیادنانی کۆمەڵگە.

 

"ڕۆڵی ژنان گۆڕانکاری گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا''

ئایدە کۆلان، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی شاری حەجین، باسی لە ڕۆڵ و ئەرکی ژنان لە دامەزراوە و ئەنجومەنەکاندا کرد و وتی: ڕۆڵی ژنان گۆڕانکاری گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە، ژنان پێشوازییان لە بیرۆکەی هاوسەرۆکایەتی بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە کردووە چونکە خاڵی وەرچەرخان بوو لە بواری سیاسی و کارگێڕیدا لەگەڵ دامەزراندنی و بوونی ئیدارەی خۆسەریشدا متمانەی ژنان بەوان زیاتر بوو و ئەوەش هۆکارێک بوو کە ڕۆڵی ژنان لە دامەزراوەکان بەهێزتربێت.

 

"ژن لە هەموو بوارەکاندا خۆی سەلماندووە"

ئایدە کۆلان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: کاری ژنان تەنها لە چوارچێوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدا نییە، بەڵکو ژنان لە زۆر بواردا وەک پەروەردە و تەندروستی و ئەندازیاری خۆیان سەلماندووە، زۆرێک لە ژنان بڕوانامەی دکتۆرا و دەرمانسازییان وەرگرتووە، ئەو پشتگیرییەی کە ژنان لە زۆر لایەنی بەڕێوەبردنەوە وەریانگرت، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر گەشەسەندنی لە شوێنی کارەکەیدا هەبوو، ئەمڕۆ مرۆڤ دەتوانێ بڵێت ژن بوونی خۆی سەلماندووە، ژنان نەک تەنها بۆ خۆیان بەڵکو بۆ نەوەکانی پێش ئێمەش دەتوانن سەرکەوتوو بن و بە ئامانجەکانیان بگەن، ئەوەی ئێستا بەدەست هاتووە سەرەتایەکی بەهێزە بۆ ژنان بە تێپەڕبوونی کات پێشبینی دەکرێت پێشکەوتنی گەورەتر ببینین کە ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا بەهێزتر دەکات.

 

"ژن بنەمای سەرکەوتنی دامودەزگا و ئەنجومەنەکانن"

ئایدە کۆلان ئاماژەی بەوەدا کە ژنان هەوێنی کۆمەڵگە و سەرکەوتنی دامودەزگا و ئەنجومەنەکانن و ئەو دامەزراوانە بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە ڕۆڵی ژنان دەبەستن، هەروەها وتی: پێویستە بڕوانامەی زانستی بەدەست بهێنین و پشتگیری لە ژنانی بێکار بکەین، چونکە بیرۆکەی خۆبەڕێوەبەری بۆ بەهێزکردنی ژنان ڕێگەی بە ژنان دا بەشداری کۆمەڵگە بکەن، داهاتوو لەناو خۆیدا دەستکەوتی گەورەتری هەیە، پێویستە هەموو لایەک پاڵپشتی ژنانی بێکار بکەن، هیوادارم هەموو ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕێبازەکەیاندا سەرکەوتوو بن و زیاتر خۆیان بەرەوپێش ببەن.